رووداو دیجیتاڵ
"ماڵی بێ ئاوێنە" بەڵگەفیلمێکی رووداوە و باس لە 10 منداڵی کورد دەکات کە لە سەردەمی بەعسدا لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا دەسووتێندرێن، تەنیا یەکێکیان دوای رووداوەکە رزگاری دەبێت و لە فیلمەکەدا چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.
عەبدولواحید سیاری، تاکە رزگاربووی رووداوەکە، لەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند: "هەستێکی خۆشە یادی هاوڕێ شەهیدەکانم دەکرێتەوە و زۆر دڵخۆشم". روونیشیکردەوە، کاتێک بیری هاوڕێکان دەکات، زۆر خەمگین دەبێت.
رزگاربووی رووداوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025 میوانی بەرنامەی "نووڕۆژ"ـی رووداو بوو کە لەلایەن پێشکێشکار نالین حەسەن پێشکێش دەکرێت.
گوتیشی، دەمێکە بەهیوای بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە بوون، بەڵام کاتی زۆری پێویست بوو و بەرهەمهێنانی سێ ساڵی خایاند.
کارەکتەری سەرەکیی بەڵگەفیلمەکە، بەم شێوەیە چیرۆکی فیلمەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە: لە 10ـی حوزەیرانی 1980 لەگەڵ هاوڕێکانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکران و زۆر ئەشکەنجەدران، دوای 20 رۆژ بۆ "هەیئە"ـی کەرکووک گواسترانەوە، لەویش دووبارە ئەشکەنجەدران و هەر دەیان بڕیاری لەسێدرەدانیان بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بوو، بڕیاری 15 ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو.
گوتیشی: داوتر پیلانێکیان بۆ دانرا و لە کاتی گواستنەوەیان بە ئۆتۆمبێل بۆ بەغدا، بەیانییەکەی شۆربایان پێدرا، ئەو دڵنیایە لەوەی بەهۆی خواردنەکە بێهۆشکراون، چونکە ئەو سووتاوە و هەستی پێنەکردووە، دوای شەش رۆژ لە نەخۆشخانە بە ئاگا هاتووەتەوە. هەروەها گوتی، هاوڕێکانی بەهۆی ئەو رووداو هەموویان شەهید بوون، حەوتیان خەڵکی سلێمانی بوون و دووەکەی دیکە و ئەو خەڵکی دهۆک بوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی سووتانەکە نابینا بووە، دواتر دووبارە قۆڵبەستکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی لێبوردنی گشتی ئازادکراوە، دواتر چووەتە هۆڵەندا و تاوەکو ئێستا 23 نەشتەرگەری بۆ کراوە.
بڕیارە یەکەم پێشاندانی فیلمەکە کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025 لە سینەما ماکس لە دهۆک مۆڵ بەڕێوەبچێت. کارەکتەری سەرەکی، دەرهێنەر و پرۆدیوسەری فیلمەکە ئامادەبن و هاتن بۆ هەمووانە.
عەبدولواحید سیاری، گوتی، دڵخۆش دەبێت بە ئامادەبوونی بینەران بۆ پێشاندانی فیلمەکە، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ ببینێت، رژێمی بەعس پێشتر چی بەسەر خەڵکدا هێناوە.
نەبەز ئەحمەد، دەرهێنەر بەڵگەفیلمەکە، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، "ماڵی بێ ئاوێنە"، بەسەرهاتی 10 منداڵی کوردە، حەوتیان خەڵکی سلێمانین و سێیان خەڵکی دهۆکن، ساڵی 1980 لەسەر کاری رێکخستنی ناوشار لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە دەستبەسەر دەکرێن و لە زیندانی "هەیئە"ـی شاری کەرکووک زیندانی دەکرێن.
نەبەز ئەحمەد کە کاری مۆنتاژیشی بۆ فیلمەکە کردووە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردبو: "رووداوەکە لە 1980 روویداوە و دوای چەند رۆژێک لە ئەشکەنجەدانیان، دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلێک بیانگوێزنەوە بۆ زیندانی ئەبوغرێب لە بەغدا، بە پیلانێک لە رێگە ئۆتۆبێلەکە دەسووتێنن و هەموو منداڵەکان گیان لە دەستدەدەن، تەنیا یەکێکیان کە خەڵکی دهۆکە، بە ناوی عەبدولواحید سیاری بە سووتاوی رزگاری دەبێت و تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماوە و لە زاری خۆیەوە تەواوی چیرۆکەکە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە".
هۆرێن غەریب، پرۆدیوسەری بەرهەمەکەیە و بڕیارە لە کاژێر 17:00ـی رۆژی شەممە 22ـی شوباتی 2025 لە سینەما سالم لە سلێمانی پێشانبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ