رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ هەر مسقاڵێک نزیکەی هەشت هەزار دینار دابەزی. بەهای دیناریش بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بانکی ناوەندی زیاتر لە 267 ملیۆن دۆلاری فرۆشت و بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەهای دیناری لە بەرزیدا هێشتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زۆرترین خواست لەسەر زێڕی عەیارەکانی 18 و 21ـە. عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مسقاڵێک عەیار 21 بە 595 هەزار دینارە و عەیار 18 بە 510 هەزار دینارە".
هەر ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 680 هەزار دینارە و عەیار 22ش بە 623 هەزارە.
پێنجشەممەی رابردوو زێڕ بەرزترین نرخی تۆمار کرد و نرخی زێڕی عەیار 21 گەیشتە 603 هەزار دینار.
دابەزینی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە، لە رۆژی هەینییەوە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کەمێک بەرزبووەتەوە. رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 151 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە یەک مانگی رابردوودا یەکەم جارە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەو جۆرە بەرز بێتەوە.
هەر ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 267 ملیۆن و 509 هەزار و 492 دۆلاری بە نرخی فەرمی و بۆ هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار فرۆشت. لەو بڕە تەنیا 6 ملیۆنی بە نەختی بووە و ئەوی دیکە بە حەواڵە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ