رووداو دیجیتاڵ
لەپاڵ پەیوەندییە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ فەرەنسا بدات. ئەوەی ئێستا کاری بۆ دەکرێت رۆڵی فەرەنسایە لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و هەروەها هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ فەرەنسا. بەرپرسی بەشی ئابووری لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا دەڵێت "ئێستا هەناری هەڵەبجە و تەحینی ئامێدی لە فەرەنسا بازاڕیان گەرمە".
محەممەد فەیزی، بەرپرسی بەشی ئابووری لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا، لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی ئابووریی تەلەڤزیۆنی رووداو، باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسای کرد، بە گوتەی ئەو، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە "بەشێوەیەكی بەرچاو" زیادیكردووە لە چەند ساڵی رابردوودا.
بەپێی ئەو ئامارەی محەممەد فەیزی خستیەڕوو، لە ساڵی 2014 و 2015 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان فەرەنسا و عێراق نزیكەی 270 ـ 280 ملیۆن دۆلاربووە، بەڵام لە ساڵانی 2018 ـ 2019 زیادیكردووە و گەیشتووەتە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار.
سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمی كوردستان، بەرپرسەکەی بەشی ئابووریی کۆنسوڵخانەی فەرەنسا رایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 35 كۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن، کۆمپانیاکان گەورە، مامناوەند و بچووکن، کە لەساڵی 2009وە وەبەرهێنان دەکەن.
تازەترین هەواڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە ئابوورییە لەدوای21ی ئەم مانگەبووە، کە چەندین جۆری نوێی پەتاتی فەرەنسی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون و لە ناحیەی شێخان چێندراون و تاقیدەکرێنەوە. هەروەها دروستكردنی چوار كارگەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان لە پلاندان، کە بەرهەمەكانی شیرەمەنی و شەربەتی سرووشتی بەرهەمدەهێنن و پلان وایە لە ناوچەی هەڵەبجە و سلێمانی دابمەزرێن. لە هەولێریش كارگەیەكی گەورەی فەرەنسی هەیە كە كۆمپانیای دانوونە شیرەمەنییەکان بەرهەمدەهێنێت.
محەممەد فەیزی، بەرپرسی بەشی ئابووریی کۆنسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، رایگەیاند کە بەپێی ئەو توێژینەوانەی ئەوان کردوویانن، "هەرێمی کوردستان كەشێكی زۆر گونجاوی هەیە بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵی، بەڵام بەداخەوە لەكاتی بەرهەمهێنانی بەرهەمەكاندا تێبینی دەكەی نرخیان زۆر كەمە".
فەیزی جەختدەکاتەوە، کە فەرەنسا مەبەستییەتی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکات و پابەندبوونێكی ئەخلاقی هەیە لە بەرامبەر كوردستان، نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە لە ساڵی 2014 و لەکاتی شەڕی داعشدا چەندین كۆمپانیای گەورە هەرێمی كوردستانیان بەجێهێشت، بە پێچەوانەوە كۆمپانیاكانی فەرەنسا چالاكییەكانیان زیادكردووە. گوتیشی "فەرەنسا زیاتر لە 3 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هەیە لە عێراق، 30 ـ 35%ی ئەو وەبەرهێنانانە لە هەرێمی كوردستانە".
هەوڵێکی دیکەی کۆنسوڵخانەی فەرەنسا ئەوەبووە کە عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەشی بکەن لەگەڵ AFP كە ئاژانسێکی فەرەنسییە بۆ پەرەپێدان لەگەڵ كۆپاخكۆ، سیستمێكیان داناوە كە بتوانن یارمەتی دارایی بدەنە ئەو كۆمپانیایانەی لەدەرەوە کاردەکەن، لە ساڵی 2019 و 2020 توانراوە كە كوردستان و عێراقیش بخرێنە نێو ئەو دەوڵەتانەی كە كۆمپانیا فەرەنسییەکان بتوانن سوود لە یارمەتی دارایی حكومەتی فەرەنسا وەربگرن.
سێ تۆن تەحینی ئامێدی لە بازاڕی پاریس فرۆشرا
محەممەد فەیزی باسی لە خواستی فەرەنسییەکان کرد بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "کەسێک
نزیكەی 2 ـ 3 تۆن تەحینی ئامێدی بردبووە فەرەنسا وەكو تاقیكردنەوە بزانێ ئایا بازاڕی دەبێت، بەڵام ئێستا داوایكردووە زیاتری بۆ رەوانە بكەین و تەواوبووە".
ساڵی داهاتوو هەناری هەڵەبجە لە فەرەنسایە
یەكێك لەو بەرهەمانەی دیکە کە لە پلاندایە هەناردەی فەرەنسا بکرێت، هەناری هەڵەبجەیە. محەممەد فەیزی دەڵێت "ئەوەی راستی بێت هەنار لە فەرەنسا زۆر گرانە، چونكە لە فەرەنسا بەرهەم ناهێنرێت و لە شوێنی دیكەوە بۆی دەڕوات، كوالێتی هەناری هەڵەبجە زۆر بەرزە و لەوێ خواستی زۆری لەسەر دەبێت".
رۆنی زەیتوونیش هەناردە دەکرێت
هەرچەندە رۆنی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، بەڵام هێشتا هەناردە نەكراوە، چونكە وەک فەیزی دەڵێت، ئەو كارگەیەی دروستكراوە ئەو بڕەی نییە بتوانێ هەناردەی بكات، "بەڵام دەستمان پێكردووەو پلان هەیە لە داهاتوودا رۆنی زەیتوونی کوردستانیش بنێرینە فەرەنسا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ