رووداو دیجیتاڵ
کۆچی سەرمایەدارانی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق بەردەوامە و وەبەرهێنەرانی کورد بە قەبارەی سەدان ملیۆن دۆلار لە شارەکانی دیکەی عێراق وەبەرهێنان دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانياکان له سلێمانی دەڵێت، کاتی ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی باج دەربکات بۆ ئەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ببووژێنەوە.
وەبەرهێنەرێکی کوردیش کە لە سەروبەندی کردنەوەی نووسینگەکەیەتی لە پایتەخی عێراق، داوا دەکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رێگری لە چوونی سەرمایەداران بکات و کارئاسانی بۆ سەرمایەدارانی نێوخۆ بکەن.
لە شارەکان عێراق متمانەیەکی زۆر بە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دروستبووە و بە دەیان پڕۆژە لە شارە جیاوازەکان دراون بە وەبەرهێنەرانی کورد. محەممەد شێخ فاتیح، بۆ بەدوداچوونی ئەو بابەتە چووە بەغدا، لەوێ چاوی بە چەند وەبەرهێنەرێکی کورد کەوت و شەنوکەوی ئەو بابەتەیان کرد.
بێستوونی حاجی ئەحمەد، وەبەرهێنەرێکی کوردە، ماوەی 20 ساڵە سەروکاری لەگەڵ پیشەسازیی شیش و چیمەنتۆ هەیە. تەنیا لە ساڵی 2023ـدا بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار شیش و چیمەنتۆی لە عێراق فرۆشتووە. ئەو دەڵێت، پلانی هەیە لە ئەم ساڵدا قەبارەی فرۆشی لە عێراق بگەیێنێتە 200 ملیۆن دۆلار.
لە پارێزگەی بەسرە بۆ یەکەم جارە یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن وەبەرهێنەرانی کوردەوە دروست دەکرێت، لەو چوارچێوەیەدا هەشت بەڵێندەری کورد دەستیان بە کار کردووە و 22ـی دیکەش چاوەڕوانن پڕۆژەکانیان رەزامەندیی لەسەر بدرێت و دەستبەکاربن.
ئیسماعیل حامید، وەبەرهێنەر و سەرمایەدارێکی کوردە لە بواری بیناسازی لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و کەلار وەبەرهێنان دەکات. ماوەی ساڵ و نیوێکە چووتە بەغدا بۆ وەبەرهێنان، لەوێ بە قەبارەی 40 ملیۆن دۆلار دەستی بە وەبەرهێنان کردووە و ئێستا لە سەروبەندی تەواوکردنی نووسینگەکەیەتی لە پایتەختی عێراق.
ئەو سەرمایەدارە هۆکاری کۆچی وەبەرهێنەرانی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ هاوکارینەکردن و رێگریکردن لە کارەکانیان لە نێوخۆ.
هەروەها داوایەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "من پەیامێکم هەیە بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوایان لێدەکەم بەدواداچوون بکەن بزانن بۆچی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران لە هەرێمی کورستان کۆچ دەکەن بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و بەردەوامیشن، رێگری لەو خاڵە بکەن."
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، خەرجیی بودجەی کردەیی لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی 2023 تاوەکو تشرینی دووەمی 2023 بۆ کەرتی وەبەرهێنان 10 تریلیۆن و 137 ملیار دینار بووە، ئەمە لە کاتێکدایە بازاڕەکانی عێراق تەنراون بە بەرهەم و کاڵای وڵاتانی دیکە، بەشێوەیەک عێراق ساڵانە بە قەبارەی 70 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک هاوردە دەکات و 90٪ـی کاڵا و شتومەکی بازاڕەکانی هاوردەکراون.
دۆخی نێوخۆ و بازرگانییە بچووکەکان خراپە
سۆران ئەحمەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانياکان له سلێمانی میوانی محەممەد شێخ فاتیح بوو لە بووڵتەنی ئابووری، ئەو لێخۆشبوونی باج بە چارەسەری خێرا بۆ رێگریکردن لە کۆچی کۆمپانیا و وەبەرهێنەران لە کوردستان دەزانێت.
بەڕێوەبەرەکە دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لێخۆشبوونی باج دەربکات، بەوەش بازاڕەکانی کوردستان دەبووژێنەوە و پارە دێتەوە بازاڕ. بەگوێرەی یاسا دەتوانێت بە هەر رێژەیەک بێت، باج لەسەر کۆمپانیا و خاوەنکار کەمبکاتەوە.
حکومەتی هەرێم ئێستا و بەو دۆخەی هەیەتی، وەکو سۆران ئەحمەد باسی دەکات، "ناتوانێت هاوکاریی وەبەرهێنەران بکات."
دەشڵێت، "کێشەی گەورە تەنیا چوونی ئەو سەرمایەدارانە نییە، بازرگانی بچووک لە نێوخۆ کەوتوونەتە دۆخێکی سەختەوە و کاسبکاران بەهەمان شێوە، زۆریی باج و رسوومات بووەتە بارگرانیی زۆر بۆیان، ئەم باجە حکومەتی عێراق هەژماریشی دەکات، ئەوە نییە بڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت لێی."
ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی دۆلاریان پێ نادات، ئەگەرچی کۆمپانیاکان بە گوتەی خۆیان تەواوی مامەڵەکانیان بە دروستی داوەتە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر و سلێمانی، بۆیە بازرگانان ناچارن کۆمپانیای نێوەندگیر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە کەمێک هەرزانتر دۆلاریان دەست بکەوێت.
پرۆسەکە بەو جۆرەیە، کۆمپانیا نێوەندگیرەکە دۆلار بە 132 هەزار لە بانک وەربگرێت و بە نزیکەی 140 هەزار دینار بە کۆمپانیاکانی بفرۆشێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانياکان له سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ بانکی ناوەندی گفتوگۆیان کردووە بۆ پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی کوردستان و دەڵێت، بانکی ناوەندی رەزامەندیی سەرەتایی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە لقەکانی هەرێمی کوردستان دۆلار بە نرخی هەرزان بداتە کۆمپانیاکان و لە قۆناخی گفتوگۆدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ