له‌ هه‌ولێر بولبولێك بە حەوت ملیۆن دینار دەفرۆشرێت

26-02-2021
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن بولبولی خورمایی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دەنگەکەی، جوانییەکەی، کەمبوونەوەی ژمارەیان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، نرخی جۆرە بولبولێکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان فڕاندووە. ئەو بولبولە بە خورمایی ناسراوە و لە بازاڕدا خواستێکی زۆری لەسەرە.
 
بولبولە‌ خورماییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ رووی ده‌نگ و ئاوازه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ باشترین جۆرەکانی بولبول دادەنرێن.
 
بولبولی خورمایی‌ له ‌رووی ره‌نگ و شێوه‌وە زۆربه‌یان له ‌یه‌ك ده‌چن، به‌ڵام له ‌رووی ده‌نگ و ئاوازه‌وه‌‌ جیاوازن، به‌پێی ناوی شار و شارۆچكه‌كان پۆلێن كراون وه‌ك بولبولی به‌غدادی، به‌سراوی، مه‌نده‌لاوی و به‌دراوی. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كانیش به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی گوتنه‌وه‌ی ئاوازه‌كان جارێكی دیكه‌ به‌سه‌ر ناوی باخ و باخچه‌كان پۆلێنكراون.
 
یەکێک لەو بولبولانە کە بە 'ئیمپراتۆر' ناسراوە لە ماوەی رابردوودا بە حەوت ملیۆن دینار بە هاووڵاتییەکی عێراقی فرۆشراوە، کە لە بەسرە دادەنیشێت. بولبولەکە به‌بێ هه‌ڵه ‌كردن به‌ 12 ئاواز به‌ ده‌نگێكی به‌رز و پڕ ده‌خوێنێت.
 
بولبوله‌كه‌ له ‌بنه‌ڕه‌تدا كێوی بووه‌. ‌ساڵی 2016 له‌لایه‌ن راوچییه‌ك بە ناوی ئەحمەد سەرحان، له ‌باخچه‌یه‌كی‌ قەزای به‌دره‌ی سەر بە پارێزگای واست‌ راوکراوە. قه‌زای بەدرە‌ ژماره‌یه‌كی زۆر باخی خورمای تێدایە، بۆیه‌ بووەته‌ نیشتمانی ‌ده‌یان جۆر باڵنده،‌ لەوانە بولبولی خورمایی.
 
ئەحمەد سەرحان سەرەتا بولبولەکەی بە 350 هەزار دینار فرۆشراوە، دواتر کەسێک لە بەغدا بولبولەکەی بە 2.5 ملیۆن دینار کڕیوە. دوای ساڵێک هۆشیار حەمید کە دانیشتووی شاری هەولێرە، بولبولەکە بە 4.5 ملیۆن دینار دەکڕێت. ئەویش دوای ساڵێک بەخێوکردن بە شەش ملیۆن دینار بە دێدەوان مەموندی دەفرۆشێت.
 
دێدەوان ساڵێک خزمەتی ئیمپراتۆری کردووە و 16 بولبولی لە ژێر سەرپەرشتی ئیمپراتۆردا فێری خوێندنی ئاواز کردووە، دواتر لە مانگی شەشی 2020 بولبولەکەی بە 7 ملیۆن دینار بە سەرمایەدارێکی بەسرە فرۆشتووە.
 
ئه‌حمه‌د سه‌رحان عه‌لی، کە ماوه‌ی 15 ساڵه‌ بولبولی خورمایی راو ده‌كات، لەبارەی ئیمپراتۆرەوە دەڵێت: "تایبمه‌تمه‌ندی ئه‌و بولبوله‌ له‌وه‌دایه‌ به‌ 12 ئاواز دەخوێنێت".
 
به‌گوته‌ی ئه‌م راوچییه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌م جۆره‌ بولبوله‌ خه‌ریكه‌ له‌ناوده‌چێت، ‌ئێستا له‌‌سه‌ر ئاستی عێراق تەنیا 15 دانه‌یان ماون، کە 9 دانه‌یان له‌ هه‌ولێرن، 3 دانە له ‌به‌غدا و دانه‌یەکشی له‌به‌سرایه‌، له‌وانه‌یه‌ دوو دانه‌شیان له ‌باخه‌كان مابن، بۆیه‌ خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌ و نرخه‌كه‌ی به‌رزه‌‌‌.
ئه‌حمه‌د سه‌رحان، ده‌ڵێت: "چه‌ند ساڵیك لەمەوبەر ژماره‌یەکی زۆر له‌م جۆره بولبوله‌‌ له ‌باخچه‌كانی به‌دره‌ و جه‌سان و مه‌نده‌لی هه‌بوون، به‌ڵام راوچی و‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كه ‌زانیان پارەیەکی باش ده‌كات، بەبێ گوێدانه‌ وه‌ر‌زی تروکاندنی هێلکە به‌رده‌وام خه‌ریكی راوكردنی بوون، بۆیه‌ زۆربه‌یان مردن و له‌ناوچوون". 
 
به‌خێوكردنی بولبولی خورمایی له ‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه‌، ئەگەر پێشتر تەنیا بۆ حەز و ئارەزوو بەخێوکرابێت، ئێستا بۆ مەبەستی بازرگانیش بەخێودەکرێت.
 
ئەوانەی شەیدای بولبولن، بولبولی ده‌نگخۆش و ده‌گمه‌ن به ‌پاره‌یەکی زۆر ده‌كڕن و ساڵانه ژماره‌یه‌ك بولبولی بچوك له ‌راوچییه‌كان به‌ نرخی كه‌م ده‌كڕنەوە، دوای راهێنانیان له‌سه‌ر ئاوازی بولبوله‌ ده‌گمه‌نه‌كان به ‌نرخێکی بەرز ده‌یانفرۆشنەوە.
 
هۆشیار حه‌مید، خاوه‌نی پێشه‌نگایه‌كی تایبه‌ت به ‌فرۆشتنی بولبولی خورماییه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، بە گوتەی خۆی یه‌كه‌م كه‌س بووە له ‌هه‌ولێر ‌كڕین و فرۆشتنی بە جۆرە دەگمەنەکانی بولبول کردووە. ئێستاش جۆرە بولبولێکی لەلایە کە بە پادشای بولبوله‌كانی باخچەی چه‌می به‌دره‌ ناسراوە‌. 
 
هۆشیار حه‌مید، ده‌ڵێت: "ناوم لە بولبولەکە ناوە‌ هیتله‌ر ‌15 ئاواز ده‌زانێت،‌ پارەیەکی زۆریان پێداوم نایفرۆشم، سێ دانه‌ی دیكه‌ی هه‌مان باخچه‌م هه‌یه".
 
ئێستا هه‌موو هه‌وڵێکی هۆشیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و چه‌ند دانه‌ بولبولە دانسقەی له ‌شاری به‌سرە و به‌غدا ماون، بیكڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و‌ه‌ی هه‌ولێر ببێته‌ ناوه‌ندێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ بولبولە دەگمەنە بە شاره‌كانی عێراق و وڵاتانی دەرەوە.
 
وشیار، ساڵانه‌ دوای وەرزی تروکانی هێلکە زیاتر له ‌1000 به‌چكه‌ی بولبول له ‌راوچییه‌كانی عێراق ده‌كڕێته‌وه‌، دواتر لە شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یانفرۆشێته‌وه‌. ژماره‌یه‌كیان هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌ژێر سەرپەشتی بولبوله ‌ده‌گمه‌نه‌كاندا په‌روه‌رده‌یان ده‌كات و فێری ئاوازی جۆراوجۆریان دەکات.
هۆشیارحه‌مید، ده‌ڵێت: "هەر 15 تاوەکو 20 بولبول دەخەمە ژێر سەرپەرشتی بولبولێکی دەگمەن، 10 دانه‌یان ئاوازی مامۆستاكه‌یان فێرده‌بن، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ نرخیان دەگاتە نزیکەی 3 ملیۆن دینار، ئه‌وانی دیكه‌ش 100 تاوه‌كو 150 هه‌زار دینار ده‌كه‌ن". 
 
پێشتر به‌ چاودێری و سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵه‌ی عێراق بۆ باڵنده‌، ساڵانه‌ پێشبڕكێی خۆشترین ئاوازی ئه‌و جۆره‌ بولبولانە، دەکرا. بەهۆی ئەوەی زۆربەی بولبولە دەگمەنەکان لە شاری هەولێر بوون، هه‌میشه‌ بولبوله‌كانی له ‌پێنج یه‌كه‌مه‌كانی کێبڕکێیەکە ده‌بوون.
 
هۆشیار ئه‌ندامی لێژنەی هه‌ڵبژاردنی باشترین بولبوله‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی بولبوله‌ ده‌نگخۆشه‌كان كه‌وتنه‌ كوردستان، بۆیە ئێستا ئه‌و پێشبڕكێیه‌ ناکرێت".
 
دیده‌وان موحسین مه‌موندی، یەکێکی دیکەیە لە عاشقانی بولبول، ماوه‌ی 6 ساڵه‌ خه‌ریكی به‌خێوكردنی بولبولی خورماییه‌، ‌ئێستا خاوه‌نی سێ بولبولی‌ ده‌گمه‌نە. پێشتر دوو ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك بولبولەکانی لە خوێندنی ئاواز و دەنگخۆشیدا یەکەم بوون.
 
دیده‌وان مه‌موندی، ده‌ڵێت: "ئاوازە بنه‌ڕەتییه‌كانی بولبول 13 جۆرن‌، به‌ڵام هه‌ر باڵندەیەکی كێوی ئاوازی بنه‌ڕه‌تی هیدۆ فریجۆ بخوێنێت، دەتوانێت ئاوازەکانی دیكه‌ش بخوێنێت".
 
له ‌پێشا‌نگاكه‌ی هۆشیار و پێشه‌نگاكانی دیكه‌ی هه‌ولێر به‌ ده‌یان قه‌فه‌ز هه‌ڵواسراون‌، نرخی بولبوله‌كانی ناویان له 15 هه‌زار دینارەوە ‌ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو ده‌گاته‌ 3 ملیۆن دینار، به‌ڵام بولبوله‌ ده‌گمەن و ده‌نگخۆشه‌كان له ‌ماڵه‌كان به‌خێو ده‌كرێن و ته‌نانه‌ت بۆ نمایش و فرۆشتنیش ناهێندرێنه‌ بازاڕ.
 
ئه‌و بولبولانه‌ی ده‌نگیان ناخۆشه‌ نرخیان لە نێوان 10 تاوه‌كو 15 هه‌زار دیناره‌، ئه‌وانه‌ی بە یەک ئاواز ده‌خوێنن نرخیان لە نێوان 50 تاوه‌كو 100 هه‌زار دینارە، ئه‌وانه‌ی به‌ دوو یان سێ ئاوازی نایاب ده‌خوێنن نرخیان دەگاتە 500 هه‌زار دینار،‌ ئه‌وانه‌شی به‌ 4 تاوه‌كو 6 ئاواز یان زیاتر به‌بێ هه‌ڵه‌ ده‌خوێنن، نرخیان له ‌نێوان 2 تاوه‌كو 3 ملیۆن دینار دایه‌.
 
دیده‌وان شێوازی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ به‌خێوكردن و پێگه‌یاندنی جوجەڵەکان، ئه‌و ژوورێكی ماڵه‌كەی ته‌رخانكردووه‌ بۆ بولبوله‌كانی و له ‌وەر‌زی زاوزێدا ژماره‌یه‌ك جوجەڵەی بولبول له ‌بازاڕ ده‌كڕێت و له ‌‌ژووره‌كه‌ی به‌ره‌ڵڵایان ده‌كات و بولبوله ‌ده‌گمەنەکانیش له‌ قه‌فه‌ز لە ژوورەکە دادەنێت، بۆ ئەوە جوچکەکان لێیانەوە فێری خوێندنی ئاواز ببن. دیده‌وان، ده‌ڵێت: "ساڵی رابردوو 18 جوچکەم پێگه‌یاندن به‌گوێری وه‌رگرتنی زمانه‌كانیان دانه‌م به ‌500 هەزار تاوه‌كو 2 ملیۆن دینار فرۆشت". 
 
له‌ كه‌نداو ره‌نگ پاره‌ ده‌كات‌
 
له‌نێو بولبولی باخچه‌كانی عێراق، ساڵانه‌ ژماره‌یه‌ك بولبولی ته‌فره‌ به‌ ره‌نگی سپی، دارسین، شەکەری و سیلڤه‌ر و به‌ڵه‌ك ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌و جۆرانه‌ بۆ ده‌نگ به‌خێوناكرێن، به‌ڵام به‌هۆی ره‌نگه‌كانیان له ‌وڵاتانی كه‌نداو خواستیان لەسەرە.
 
هۆشیار دوزی، گه‌نجێكی شاری كه‌ركووكه‌، پیشه‌ی سه‌ره‌كی كوتاڵفرۆشتنه‌، بەڵام كڕین و فرۆشتنیش بە بولبول دەکات، ئه‌و دەڵێت: "لێرە بەچکە بولبول دەکڕم و خزمەتیان دەکەم، دواتر بە کەنداوییەکانی دەفرۆشم، کە هەندێکیان لەوانە سپی چاو سوور، نرخیان دەگاتە سێ هەزار دۆلار".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.