یونسکۆ بەربانگی رەمەزان دەخاتە نێو لیستی میراتی کولتوورییەوە

10-12-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان بەربانگکردنەوەی مانگی رەمەزان دەخاتە نێو لیستی میراتی کولتووریی مرۆڤایەتییەوە. ئاژانسەکە باس لەوە دەکات، بەربانگ پەیوەندیی نێوان خێزانەکان بەهێز دەکات و یارمەتیی گواستنەوەی توانا و دانایی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەدات. 
 
بەربانگ، یاخود 'ئیفتار'ی مانگی رەمەزان بریتییە لە رۆژووشکاندنی موسڵمانان دوای چەندین کاژێر خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە لەگەڵ بانگی ئێوارەدا. 
 
موسڵمانان (ئەوانەی تەمەنی باڵخبوونیان تەواو کردووە) لە سەرتاسەری جیهان لە مانگی رەمەزاندا کە نۆیەم مانگی کۆچییە، لە بانگی بەیانییەوە تاوەکو بانگی ئێوارە بەڕۆژوو دەبن؛ لەو ماوەیەدا هیچ خواردنێک ناخۆن و هیچ خواردنەوەیەکیش ناخۆنەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک پابەندیی دیکە کە بۆ پاراستنی رۆژووەکەیان جێبەجێیان دەکەن. کاژێرەکانی بەڕۆژووبوون لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بەگوێرەی کورتی و درێژیی رۆژەکان دەگۆڕێت.  
 
ئاژانسی پەروەردەیی، زانستی و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە یونسکۆ ناسراوە، ئەو کولتوورە ئیسلامییە وەکو میراتێکی کولتووریی نامادیی مرۆڤایەتی هەژمار دەکات. بۆ ئەوەش چەند هۆکارێک دەخاتەڕوو کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو ئەرکە ئایینییەی موسڵمانان وەکو میراتێکی کولتووری بناسێنێت. 
 
کۆمەڵگە موسڵماننشینەکان وەکو کولتوورێکی ئایینی، لەکاتی بەربانگ لەگەڵ خێزانەکانیان کۆدەبنەوە و بەیەکەوە بەربانگ دەکەنەوە. یونسکۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەدوای بانگی ئێوارە کۆمەڵێک کار و چالاکیی وەکو نوێژ، [تەراویح]، میوزیک، چیرۆکگێڕانەوە، یاری، ئامادەکردنی خوانێکی نەریتی و نێوخۆیی بەڕێوەدەچن." ئەوەشی وەکو هۆکارێک بۆ هەژمارکردنی بەربانگ لە میراتی کولتووریدا باسکردووە. 
 
یونسکۆ باس لەوەش دەکات کە بەربانگ بۆ موسڵمانان، جگە لەوەی نەریت و پەرستشێکی ئایینییە، خێزانەکان کۆدەکاتەوە و پەیوەندیی خێزانی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دەکات و هانی خەڵکی دەدات بۆ ئەوەی لەو کاتەدا خواردن و سۆز و بەزەیی ببەخشنەوە. 
 
یەکێک لەو خاڵە دیارانەی کاتی بەربانگ ئەوەیە کە نەک هەر ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، بەشداری لە کار و چالاکییەکاندا دەکەن، بەڵكو وەک ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەوانەشی کە بە رۆژووش نابن، لە بەربانگدا بەشدار دەبن." 
 
یونسیکۆ ئەو گفتوگۆیە خێزانییەی لەکاتی بەربانگدا لەنێوان ئەندامانی خێزانێکدا دەکرێت، بە هۆکارێکی گرنگ دەزانێت بۆ گواستنەوەی زانیاری و بەهرە خێزانییەکان، دەشڵێت، "ئەندامانی خێزان بە منداڵ و گەنجەوە بەشداریی لە ئامادەکردنی بەربانگدا دەکەن" بەوەش یەکێک لە بەهرەکان کە دروستکردن و ئامادەکردنی خواردنی کولتوورییە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە. 
 
جگە لەوەش، یونسکۆ دەڵێت، دایک و باوکان منداڵانیان فێری سوودەکانی رۆژووگرتن، بەها کۆمەڵایەتییەکان و گرنگیی بەربانگ دەکەن. 
 
لە هەرێمی کوردستانیش، وەکو کۆمەڵگەیەکی زۆرینە موسڵمان، ئەو کولتوورەی یونسکۆ باسی دەکات بەشێوەیەکی بەرچاو نەوە بۆ نەوە پارێزراوە و موسڵمانان لەگەڵ بەربانگکردنەوەدا، لە دەوری سفرەیەک کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بەیەکەوە رۆژووەکەیان بشکێنن. لەدوای بەربانگیش، چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، وەکو یاریکردن، نوێژی تەراویح لە مزگەوتەکان بە کۆمەڵ و چەندین چالاکیی دیکە.
 
رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان یەکێکە لە پێنج پایەی ئایینی ئیسلام؛ پایەکان بە ریزبەندی بریتین لە: شایەتوومان، نوێژ، زەکات، رۆژووی مانگی رەمەزان، و حەجکردن بۆ کەسێک لە توانایدا بێت.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەبهیشێک باچان و ئایشواریا رای

ئایشواریا رای و ئەبهیشێک باچان جیابوونەتەوە؟

بەم دواییە چەند جارێک لە بەشێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، باس لە جیابوونەوەی هەردوو ئەستێرەی سینەمای بۆلیوود، ئایشواریا رای و ئەبهیشێک باچان دەکرێت، ئەوان بە فەرمی باسی جیابوونەوەی خۆیان نەکردووە، ئەی چی وایکردووە باس لە جیابوونەوەیان بکرێت؟