جۆرج وەسوف بۆ رووداو: هیوادارم بەرهەمە نوێیەکەم بە دڵی هۆگرانم لە هەرێمی کوردستان بێت

03-06-2021
دڵخواز بەهلەوی
دیمەنێک لە کلیپەکەی جۆرج وەسوف
دیمەنێک لە کلیپەکەی جۆرج وەسوف
نیشانەکردن جۆرج وەسوف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جۆرج وەسوف هونەرمەندی ناسراوی سووری، نوێترین ڤیدیۆکلیپی بەناوی "ياه عالزمن" بۆ هۆگرانی بڵاوکردەوە و لەرێگەی رووداوەوە ئەو بەرهەمە پێشکەش بە هەوادارانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
جۆرج وەسوف لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە کار بۆ ئەو بەرهەمە دەکەن و ئەو حەز دەکات بەردەوام کاری نوێ پێشکەش بە هەوادارانی بکات.
 
ئەو هونەرمەندە ناسراوە سوورییە ئاماژەی بەوەکردووە، لە رێگەی رووداوەوە سڵاو بۆ هەوادارانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەنێرێت و هیواخوازیشە بەردەوام لە ئارامی و باشیدا بن و ئەو بەرهەمە نوێیەیان بە دڵ بێت.
 
گۆرانییەکەی وەسوف لە تێکستی ئەحمەد ئەلمالکییە، ئاوازەکەی مستەفا شوکری دایناوە و ئەحمەد ئەمین کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە، ڤیدیۆکلیپەکەش لەلایەن فادی حەداد کاری دەرهێنانی بۆ کراوە کە پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ زۆربەی هونەرمەندانی عەرەب و بەشێک لە هونەرمەندانی کورد کردووە.
 
وەسوف کە بە "ئەبو وەدیعیش" لە نێو هۆگرانیدا دەناسرێت، بەم دواییە چەندین چالاکی هونەری پێشکەشکردووە، لەوانە سازکردنی کۆنسێرتێکی ئۆنلاین لە یەکێک لە پێگەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکان و سازکردنی کۆنسێرتێکیش لە ئەمریکا.
 
ئەو هونەرمەندە سوورییە لە 19 تەممووزی 2019 بۆ یەکەمجار سەردانی هەولێری کرد و کۆنسێرتێکی بۆ هۆگرانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق سازکرد.
 
جورج وسوف لە 23 کانوونی یەکەم 1961 لە کەفرون لە سووریا لە دایکبووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەستی بە کاری هونەری کردووە، لەگەڵ ژمارەیەک ئاوازدانەری ناسراوی عەرەب کاری کردووە، لەوانەش سەید مەکاوی و بەلیغ حەمدی و لەڕێگەی هەردوو ئەلبوومی گۆرانی "الهوی سلطان" لە ساڵی 1984 و "کلام الناس" لە ساڵی 1994 ناوبانگییەکی زۆری لەسەرتاسەری وڵاتانی عەرەبیدا پەیداکرد و تاوەکو ئێستا 17 ئەلبوومی گۆرانیی هەیە، لە 2011 بەهۆی ئەوەی تووشی جەڵتەی مێشک بوو، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە کاری هونەری دوورکەوتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە