سوێد نازناوی یۆرۆڤیژن 2023ـی بەدەستهێنا

14-05-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن یۆرۆڤیژن یۆرۆڤیژن 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو، سوێد، نازناوی یۆرۆڤیژنی لە رێگەی گۆرانی 'Tattoo'ـی لۆرین بەدەستهێنا، ئەو وڵاتە جارێکی دیکە لە 2012 ئەو نازناوەی بەدەستهێناوە.
 
بە گۆرانی لەبارەی خۆشەویستی، ئازار و ئاشتی، نوێنەری 37 وڵاتی ئەوروپا، کێبڕکێ بۆ بردنەوەی پێشبڕکێ گۆرانی ئەوروپا 'یۆرۆڤیژن' بۆ 2023 کرد کە رێوڕەسمەکەی شەوی شەممەی 13ـی ئایاری 2023 لە لیڤەرپوولی بەریتانیا بەڕێوەچوو.
 
ئۆکراینا براوەی خولی رابردووی یۆرۆڤیژن بوو و دەبوو خولی ئەمساڵ لەو وڵاتە سازبکرێت، بەڵام بەهۆی جەنگ و دۆخی نا هەمواری، بڕیاردرا چالاکییەکە بۆ لێڤەرپول بگوازرێتەوە، ئەو شارەی خاوەنی بەناوبانگترین گرووپی میوزیکییە، ئەویش گرووپی بیتڵزە.
 
لە 2022 گرووپی 'کالۆش ئۆرکێسترا'ـی ئۆکراینا، لە رێگەی گۆرانی 'Stefania' کە ئاوێتەکردنێکە لە نێوان میوزیکی هیپ هۆپ و میوزیکی کلاسیکی بەشداربوو و ئەمساڵ بە گرووپێکی دووانەی 'Tvorchi' چووە پێشبڕکێیەوە و گۆرانی 'Heart of Steel' پێشکێشکرد و باس لە بەرگری وڵاتەکەیان لە دژی هێرشی رووسیا دەکات.
 
هەرچەند ئەوروپا هاوسۆزی بۆ دۆخی ئۆکراینا هەیە، بەڵام شارەزایانی بواری میوزیک، پێشبینی بردنەوەی ئۆکراینایان بۆ جاری دووەم لە 67مین خولی یۆرۆڤیژن نەکرد.
 

 
ئەمساڵ رکابەرییەکی بەهێزی لە پێشبڕکێیەکەدا هەبوو، لۆرین، گۆرانیبێژی سوێدی کە بە گۆرانی 'Tattoo'  بەشداربوو، لە رکابەرە هەر بەهێزەکان بوو و توانی نازناوەکە بباتەوە.
 
فینلەند بە گۆرانی 'Cha Cha Cha'ـی کاریجا بەشداربوو و ئەم بەرهەمە بەر لە سێ مانگ بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەیەوە و زیاتر لە شەش ملیۆن و 600 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 

ئەمساڵ فاتیمە زەهرا، گۆرانیبێژی کەنەدی بە رەچەڵەک مەغریبی، نوێنەرایەتی فەرەنسای لە یۆرۆڤیژن کرد، ئەو وڵاتەی لە 1977ـەوە نەبووەتە براوەی پێشبڕکێیەکە.
 
رێوڕەسمی پێشبڕکێیەکە لە هۆڵێک بەڕێوەچوو کە جێگەی شەش هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە.
 

پێشبڕکێی گۆرانی یۆرۆڤیژن، ساڵانە لەلایەن یەکێتی پەخشی ئەوروپا سازدەکرێت و یەکەم خولی لە 24ـی ئایاری 1956 بەڕێوەچوو، وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی دیکە، وەک ئوسترالیا و ئیسرائیل بە گۆرانیبێژێک یاخود کرووپێکی میوزیکی بەشدار دەبن.
 
لە 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک زۆربەی چالاکییە هونەرییەکانی دیکە ئەو چالاکییە بەڕێوە نەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشانگەی یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی لە هەولێر

خۆشنووسێکی کورد تابلۆکانی بە ئەڵماس و زێڕ دەنەخشێنێت

خۆشنووس یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی، لە پێشانگەیەکی خۆشنووسیدا، تابلۆکانی بە ئەڵماس، زێڕ و زیو دەنەخشێنێت و دەیەوێت پێشانگەکە بباتە وڵاتانی کەنداو.