بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، حکومەتی عێراق دان بە پرۆژەی 'هەژماری من'دا نانێت

25-02-2024
رێناس ساڵح
لۆگۆی 'هەژماری من'  و باڵەخانەی دادگەی فیدراڵیی عێراق.
لۆگۆی 'هەژماری من' و باڵەخانەی دادگەی فیدراڵیی عێراق.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، حکومەتی عێراق داننانێت بە پرۆژەی "هەژماری من"، چونکە بەگوێرەی بڕیارەکە تەنیا بانکە حکومییەکان دەتوانن هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە. 
 
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، حکومەتی عێراق پابەند دەکات بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کودستان، ئەمەش بەو مەرجەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە ئەلیکترۆنی. ئەم شێوازەی پێدانی مووچە لە ساڵی 2016ـەوە لە عێراق کاری پێدەکرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری بووڵتەنی ئابووریی رووداو، بە وردی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراقی شیکردەوە کە چۆن مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژماریان بۆ دەکرێتەوە و چۆن مووچەکانیان وەردەگرن. عێراق بۆ کردنەوەی هەژماری مووچەخۆران بانکە حکومی و تایبەتەکانی دیاریکردووە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا بانکە حکومییەکانی دیاریکردووە کە هەژمار بۆ مووچەخۆران بکەنەوە. لە عێراقیش سێ بانکی حکومی هەن ئەوانیش بانکی رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانیی عێراق (TBI)ن. لە هەرێمی کوردستان تەنیا بانکی TBI لقی هەیە، بانکەکانی رەشید و رافیدەین لە ساڵی 1991ـەوە لە هەرێمی کوردستان لقیان نەماوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019ـەوە داوا دەکات ئەو دوو بانکە لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە یەکێک لە بیانوەکانیان ئەوەیە دەست بەسەر موڵکەکانیاندا گیراوە. بانکی رەشید و رافیدەین پێش ساڵی 1991 لە هەرێمی کوردستان 25 موڵکیان هەبووە 12 کرێی بووە.
 
لە ماوەی هەشت مانگدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 210 هەزار مووچەخۆری لە سیستمی "هەژماری من"دا تۆمارکردوە. بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لانیکەم 12 مانگی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی مووچەی ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆر بە ئەلیکترۆنی بکرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو حکومەتی عێراق رەزامەند نابێت بەو شێوازەی تۆمارکردنەی مووچەخۆران، چونکە لەلایەن بانکی تایبەت هەژماریان بۆ کراوەتەوە، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیش تەنیا رەزامەندیی بە بانکە حکومەییەکان داوە. 
 
بەڵام تاوەکو ئێستا میکانیزمی تۆمارکردنەکە دیار نییە کە ئایا بۆ تۆمارکردن بانکی رەشید و رافیدەین بە کاتی دێنە هەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی یان نا.
 
21ـی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەوەی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و لەمەودوا دەبێ راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
 
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی 24-02-2024، قسەی بۆ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا کرد و رایگەیاند: "حکومەتی ناوەندی مانگانە مووچە بۆ فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی دەنێرێت، بەهەمان شێوەی مووچەخۆرانی حکومەتی ناوەندی. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بکات و، خۆی بگونجێنێت و پەلە بکات لە جێبەجێکردن و بەدەمەوەچوونی سەرجەم رێنماییەکان و ئەو پێداویستییانەی داوا دەکرێن بۆ بەجێگەیاندنی پرۆسەی بەنیشتمانیکردنی مووچە لە رێگەی بانکە پەسندکراوەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراقەوە." 
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 نووسینگە و دەروازەی دابەشکردنی مووچە بە کی کارد هەن، مووچەخۆرانی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2016ـەوە بە ئەلیکترۆنی مووچە وەردەگرن، کەواتە بۆ کردنەوەی هەژماری مووچەخۆران پێویست بە لقی ئەو بانکانە ناکات دوای تۆمارکردنی مووچەخۆر بە ئەلیکترۆنی مانگانە مووچەکەی دەچێتە سەر هەژمارەکەی لەو بانکانەوە لە دەروازەکانی کی کارد و ئامێرەکانی ATM مووچەکانیان وەربگرن. 
 
مەرج نییە فەرمانبەر تەنیا لە رێگەی ATMـی بانکی رەشید و رافیدەین مووچەکەیان وەربگرن دەتوانن لە ATMـی بانکەکانی دیکەش مووچەکانیان وەربگرن، تەنیا جیاوازیەکەی ئەو سوودەیە کە وەردەگیرێت ئەگەر بۆ ملیۆنێک دینار لە ATMـی بانکی رەشید و رافیدەین دوو هەزار دینار وەربگیرێت لە بانکەکانی دیکە رەنگە بگاتە سێ هەزار دینار بۆ هەر ملیۆنێک دینار.
 
بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 4000 ئامێری ATM پێویستن، تێچووی ئامێرێکی ATM لە 10 بۆ 15 هەزار دۆلارە، کاتی پێویست بۆ دانانی هەر ئامێرێکی ATM دوو رۆژ بۆ هەفتەیەکە.
 
 
 
رۆژی 24-02-2024 فالح داوود، بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هیچ کێشەیەک بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت، دواکەوتن لە کاتی مووچە نابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بانکێک دیارینەکراوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە