رەنج سەنگاوی: هونەری عەدنان کەریم بەرزە و لە بەرزاییەوە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەم

13-03-2024
پەسار فایەق
عەدنان کەریم و رەنج سەنگاوی لە بەرنامەی "گفتوگۆی باڵۆن"
عەدنان کەریم و رەنج سەنگاوی لە بەرنامەی "گفتوگۆی باڵۆن"
نیشانەکردن عەدنان کەریم رەنج سەنگاوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میوانی ئەمجارەی "گفتوگۆی باڵۆن"ـی رووداو، عەدنان کەریم، هونەرمەندی ناسراوی کورد بوو، لە دەستپێکی بەرنامەکەدا کاتێک رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری دیاری رووداو لەگەڵ ئەو هونەرمەندە لە ئۆتۆمبێل دێنە خوارەوە، روو لە بینەران دەکات و دەڵێت، تەنیا داخێک کە هەیەتی، دەترسێت ئەو گفتوگۆ خۆشەی لە ناو ئۆتۆمبێل کردوویانە، نەتوانێت وەک خۆی جارێکی دیکە بۆ بینەرانی بگوازێتەوە.
 
سەنگاوی، لە وەسفی عەدنان کەریم، دەڵێت، ئەو تەنیا گۆرانیبێژ نییە، بەڵکو شێوەکارە، یەکێکە لە رووناکبیرەکان و خوێنەرێکی باشە و بینەرێکی باشی فیلم و سینەمایە. هەر لەبارەی ئەو هونەرمەندە گوتیشی: "تا ئەوپەڕی دنیا کوردە، کوردبوونەکەیم لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر خۆشدەوێت".
 
کاتێک لە باڵۆنەکە نزیکدەبنەوە، سەنگاوی دەپرسێت، یەکەمجارە بە باڵۆن دەفڕیت، ئەویش وەڵامەکەی بەڵێیە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یەکەمجارە لە نزیکیشەوە بیبینێت.
 
سەنگاوی لە هەنگاونان بەرەو باڵۆنەکە، بە عەدنان کەریم دەڵێت: دەزانیت هەستێکی خۆشم هەیە لەگەڵ تۆدا پیاسە دەکەم و گفتوگۆ دەکەم. هەروەها خۆی پێش ئەوەی پێشکێشکار بێت و گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، خۆی بە یەکێک لە ملیۆنان هەوادارای ئەو دەزانێت. سەنگاوی، روونیشیکردەوە: حەزی کرد لە بەرزییەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، چونکە هونەرەکەی بەرزە.
 
لە کاتی بەرزبوونەوەی باڵۆنەکە، هونەرمەند عەدنان کەریم کەمێک ترسی پێوە دیار بوو، بە پێکەنینەوە گوتی: هیوادارم بە سەلامەتی بگەین.
 
لەو بەرزییەوە، هونەرمەند باس لە هونەرە بەرزەکەی دەکات و دەڵێت، هونەرمەند پێویستە بەردەوام گوێ بگرێت و گوێ لە گۆرانی بگرێت، بەتایبەت ئەو گۆرانیبێژانەی پێش ئەوان کاریان کردووە.
 
بە پرسیارێکی سەنگاوی، لەبارەی سەرسامبوونی بە هونەرمەندانی پێش خۆی، بەر لەوەی وەک هونەرمەندێک بناسرێت، عەدنان کەریم دەگەڕێتەوە رابردوو و ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات، لە سەردەمی گەنجیدا ئەو عاشقی دەنگی هونەرمەند حەسەن زیرەک بووە و بەرهەمی ئەو هونەرمەندەی بە دوو تۆنی جیاواز لە بەرنامەکەدا پێشکێشکرد، "تۆنی عەدنان کەریم و تۆنی حەسەن زیرەک" وەک ئەوەی پێشکێشکاری بەرنامە ناوی دەنێت.
 
رەنج سەنگاوی، پرسیار دەکات ئەگەر بێت و با باڵۆنەکە ببات، عەدنان کەریم حەز دەکات باڵۆنەکە بەرو کوێ بڕوات، پێشکێشکار بەم پرسیارە مەبەستی دروستکردنی دڵەڕواکێ نەبوو بۆ میوانی بەرنامە و بینەران، بەڵکو ئامانجی بوو، خۆشەویستی هونەرمەند بۆ ئەو شوێنە ئاشکرا بکات کە عاشقیەتی، وەڵامەکەش؛ مهابای رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
 
عەدنان کەریم، دەڵێت ماوەیەکی زۆر لە مهاباد ژیاوە و میوزیکی بۆ هونەرمەند محەممەد ماملی ژەنیوە و لە دوو کاسێتیدا وەک ژەنیار کاری بۆ کردووە. لە وەسفی خەڵکی مهابادیش، دەڵێت، خەڵکێکی دڵپاک و میواندۆستن.
 
عەدنان کەریم، دەڵێت کاتێک گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک و محەممەد ماملێی دەگوتەوە، بیری لەخۆی کردووەتەوە، ئەو لە کوێیە؟ رەنج سەنگاوی، وەڵامێکی خێرای دەداتەوە دەڵێت: خۆت ئێستا لە شوێنکدای، خەڵک لاساییت دەکەنەوە، کۆتایی وەڵامەکیشی دەکاتە پرسیار، لەمبارەیەوە چ هەستێکت هەیە؟ هونەرمەند دەڵێت: "دڵم خۆشە"، بەڵام ئەو بەردەوام بەو کەسانە دەڵێت ئەوانەی لاسایی دەکەنەوە، هەڵبدەن بە دوای خۆیداندا بەگەڕێن.
 
لە پاڵ دیمەنی جوانی سرووشتی کوردستان، لە بەرزاییەوە، هونەرمەند لەگەڵ بەسەرهات و ئەزموونی رابردووی، گۆرانییەکی بە نموونە دەچڕی و دەنگی بە ئاسماندا بڵاودەبووەوە.
 
کاتێک پرسیاری ئەوەی ئاڕاستە دەکرێت کە هەرچەند لە دەرەوەی وڵات ژیاوە و ئاگاداری میوزیکی گەلانی دیکەی جیهانە، بەڵام ئەوە بەلای میوزیکی هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا نەبردووە و دەپرسێت: ئەم کوردبوونە ریشەکەی چییە لە رۆحی گۆرانییەکانی تۆدا؟ وەڵامی هونەرمەند کورت و مانادار بوو "ریشەکەی دانەبڕانە لە میللەتی کورد". 
 
هەر لەمبارەیەوە گوتی، کاتێک لە ئەوروپا ژیاوە، بەردەوام بەدوای کاسێتەکانی هونەرمەند تاهیر تۆفیق دا گەڕاوە، ئەوەی خەڵکی کۆیە بووە، داوای کاسێتی ئەو هونەرمەندەی لێ کردووە.
 
سەنگاوی داوای وەڵامێکی زانستیانە لە هونەرمەند دەکات، لەبارەی بۆچوونی ئەوانەی دەڵێن، میوزیکی کوردی بە میوزیکی گەلانی دراوسێ کاریگەرە، ئەو بە دەنگێکی نەرمونیانەوە دەڵێت: بڵێم چی، دان بەخۆمدا دەنێم توڕە نەبم، بەڵام ئەمە ئازارت دەدات.
 
لە کۆتاییدا گفتوگۆ لەبارەی زمانی دایک کرا و گرنگیدان بە زمانی کوردی، گفتوگۆیەکە بەردەوام بوو، بەڵام بۆ بەشی دووەمی ئەو ئەڵقەیە کە بڕیارە کاژێر 21:00 ئەمشەو چوارشەممە 13ـی ئازاری 2024 لە رووداو پەخشبکرێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە