نرخی مریشک بەرزبووەوە؛ کیلۆی 2800 دینارە

30-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە هەفتەی پێشوو، نرخی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و لە کێڵگەکان کیلۆی 2400 دینارە و لە بازاڕیش 2800 دینار.
 
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا خاوەن کێڵگەکان لە زیاندان، چونکە بەهۆی ڤایرۆس و مرداربوونی جووجک، کیلۆی مریشک 2600 دیناری تێدەچێت."
 
هەر ئەمڕۆ بەشدار رەشۆ، فرۆشیاری مریشک لە گەڕەکی هەولێری نوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشک دەدەینە 2800 دینار و هۆکارەکەشی ئەوەیە هەناردەی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت."
 
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتی: "داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕ لەم کەرتە بداتەوە و بێتەسەرهێڵ بۆ دانانی نرخێکی جێگیر و بە بازاڕکردن بۆ خاوەن کێڵگەکان."
 
نازم عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەم داواکانمانەوە نەیەت، کەرتی پەلەوەر لەنێو دەچێت کە زیاتر لە 400 هەزار هەلی کاری رەخساندووە."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتی: "بە بەڵگەوە لەبەردەستمانە کە هەر بارهەڵگرێک مریشک دەبرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە بازگەکانی حکومەتی عێراقییدا ملیۆن و نیوێک بۆ دوو ملیۆن دیناری وەکو بەرتیل لێ وەردەگرێت، ئەوەش بارگرانییە بۆ خاوەن کێڵگەکان."
 
نازم عەبدوڵڵا داوای کرد، پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بچنە بازگەکانی حکومەتی عێراق و بەدواداچوون بکەن بۆ رێگەگرتن لە وەرگرتنی پارە لەو کەسانەی مریشک دەبەن. گوتیشی: "مریشکی هەرێمی کوردستان هەناردەی عێراق نەکرێت، هەموو کێڵگەکان دەبێت هەرەسبێنن، چونکە سەرچاوەی بەبازاڕکردنمانە."
 
20ـی ئەم مانگە نرخی کیلۆی مریشک لە کێڵگەکان 1900 دینار و لە بازاڕەکان 2400 دینار بوو، لەکاتێکدا نێوەڕاستی شوباتی ئەم ساڵ، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتە 4000 دینار. کۆتایی مانگی ئادار دابەزی بۆ 3500 دینار.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆدا 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر میشکی زیندووە تاوەکو بەستوو، بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرەیە:
 
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە