رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکار شەماڵ سەعدوڵڵا بەناونیشانی 'چیرۆک' کرایەوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.
پێشانگەکە ئێوارەی دوێنی شەممە 4ـی شوباتی 2023 لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆژەی هێلان لە فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی کرایەوە و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و هۆگرانی هونەری شێوەکاری تێیدا ئامادەبوون.
پێشانگەکە لەلایەن پەیمانگەی گۆتە ئەڵمانی لە عێراق، بە هاوئاهەنگی فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و سێڤ گەلەری کراوەتەوە.
چیرۆکی سەرەکی نێو تابلۆکاندا بەرد بوو، لە پاڵیدا ژمارەیەک چیرۆکی جیاواز خرابوونەڕوو.
هەر لە پێشانگەکەدا چەند وێنەیەکی شێوەکار بە رەنگی رەش و سپی خرابوونەڕوو کاتێک سەرقاڵی کێشانی تابلۆکان بووە.
شەماڵ سەعدوڵڵا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو تابلۆیانەی لە پێشانگەکەدا خراونەتەڕوو، بەشێکی کۆمەڵە تابلۆکانیەتی لەبارەی بەرد.
'هێلان' پڕۆژەیەکی هونەرییە و ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و گرنگی بە چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان لە کوردستان دەدات، بە تایبەت کە لەلایەن هونەرمەندان و بەهرەمەندانی گەنج پێشکێش دەکرێن.
هەفتانە لە پڕۆژەکەدا چالاکی وەک پێشانگەی شێوکاری و کۆنسێرت پێشکێش دەکرێن و چالاکییەکان لە نێو فێرگەی فرێمینگ بەڕێوەدەچن.
فێرگەی فرێمینگ ساڵی 2016 لەلایەن سەفین حەمید، فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی ئاژانسی فرانس پرێس دامەزراوە و گرنگی بە بواری هونەری فۆتۆگرافەری بە گشتی و وێنەی رۆژنامەوانی بەشێوەیەکی تایبەتی دەدات، هەروەها چالاکی لە بواری دیکەی رۆشنبیری و هونەریدا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ