رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵ توێژینه‌وه، دواجار توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر سه‌ركه‌وتنی له چاندنی یەکێک لە بەتەمەنترین دارەکانی جیهان لە کوردستان راگەیاند. بەپێی توێژینەوەکان دارەکە لە بواری پزیشکی و پاکڕاگرتنی ژینگەدا سوودی زۆری هەیە.
جینكۆ یان گینگۆ (Ginkgo) دارێكی گهڵاوهریوە، ناوه زانستییه‌كه‌ی (Ginkgo biloba)یە، سه‌ر به خێزانی (Ginkgoacea)ە. به یه‌كێك له به ته‌مه‌نترین داره‌كانی سه‌ر رووی زه‌وی داده‌نرێت، تاكه دره‌خته كه له کاتی بۆردوومانکردنی شاری هێرۆشیمای یابان بە چەکی ئەتۆمی لە نێو نەچووە.
نیشتمانی ره‌سه‌نی داری جینكۆ، چیینه. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر به‌شێوه‌یه‌كی سرووشتی له‌م وڵاته روواوه. ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ك داری جینكۆ له په‌رستگاكانی چین هه‌ن، كه ته‌مه‌نیان به 1000 بۆ 3000 ساڵ ده‌خه‌مڵێندرێت.
بەهۆی سوودە زۆرەکانی له بواری پزیشكی، ژینگه‌یی، پیشه‌سازی و خۆراكی، له زۆر وڵاتی جیهان به تایبه‌ت له چین، ژاپۆن و كۆریا، هه‌روه‌ها هەندێک وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی گرنگی بە چاندنی ئەو دارە ده‌درێت.
شێرزاد سه‌ڵاح، سه‌رۆكی به‌شی دارستان و ره‌زگه‌ری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر، بە (رووداو) گوت: لە چاندن و توێژینەوە لەسەر دارەکە سێ ئامانجیان هەبووە:
یەکەم: جینکۆ دارێکی پزیشکییە و گه‌ڵا و تۆوەكهی بۆ چاره‌سه‌ری زۆر نه‌خۆشی به‌كاردێت، بۆیه چاندنی سوودی ئابووری بۆ جووتیاران ده‌بێت. ئامانجی دووه‌م: زیادكردنی جۆرێكی تازه‌ی دار بوو، كه سوودی بۆ پاکكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی كوردستان هه‌بێت، چونكه دارەکە توانایه‌كی باشی بۆ هه‌ڵمژینی گازه زیان به‌خشه‌كان هه‌یه. ئامانجی سێیه‌میش به‌خشینی جوانییه‌كی دیكه بوو به سرووشتی هەرێمی کوردستان.
شێرزاد سه‌ڵاح ده‌ڵێت: "داری جینكۆ كاتێك له وه‌رزی پایز گه‌ڵاكانی ده‌وه‌رێت جوانییه‌كی ئه‌فسوناوی به شوێنه‌كه ده‌به‌خشێت و ده‌بێته هۆی راكێشانی سەرنجی گەشتیاران".
جینكۆ به‌هۆی شێوه‌ی گه‌ڵاكه‌ی له چین به داری زه‌نگوڵ و پێ مراویش ناسراوه، هه‌ندێکجاریش به‌هۆی جوانی گه‌ڵاكانی له وه‌رزی پاییز كه ره‌نگیان ده‌گۆڕێت بۆ زه‌ردێكی زێرین، به داری پاییزیش ده‌ناسرێت. بەهۆی ئەوەی لە کاتی بۆردوومانکردنی هێرۆشیمای یابان بە چەکی ئەتۆمی، لە نێو نەچووە، بە رووەکی 'ژیان'یش نێودەبرێت.
رووهكهکە جووت ماڵه‌یه، واته گوڵی نێره‌ی له‌سه‌ر دارێكه و مێیهكهشی له‌سه‌ر دارێكی دیكه‌یە، تاوه‌كو ته‌مه‌نی 20 ساڵیش گوڵ و به‌ر ناگرێت و نێره و مێیه‌ی ده‌رناكه‌وێت.
داری جینكۆ ئه‌گه‌ر لە شوێنێکی گونجاو بچێندرێت، به‌رزییه‌كه‌ی ده‌گاته 30 تاوه‌كو 40 مه‌تر و تیره‌ی داره‌كه ده‌گاته نزیكه‌ی 2 تاوه‌كو2.5 مه‌تر، پانی تاجهكهشی ده‌گاته 9 تاوه‌كو 12 مه‌تر.
شێرزاد سەڵاح، كه سه‌رپه‌رشتی توێژینەوەكه‌ی كردووه، ده‌ڵێت: "له توێژینهوهکەدا بۆمان ده‌ركه‌وت چاندنی داری جینكۆ له ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له ناوچه فێنك و سارده‌كان زۆر گونجاوه، به‌ڵام له ناوچانه‌ی كه له وه‌رزی هاویندا پله‌ی گه‌رمیان زۆر به‌رزده‌بێته‌وه، له‌وانه‌یه چاندنی سەرکەوتوو نه‌بێت".
باشترین پله‌ی گه‌رمی بۆ گه‌شه‌ی نموونەیی داری جینكۆ له نێوان 16 تاوه‌كو 18 پله‌ی سه‌دی دایه، به‌ڵام ده‌توانێت به‌رگه‌ی پله‌ی گه‌رمی تاوه‌كو 40 پله‌ی سه‌دی و نزمبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی تاوه‌كو 30 پله‌ی ژێر سفری سه‌دی بگرێت.
شێرزاد سەڵاح، ده‌ڵێت: "ئه‌م داره له كه‌شوهه‌وای گه‌رم و وشك باش گه‌شه ناكات، بۆیه پلانمان هه‌یه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توێژینه‌وەی كشتوكاڵی پارێزگاكان لە ناوچەی پێنجوێن، چوارتا، چۆمان، حاجی ئۆمەران، ئامێدی و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه بیچێنین".
به‌كارهێنانی داری جینکۆ له‌بواری پزیشكیدا
داری جینكۆ له بواری پزیشكی سوودێكی زۆری هه‌یه، پێشتر زیاتر پزیشکە میللییەکانی چین بۆ چارەسەری هەندێک نەخۆشی بەکاریانهێناوە. توێژینه‌وه‌كان ئێستا زیاتر گرنگی به به‌كارهێنانی گه‌ڵای داری جینكۆ ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به مێشك و سووڕی خوێن هه‌یه، چونكه ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی مێشك و یادهوهریییهكان، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی تووشی بیرچوونه‌وه دەبن، هه‌روه‌ها سووڕی خوێن چالاک دەکات، هه‌ندێجاریش وه‌ك چاره‌سه‌ری كۆکه و سكچوون و ژانی ددان به‌كاردێت.
گوشراوی گه‌ڵای جینكۆ بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1974 له پیشه‌سازیی دروستكردنی ده‌رمان له فه‌رەنسا به‌كارهاتووه، ده‌رمانێكی لێ دروستكرا كه كورتكراوه‌كه‌ی (EGb761)یه، بە یەکێک لە پڕفرۆش‌ترین ده‌رمانی گیایی دادەنرێت له‌جیهاندا.
بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەبارەی دارەکە کراون، له پێكهاته‌ی گه‌ڵای جینكۆدا زۆر مادده‌ی دژه ئۆكسان و هه‌وكردنی وه‌ك gingolides, flavonoids, terpenoids هه‌ن، ده‌بنه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری خراپی رهگهئازادهكان، كه هۆكارن بۆ تێكچوونی شانه‌كان و زیادبوونی نه‌خۆشی به‌تایبه‌ت نه‌خۆشییه جۆراوجۆره‌كانی شێرپه‌نجه.هه‌روه‌ها خواردنی گه‌ڵای داری جینكۆ ده‌بێته هۆی ئارامبوونه‌وه‌ی مێشك و نه‌مانی سترێس.
گەڵای داری جینكۆ له هه‌رێمی كوردستان به‌شێوەی وشككراو و پوخته لە پێشه‌نگاكانی گیاده‌رمانی و بههاراتفرۆشهكان هەیە، كیلۆیه‌ك گه‌ڵای وشككراو به 10 تاوه‌كو 15 دۆلاره، پوخته‌كه‌شی كیلۆی بە 100 دۆلارە، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌ی گولاج و حه‌بیش له ده‌رمانخانه‌كان هه‌یه.
موشیر ئیسماعیل، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی رووه‌كناسانی كوردستان، كه تۆوی داری جینكۆی له چینه‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كشتوكاڵی هه‌ولێر هێناوه، بە (رووداو)ی گوت: "ئامانجمان له هێنانی تۆوی داری جینكۆ ئه‌وه بوو جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانیش بیچێنن، دوای زیادبوونی به‌رهه‌مه‌كه‌شی، كۆمپانیاكانی دروستكردنی ده‌رمان هاوشێوه‌ی وڵاتان بیكهنە دەرمان".
گەڵای داری جینكۆ دوای وشكبوون سوودی پزیشكی نامێنێت، بۆیه ده‌بێت به‌ر له وشكبوونی گه‌ڵاكانی لێبكرێته‌وه و له ژێر سێبه‌ر به‌شێوه‌ی تایبه‌ت وشك بكرێته‌وه.
موشیر ئیسماعیل، كه خاوه‌نی پێشه‌نگایه‌كی گیاده‌رمانییه، ده‌ڵێت: "گه‌ڵای وشكکراوی داری جینكۆ و پوخته‌كه‌ی له چین، ئێران و توركیا هاورده دەکەین، خه‌ڵك وه‌ك چاره‌سه‌ری بۆ باشتركردنی یاده‌وه‌ری و چالاككردنی سووڕی خوێن و زۆر مه‌به‌ستی دیكه‌ش به‌كاریده‌هێنن، ئێمه 25 كیلۆمان له پوخته‌ی گه‌ڵای جینكۆ له چین هێنا له ماوه‌یه‌كی کەمدا نەما".
سووده ته‌ندروستییه‌كانی گه‌ڵای داری جینكۆ له عێراق و هه‌رێمی كودستان بووەته جێگه‌ی سه‌رنجی توێژه‌ران، به‌جۆرێك له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا لە زانکۆکانی بەسرە و مووسڵ و سلێمانی سێ توێژینەوەی لەسەر کراون.
له توێژینه‌وه‌كه‌ی زانکۆی بهسرەدا، کە لە تاقیگە لەسەر جورج کراوە، ده‌ركه‌وتووه به‌كارهێنانی 100 میللیگرام لە گەڵای جینکۆ بووەته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاریگه‌ری ژه‌هراویبوونی جورجهكه به توخمه قورسه‌كانی كادمیوم و قورقوشم، چالاكبوونی گورچیله و جگه‌ری جورجهكه و زیادبوونی كێشی.
له توێژینه‌وه‌كه‌ی زانكۆی مووسڵدا ده‌ركه‌وتووه به‌كارهێنانی گوشراوی گەڵای جینكۆ كاریگەری به‌رچاوی هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئه‌و كه‌ڕووه‌ی، كه هۆكاره بۆ كولبوونی دەم.
هەروەها بەپێی توێژینەوەکەی زانكۆی سلێمانیش، دەرکەوتووە به‌كارهێنانی كه‌بسولی گه‌ڵای جینكۆ به بڕی 120 مللیگرام وه‌ك مادده‌یه‌كی پاڵپشت بۆ ده‌رمانی مێتفۆرمین، كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بووه له‌سه‌ر رێكخستنی شه‌كر و چه‌وری و پاڵه‌په‌ستۆی خوێن.
داری جینكۆ توانایه‌كی به‌رزی بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای جیاواز هه‌یه، به‌رگری باشی بۆ ژینگه‌ی پیس و وشكه‌ساڵی و نه‌خۆشییه‌كان هه‌یه، له ناوچه‌ی نیمچهكهمهرەیی و مامناوه‌نده‌كان به باشی گه‌شه ده‌كات.
دكتۆر شێرزاد عومه‌ر حه‌مه‌د، پسپۆری گه‌شه‌پێدانی دارستان له به‌شی دارستانی كۆلێژی ئه‌ندازیارییه كشتوكاڵییه‌كانی زانكۆی سەڵاحهددین، ده‌ڵێت: "گه‌شه‌ی نموونه‌یی داری جینكۆ له ناوچه‌ی دارستانی نیمچهكهمهرەیی و مامناوه‌نددایه، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌وێته ئه‌م ناوچه‌یه، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌ین له ناوچه سارد و فینكهكان چاندنی سه‌ركه‌وتووبێت و گه‌ڵاكانیشی كواڵێتییه‌كی باشیان هه‌بێت بۆ مه‌به‌ستی پزیشكی".
دکتۆر شێرزاد بە پێویستی دەزانێت لە کوردستان گرنگی بە چاندنی ئەو دارە بدرێت و دەڵێت: "داری جینكۆ دارێكی ئابوورییە، چونكه له رووی پزیشكی، ژینگه‌یی، پیشه‌سازی، جوانی و گه‌شتیاری سوودی زۆری هه‌یه ، گه‌ڵاكه‌شی بۆ مه‌به‌ستی پزیشكی له ته‌واوی عێراق خواستی له‌سه‌رە، ته‌نیا له ژینگه‌ی كوردستانیش ده‌تواندرێت بچیندرێت، بۆیه شایه‌نی ئه‌وه‌یه له هه‌رێمی كوردستان گرنگی به چاندنی بدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ