هەفتەى داهاتوو، بەغدا وردبینى لە لیستى مووچەى مانگى 10 دەکات

31-10-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناردنى لیستى مووچەى مانگى تشرینى یەکەم نزیکە و بڕیارە هەفتەى داهاتوو لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە وردبینى لەو لیستە دەستپێبکات. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕى میدیایی رووداو، دواکەوتنى ناردنى لیستى مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا، بەهۆى تەواونەبوونى لیستى مووچەى سەرجەم وەزارەتەکانەوە بووە.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "لە نزیکترین کاتدا، لیستەکە دەنێردرێت."
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "پێشبینی دەکرێت دواى ناردنى لیستى مووچە، هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ دەست بە وردبینى لە لیستەکەدا  بکات؛ دیارنییە لیستەکە لە رێگە شاندێکەوە دەنێردرێت یان نا، بەڵام سەرجەم ئەو تێبینیانەى بەغدا لە بارەى ئەو لیستەوە هەیبوون، لەلایەن وەزارەتى دارایی و ئابوورییەوە چارەسەر کراون."  
 
بەشى زۆرى تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ تایبەتن بەو فەرمانبەرانەى وەزارەتەکە پێیوایە ناوەکانیان دووبارەن. بۆ چارەسەرى ئەو بابەتەش، وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ناوى چواریی فەرمانبەرەکان و دایکیان بۆ بەغدا دەنێرێت.
 
رێککەوتن کرا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم فەرمانبەران بایۆمەترى بکەن؛ بۆ ناوى دووبارەش لە رێگەى ناوى دایکى فەرانبەرەکانەوە وردبینى دەکرێت؛ بۆ تێبینییەکانى دیکەش بە نووسراو روونکردنەوە دراوەتە بەغدا.
 
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ مووچە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە