یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکان هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت

24-01-2024
رێناس ساڵح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیایەکی راوێژکاریی وزە رایدەگەیێنێت، لێکنزیکبوونەوە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە. سەرەڕای ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیا نەوتییەکانی بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوە لەبارەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
 
لە ئیمەیڵێکدا، کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی ناردووە و وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، ئەوە هاتووە، "ئامانج لە کۆبوونەوەکە پێدانی زانیارییە بە ئێوە سەبارەت بە پێشکەوتنی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئێوە و کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکەی هاوبەشتانەوە هەیە."
 
بابەتی قەرەبووکردنەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە دەبن، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، "لەم گفتوگۆیانەدا پێشوازی لە تێڕوانین و پێشنیازەکانتان دەکەین."
 
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە (APIKUR)، کە گرووپێکە لەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە رووداوی راگەیاند، کۆمپانیا نەوتییەکان بەوپەڕی پەرۆشییەوە چاوەڕوانی ئەو گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەن کە بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.
 
خاڵی هەرە ناکۆکی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی فیدراڵی، خەرجیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کۆمپانیا نەوتییەکان لەنێوان خۆیاندا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ژمارەیەکی دیاریکراو.
 
شوان زوڵاڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راوێژکاریی کاردۆخی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "ئەوندەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆسییەکە بم، لێکنزیکبوونەوە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکانی حکومەتی فیدراڵ نییە."
 
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن عێراقەوە گوتی، "عێراق پەلەی نییە، چونکە لە قازانجیەتی و بەرهەمی کێڵگەکان دەپاڵێوێت بۆ ناوخۆی خۆی، لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان بکاتە بەهانە بۆ وڵاتانی ئۆپیک کە بڕی کەمکردنەوەی ئەو نەوتەی لەسەری رێککەوتووە، لە بەرهەمهێنان کەمی بکاتەوە."
 
 
"کۆمپانیا نەوتییەکان زەرەری گەورەیان کردووە، بۆیە بەدەنگ هاتوون"
 
بە گوتەی شوان زوڵاڵ، کۆمپانیا نەوتییەکان لە "زەرەری گەورەدان" هەر ئەوەش هۆکاری بەدەنگهاتنیانە. محەممەد شێخ فاتیح، دەڵێت ژمارەی زۆر جیاواز دەگوترێن لەسەر تێچووی کۆمپانیاکان، پێشتر ئەوان لەگەڵ کوردستان بە 27، 30 یان 32 دۆلار لەسەر نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتوون، بەڵام لە عێراق باسی حەوت دۆلار و 18 دۆلار دەکرێت، هاوکات پرسیاری ئەوەی لە بەڕێوەبەری کۆمپانیا راوێژکارییەکە کرد، "تۆ نزیکیت لە کۆمپانیاکان و قسەت لەگەڵ کردوون، ئایا هیچ ژمارەیەکی دیاریکراو هەیە لەسەری کۆکبن؟"
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، شوان زوڵاڵ باسی لەوە کرد، کۆمپانیا نەوتییەکان یەکدەنگ نین لەسەرە ژمارەیەکی دیاریکراو، رەنگە کۆمپانیا بچووکەکان بە 12 دۆلار رازی ببن، کۆمپانیای دیکە هەیە بە 20 دۆلاریش رازی نابێت.
 
کۆمپانیا نەوتییەکان، وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راوێژکاریی کاردۆخی دەڵێت، "زەرەرمەندی گەورەن لەم کێشەیە، پێشتر کۆمپانیا نەوتییەکان زۆر بە کەمی قسەیان دەکرد، بەڵام ئێستا کۆمەڵەیان دروست کردووە تاوەکو دەنگیان بگات."
 
یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکان هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت
 
لە کاتێکدا کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی وتووێژن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەبارەت بە شایستە داراییەکانیان، رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر بوونەتەوە؛ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوتیش وەبەرهێنانەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
 
کۆمپانیای شاماران، کە کۆمپانیایەکی کەنەدییە و سەرنجی لەسەر وەبەرهێنانە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 22-01-2024 رایگەیاندووە، "پشکەکانی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی لە کێڵگەی ئەترووش دەکڕێتەوە."
 
کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی لە کێڵگەی ئەترووش خاوەنی 47.4%ی پشکەکانی کارکردن بووە. رۆشتنی ئەم کۆمپانیا گەورەی وزە لە کاتێکدایە، شوان زوڵاڵ دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی 40 کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان سەرکار بوون، بەڵام ئێستا نزیکەی حەت کۆمپانیان.
 
هاوکات رۆشتنی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتیشی بە مەترسی دەزانێت بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت لە هەرێمی کورستان.
 

 

 
کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، گەورە کۆمپانیای ئەمریکی رۆژی 01-01-2024 بە فەرمی سەرجەم پەیوەندییەکانی بە کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە لە پارێزگای بەسرە لە عێراق پچڕاند و کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی شوێنەکەی گرتەوە. محەممەد شێخ فاتیح دەپرسێت، ئەمە جیاوازیی چییە لە چوونی کۆمپانیای تاقە؟
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش شوان زوڵاڵ ئەەی خستەڕوو، ئیکسۆن مۆبیل کۆمپانیایەکی گەورەیە، قازانجی کۆمپانیاکە ساڵانە لە بودجەی عێراق گەورەترە، لەم دواییانە رووبەڕووی چەند کێشەیەک بووەوە و نەیدەویست بە تێوەگلانی گەندەڵی سزای سەدان ملیۆن دۆلار بدرێت لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاوە، بۆیە بۆ ئەو باشتر بوو عێراق بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەمەی تاقە "بە بڕوای من بەشێکی پەیوەندیدار بوو بە هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکان و ئێرانەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە