ئەمشەو خەڵاتەكانی ئۆسكار پێشكەشدەكرێت

02-03-2014
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن ئۆسکار
A+ A-

رووداو – ئاژانسەكان

بڕیارە ئەمشەو 86ەمین ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتی ئۆسكار لە لۆسئەنجلسی ئەمریكا ئەنجامبدرێت و چاوەڕێشدەكرێت كێبڕكێكە لەنێوان هەرسێ فیلمی ئەمریكی american hustle "تێكۆشانی ئەمریكییەكان " ، gravity "هێزی كێشكردن" و years a slave 12 " 12 ساڵ بەندایەتی" بێت.

هەرچەندە زۆرێك لە ئەمریكییەكان هەتاوەكو ئێستاش فیلمە پاڵێوراوەكانیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار نەبینیوە، بەڵام پێش دوو هەفتە لە ئاهەنگە فەرمییەكە‌و بۆ یەكەمجار ئۆسكار خەڵاتی رێزلێنانی بەخشی بەو كەسانەی، كە لە بواری تەكنیكی فیلمەكاندا كاریان كردووە.

ئەكادیمیای ئەمریكی بۆ هونەر و تەكنیكی سینەما خەڵاتی ئۆسكار بەو فیلمانە دەبەخشێت، كە لە ساڵی 2013 بەرهەمهاتوون و ئەمساڵیش بڕیارە پێشكەشكاری بەتوانای ئەمریكی ئێلین دیگنڕایس ئاهەنگەكە پێشكەش بكات.

چیرۆكی فیلمی "تێكۆشانی ئەمریكییەكان" باس لە كۆمەڵێك قۆڵبڕ لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەكات و بۆ وەرگرتنی 12 خەڵاتی ئۆسكار پاڵێوراوە، فیلمی هێزی كێشكردن كە فیلمێكی خەیاڵی زانستییە و رووداوەكانی لە بۆشایی ئاسمانن بە هەمان شێوەی تێكۆشانی ئەمریكییەكان بۆ 12 خەڵات پاڵێوراوە و فیلمی 12 ساڵ لە بەندایەتی بۆ وەرگرتنی 9 خەڵات پاڵێوراوە.

بۆ یەكەم جاریش لەوەتای دروستبوونی خەڵاتی ئۆسكارەوە سینەمای عەرەبی بە سێ فیلمی جۆراوجۆر لە كۆتایی لیستی پاڵێوراوانە و سینەمای عەرەبیش چاوەڕێدەكات بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا ئەم خەڵاتە بەرزە بەدەست بهێنێت و فیلمە عەرەبییەكانیش یەكێكیان بۆ باشترین فیلمی بیانی و ئەوانی دیكەش بۆ باشترین فیلمی دۆكیومێنتاری ماوە كورت و درێژ پاڵێوراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە