رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکەشەممە 13-3-2022، خەڵاتەکانی ئەکادیمیای بەریتانی بۆ فیلم لە لەندەن دابەشبکرێن کە بە 'بافتا' دەناسرێت و هاوتای خەڵاتی ئۆسکارە لە سینەمای بەریتانیا.
تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی 75مین خولی رێوڕەسمەکە لە هۆڵی رۆیال ئەلبێرت کراون و فەرشی سوور بۆ میوان و بەربژێرەکان بۆ خەڵاتەکانی 2022 راخراوە، کاژێر یەکی نیوەڕۆی بە کاتی کوردستان، ئەستێرەکان بەسەر فەرشی سووردا تێدەپەڕن.
خەڵاتەکان لە رێوڕەسمێکی ئاساییدا دابەشدەکرێن و بەربژێر و میوانە بانگهێشتکراوەکان ئامادە دەبن، بە پێچەوانەی ساڵی رابردوو کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
ئەمساڵ رۆبێل وێڵسن، ئەکتەری کۆمێدی ئۆسترالی پێشکێشکاری رێوڕەسمەکەیە و هەردوو فیلمی سینەمایی 'The Power of the Dog'و 'Dune' بەربژێری زۆرترین خەڵاتن.
خەڵاتەکان لە 21 بەشدا دابەشدەکرێن، لەوانە باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری ژن و پیاو لە رۆڵی سەرەکیدا، باشترین ئەکتەری ژن و پیاو لە رۆڵی لاوەکیدا، باشترین سیناریۆ، باشترین وێنەگرتن و باشترین مۆنتاژ، باشترین بەڵگەفیلم و باشترین فیلمی بەریتانی.
خەڵاتەکانی ئەکادیمیای بەریتانی بۆ فیلم کە بە بافتا دەناسرێت، بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لە بەریتانیا دەناسرێت، یەکەم خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لە 29 ئایاری 1949 بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە سەرەتا لە سینەمای ئۆدیۆن بەڕێوە دەچوو، لە 2008 بۆ ماڵی ئۆپێرای شاهانە گوازرایەوە، لە 2017 بۆ رۆیال ئەلبێرت و تاوەکو ئێستا لەو هۆڵە بەڕێوەدەچێت.
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە سەرەتا لە مانگی نیسان و ئایار بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە 2001ـەوە لە مانگی شوبات بەڕێوە دچێت، ئەمساڵیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەوتە ناوەڕاستی مانگی ئازار.
رێکخەرانی خەڵاتەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجیان لە بەخشینی خەڵاتەکە، بۆ پاڵپشتی و گەشەپێدانی شێوەکانی هونەریی وێنەی جوڵاوە.
خەڵاتی بافتا لە شێوەی دەمامکی شانۆییە و لەلایەن میتزی کۆنلف، پەیکەرسازی ئەمریکی دیزاینکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ