رووداو دیجیتاڵ
جوان حاجۆ، هونەرمەندی کورد، ئەلبوومێکی گۆرانی بەناوی 'لێڤ' بڵاوکردووەتەوە کە چەند گۆرانییەکی کۆنی ئەو هونەرمەندە لەخۆدەگرێت و هەوادارانی بیرەوەریان لەگەڵیدا هەیە.
ئەم بەرهەمە لە یوتیوب لە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بڵاوکراوەتەوە و لە 11 تراکی گۆرانی پێکدێت.
ئەلبوومەکە لەم گۆرانیانە پێکدێت: 'تو جوانی'، 'چافڕەش'، 'سەیرۆ'، 'مەکتووب'، 'گولەک'، 'یارا دەرەو'، 'لێڤ'، 'میراگێ' (میوزیکە)، 'های لێ'، 'حەز دکم' و 'گولەک' (ریمیکس).
جوان حاجۆ لە 17ـی ئابی 1957 لە تربەسپیێ لە رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، ھەر لە منداڵییەوە شەیدای میوزیک بووە و لە 17 ساڵیدا بۆ یەکەمجاری لە شوێنێکی گشتیدا گۆرانیی گوتووە، لە 1979 کوردستان جێهێشتووە و لە زانکۆی 'Ruhr University Bochum' لە ئەڵمانی میوزیکی خوێندووە.
جوان حاجۆ، خاوەنی 14 ئەلبوومی گۆرانییە، هەواداری لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان هەیە و جگە لە ئەزموونی لە بواری میوزیک و گۆرانیدا، وەک ئەکتەریش لە فیلمی سینەمایی 'دۆڵ' لە دەرهێنانی هونەر سەلیم بەشداربووە.
ئەو هونەرمەندە یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بەناوی 'ئەمینا ئەمینا' لە 1970 بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵانی 1979 تاوەکو 2018 ئەم ئەلبوومانەی بڵاوکردووەتەوە: 'پێشمەرگە'، 'دیاربەکر'، 'وەڵاتپەرستی'، 'گولا سووڕ'، 'لەیلا'، 'گرتیێن ئازادیێ'، 'چاو بێللا'، 'سی و سێ گوللـە'، 'دووری'، 'بلوورا من'، 'داستانا عەگیدەکەی'، 'دەریا'، 'نا نا'، 'Off'، 'ڤەگەڕ' و 'فەلەک'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ