رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی بانکی دەڵێت، ئەمریکا بانکی دیکەی عێراقی دەخاتە لیستی سزاکانییەوە، چونکە زۆرینەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لە بازرگانی بە دراو، بەقاچاخبردنی دۆلار و سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران تێوەگلاون. شارەزایەکی بازاڕە داراییەکانیش باس لەوەدەکات، سزادانی بانکەکانی عێراق بەهای تەمەن زیاتر دادەبەزێنێت.
هەشت ساڵ لەمەوبەر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دۆسیەی گەندەڵی و بردنە دەرەوەی سامانی عێراقی ئەو پیاوەی کە رۆژی دووشەممە خۆی و بانکەکەی خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە داوەتە دەستەی دەستپاکی بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکات. لیژنەکە دەڵێت، ئەو کەسە لە رێگەی سێ کۆمپانیاوە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار پارەی عێراقی بردووەتە دەرەوە، بەڵام نەک هەر سزانەدرا، بەڵکو کرایە پەرلەمانتاریش.
ئەو کەسە حەمەد مووسەوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و خاوەنی بانکی هودای عێراقییە، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتی هاریکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان، نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران، سپیکردنەوەی پارە و ساختەکردنی بەڵگەنامەی داوەتە پاڵ.
سزادانی ئەم بانکە پەل دەهاوێژێت بۆ سزادانی چەند بانکی دیکە، ئەوە بە گوتەی د. هومام شەمماع، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی و راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان کە ئەمڕۆ سێشەممە لە بووڵتەنی ئابووری کاژێر 9:00 بەشدار بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات.
د. هومام شەمماع ئاماژەی بەوەکرد، "ئیدارەی جۆ بایدن و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە شێوەی پلەبەندی سزا بەسەر ئەو بانکانە دەسەپێنن کە سەر بە گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانن. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەزانێت زۆرینەی بانکە تایبەتەکان خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسە سیاسییەکان، قەوارە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان، بەڵام خۆیان بە بێلایەن پێشان دەدەن وەک بانکی هودا".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕی و راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان گوتی، "زۆرینەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لە بازرگانی بە دراو، بەقاچاخبردنی دۆلار و سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران تێوەگلاون".
محەممەد شێخ فاتیح، ئەو پرسیارەی لە د. هومام شەمماع کرد کە ئایا پێشبینی دەکات بانکی دیکە بخرێتە لیستی رەشەوە یان رێوشێنی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر؟ لە وەڵامدا گوتی، کە پێی وایە بانکی دیکە دەخرێنە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە و گوتی، "ئیدارەی ئەمریکا زیاتر رێکاری ئابووری پشت پێدەبەستێت تاوەکو وەڵامی سەربازی. لەم کاتەدا ئەمریکا جەنگی ئابووری دەکات کە زیاتر لە بەرژەوەندییەتی وەک لە جەنگی سەربازی. جۆ بایدن زیاتر سزای ئابووری دەسەپێنێت و سزاکانیش خۆیان لە کەمکردنەوەی پێدانی دۆلار بە بانکەکانی عێراق دەبیننەوە، بەوەش دۆلاری کاش لە بازاڕەکان کەم دەبێتەوە. عێراق یەکێکە لەو سەرچاوە ئابوورییانەی کە ئێران لە رێگەیەوە هەناسە دەدات".
د. هومام شەمماع دەڵێت، "ئەگەر سزاکانی ئەمریکا بگەنە کەمکردنەوەی پێدانی دۆلار بە بانکی ناوەندیی، نرخی دینار زیاتر دادەبەزێت. ساڵی رابردوو بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراق لە دوبەی رێککەوتنێکیان کرد و بەندێکی ئەوە بوو کە ئەمریکا بە گوێرەی پێویستی عێراق دۆلار بنێرێت بۆ بانکی ناوەندی، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە کاریگەرییان دەبێت لە سەر رێکەوتنەکە و رێکارەکانی ئەمریکا بە سزادانی بانکەکان دەستپێدەکات".
بەگوێرەی راپۆرتێکی لیژنەی دارایی عێراق، بانکی هودا شەش ملیار و 455 ملیۆن و 660 هەزار دۆلاری لە ساڵانی 2012 تاوەکو 2015 ناردووە بۆ بانکی نیشتەجێکردنی ئوردنی. لەو بڕە پێنج ملیار و 787 ملیۆن و 999 هەزار دۆلاری رەوانەی کۆمپانیای تەییب کردووە کە ئەویش بڕی پێنج ملیار و 704 ملیۆن و 158 هەزار دۆلاری بۆ کۆمپانیای کەمال بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە ئوردن ناردووە؛ دواتر ئەویش پارەی بۆ کەسانێک ناردووە کە نەناسراون.
هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، "ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق وەکو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقی کردووە"؛ هەروەها دەڵێت، "ئەو بانکە بووەتە ناوەندێکی هاوکاریی دارایی تیرۆریستان و هەروەها دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی هودا لە رێگەی هاوکاری داراییەوە بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە عێراق، ناسەقامگیری لە عێراق دروستکردووە و گیانی عێراقی و ئەو ئەمریکیانەی لە عێراقن خستووەتە مەترسییەوە؛ دەشڵێت، "ئەمریکا پابەندە بەوەی کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات بۆ پتەوکردنی ئابووریی عێراق و پاراستنی سیستمی دارایی عێراق و ئەمریکا لەو پێشێلکاریانە".
حەمەد موسەوی کێیە؟
- حەمەد یاسر موحسین غالیب موسەوی
- 1970 لە بەغدا لەدایکبووە
-ئەندامی پەرلەمانی عێراقە
-ئەمینداری گشتیی پارتی مەدەنییە
-خاوەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی بانکی هودایە
-بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری هەیە
-ئەحمەد چەلەبی، بە "مەترسیدارترین دزی پارەی عێراق" ناوی بردووە
زانیاری لەبارەی بانکی هودا
-لە 6-11-2007 لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی پێدراوە
-لە 17-2-2008 دەستی بە کارەکانی کردووە
- پێنج لقی هەیە
- سێ لق لە بەغدا
- یەک لق لە کەربەلا
- یەک لق لە زیقار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ