رووداو دیجیتاڵ
"ماڵی بێ ئاوێنە" بەڵگەفیلمێکی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداو و بڕیارە دوو پێشاندانی لە دهۆک و سلێمانی بۆ بکرێت.
نەبەز ئەحمەد، دەرهێنەر بەڵگەفیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند، "ماڵی بێ ئاوێنە"، بەسەرهاتی 10 منداڵی کوردە، حەوتیان خەڵکی سلێمانین و سێیان خەڵکی دهۆکن، ساڵی 1980 لەسەر کاری رێکخستنی ناوشار لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە دەستبەسەر دەکرێن و لە زیندانی "هەیئە" لە شاری کەرکووک زیندانی دەکرێن.
نەبەز ئەحمەد کە کاری مۆنتاژیشی بۆ فیلمەکە کردووە، گوتیشی: "رووداوەکە لە 1980 روویداوە و دوای چەند رۆژێک لە ئەشکەنجەدانیان، دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلێک بیانگوێزنەوە بۆ زیندانی ئەبوغرێب لە بەغدا، بە پیلانێک لە رێگە ئۆتۆبێلەکە دەسووتێنن و هەموو منداڵەکان گیان لە دەستدەدەن، تەنیا یەکێک لەو 10 منداڵە کە خەڵکی دهۆکە، بە ناوی عەبدولواحید سیاری بە سووتاوی رزگاری دەبێت و تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماوە و لە زاری خۆیەوە تەواوی چیرۆکەکە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هۆرێن غەریب، پرۆدیوسەری بەرهەمەکەیە و بڕیارە دوو پێشاندانی تایبەتی بۆ بکرێت، پێشاندانی یەکەمی کاژێر 16:00ـی سبەی یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025 لە سینەما ماکس لە دهۆک مۆڵ دەبێت، پێشاندانی دووەم کاژێر 17:00ـی رۆژی شەممە 22ـی شوباتی 2025 لە سینەما سالم لە سلێمانی دەبێت.
دوای پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە، بە ئامادەبوونی دەرهێنەر و پرۆدیوسەری بەرهەمەکە، گفتوگۆ لەبارەیەوە دەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ