رووداو دیجیتاڵ
عێراق زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی وڵاتی وەرگرتووە، بەڵام یەک کیلۆی هەرێمی کوردستانی وەرنەگرتووە. گومان لە تێکەڵکردنی گەنمی بازرگانی، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و کەمیی توانای کۆگەکردن، پاساوەکانی عێراقن بۆ وەرنەگرتنی تەواوی گەنمی هەرێمی کوردستان.
لە هەرێمی کوردستان دروێنەکردنی گەنم دەستیپێکردووە و بەشێکی جووتیاران لە گۆڕەپانەکاندا گەنمەکانیان هەڵڕشتووە و دەترسن بە تاوەبارانێکی بەهارە، زیانی زۆریان بەربکەوێت. بەرپرسی سایلۆی هەولێر دەڵێت، ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم و چاوەڕوانی فەرمانن لە حکومەتی عێراق.
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رووپێوییەکدا ژمارەی دۆنمە بە دانەوێڵە چێندراوەکانی دیاریکرد. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، 2 ملیۆن و 955 هەزار و 376 دۆنم بە گەنم چێندراوە؛ پێشبینی دەکرێت بڕشتەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بێت.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە 30ـی ئایاری 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بۆ رێککەوتن لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتن نەکراوە."
هەرێمی کوردستان دەیەوێت وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕشتی گەنمەکە بێت و بۆ بڕشتی هەر دۆنمێک کە (غیلە)ـی پێ دەڵێن، 600 کیلۆ دابنرێت، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە بکرێت، دەبێت زیاتر لە ملیۆن و نیوێک تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.
عێراق: 605 هەزار تۆن وەردەگرین
گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. هیوا عەلی دەڵێت "عێراق دەڵێت 605 هەزار تۆن وەردەگرین، ئێمەش هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە زیاتر لە ملیۆنێک تۆن وەربگرن."
بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەم مانگەدا سێ جار سەردانی بەغدایان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا کرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی لەو بڕەی دیاریی کردووە، زیاتر وەرنەگرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری بەڵینیان داوە بێنە سەر هێڵ و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ بکەن، بە ئامانجی وەرگرتنی گەنمی زیاتری جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
بۆچی عێراق هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەرناگرێت؟
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ فەرمانمان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بۆ نەهاتووە، چونکە هێشتا لەسەر بڕەکەی رێککەوتن نەکراوە."
عێراق متمانەی بەو بڕە گەنمە نییە کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، پێیوایە گەنمی بازرگانیی هاوردەکراوی تێکەڵ دەکرێ، ئەگینا خۆی هێندە زۆر نییە.
میران بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا دەیەوێت لەسەر بنەمای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، گەنم وەربگرێت کە 12.67ـە، بەڵام وەرگرتنی گەنم "هیچ پەیوەندی بەو رێژەیەوە نییە."
یەکێکی دیکە لە پاساوەکانی بەغدا بۆ کەم وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان توانای هەڵگرتنی گەنمە. میران بەختیار دەڵێت "سایلۆی ئێمە توانای کۆگەکردنی 180 هەزار تۆن گەنمی هەیە، ئەگەر بتوانین توانای خۆمان بۆ کۆگەکردن زیاتر بکەین، ئەو کاتە پێدەچێت بەغدا ئەو بیانووەشی نەمێنێت."
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە بەغدایان گوتووە، دەتوانن لە گۆڕەپانەکاندا گەنم دابنێن و بە چادر دایپۆشن تاوەکو ئەوکاتەی حکومەتی عێراق دەیگوازێتەوە، بەڵام بەغدا رەتیکردووەتەوە و دەڵێت: دەبێت شوێنی تایبەتی بۆ دروستبکرێت.
ئەو شوێنە تایبەتەی بەغدا داوای کردووە دروستبکرێت و بتوانرێت وەکو سایلۆش نەبێت و بۆ ماوەیەک گەنمەکە بە پارێزراوی بهێڵێتەوە "تێچووەکەی زۆرە و لەم دۆخەدا بۆ هەرێمی کوردستان ناکرێت"، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر وای گوت؛ ئاماژەی بەوەشکرد "گەنمی کوردستان باشترین جۆری گەنمە؛ عێراق وەریبگرێت لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، چونکە گەنمەکە بۆ ئەوە و، ئەو بە ئێمە دەڵێ بۆ کوێی بنێرین و چی لێبکەین."
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی گوت "پێدەچێت ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی گەنم رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکرێت."
بڕیارەکانی بەغدا زیان بە جووتیارانی کوردستان دەگەیێنن
وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەموو گەنمی جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق وەردەگرێت، بەڵام هەموو ساڵێک سنوور بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێت.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، لەکاتێکدا بەرهەمەکە زیاتر لە سێ هێندەبوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی جووتیاران زیانمەندی یەکەم بن و گەنمەکەیان لە بازاڕەکاندا بە نرخی کەمتر ساخبکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "بەغدا کاتێک گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرناگرێت، جووتیاران ناچار دەبن گەنمەکەیان لە بازاڕەکاندا بە نرخی کەمتر بفرۆشنە بازرگانە عەرەبەکان، ئەوانیش دەیبەنەوە لە پارێزگاکانی خۆیان دەیدەنەوە بە حکومەت، ئەوەش گەورەترین نایەکسانییە. عێراق لەو رێگەیەوە گەنمی کوردستان بە هەرزانتر دەکڕێت."
10 سایلۆی هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 10 سایلۆ لە هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم و تەنیا چاوەڕوانی فەرمانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکەن.
حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەداتە جووتیاران. جگە لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی نێوەڕواست و خوارووی عێراقی وەرگرتووە.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ