ئابووری
هاتووچۆی هەرێمی کوردستان: لە 2022 دا دوو ملیۆن و 71 هەزار و 626 ئۆتۆمبێل هەبوون. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، رایگەیاند؛ لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا ژاپۆن نزیکەی 58 هەزار ئۆتۆمبێلی هەناردەی عێراق کردووە کە بەهاکەی دەگاتە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، سەرۆکی دامەزراوەکەش دەڵێت " لاوازیی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی گشتی لە عێراق زیانی گەورە لە ئابووریی عێراق دەدات."
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، واتە لە ساڵی 2013 تاوەکو ساڵی 2022، هاوردەکارێکی گەورەی ئۆتۆمبێلە ژاپۆنییەکان بووە، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا بڕی 58 هەزار ئۆتۆمبێلی بە بەهای ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار هاوردە کردووە."
سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، پێیوایە ئەمە زیانێکی زۆرە بۆ ئابووریی وڵات، جگە لەوەش زیاد بە ژینگەی عێراق دەگەیێنێت، هەروەها دەڵێت: رێگەوبانەکانی عێراق توانای لەخۆگرتنی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلەی نییە.
بەپێی ئامارەکانی بەردەستی ئەو شارەزایەی ئابووری، عێراق لە ساڵی 2013دا زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێلی لە ژاپۆن هاوردە کردووە کە 14 هەزار و 942 ئۆتۆمبێل بووە نرخی تێکڕای ئۆتۆمبێلەکانیش بۆ یەک دانە 16 هەزار دۆلار بووە، ساڵی رابردووش 7 هەزار و 841 ئۆتۆمبێلی بە بەهای 298 ملیۆن و 78 هەزار دۆلار، هاوردە کردووە، واتە بەتێكڕا 38 هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک.
سەبارەت بە جیاوازی نرخی تێکڕای ئۆتۆمبێلەکان کە بە زیاتر لە 50٪ بەرزبووەتەوە، مەنار عوبەیدی گوتی: "ئەمە پەیوەندیی بەوەوە هەیە عێراقییەکان لە ئۆتۆمبێلی جۆری قەمەرەوە بەرەو کڕینی ئۆتۆمبێلی گەورە و پستن زۆر دەڕۆن و ئەوەش وایکردووە نرخەکان زیاتر بن و قەبارەی پارەکەش زۆرتر بێت."
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی لە ساڵی 2013 - 2022
- ساڵی 2013، 14 هەزار و 942 ئۆتۆمبێل بە بەهای 245 ملیۆن و 93 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2014، شەش هەزار و 255 ئۆتۆمبێل بە بەهای 164 ملیۆن و 99 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2015، پێنج هەزار و 331 ئۆتۆمبێل بە بەهای 169 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2016، یەک هەزار و 562 ئۆتۆمبێل بە بەهای 39 ملیۆن و 20 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2017، دوو هەزار و 260 ئۆتۆمبێل بە بەهای 71 ملیۆن و 87 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2018، سێ هەزار و 676 ئۆتۆمبێل بە بەهای 98 ملیۆن و 73 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2019، حەوت هەزار و 30 ئۆتۆمبێل بە بەهای 216 ملیۆن و 55 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2020، سێ هەزار و 103 ئۆتۆمبێل بە بەهای 88 ملیۆن و 71 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2021، پێنج هەزار و 991 ئۆتۆمبێل بە بەهای 202 ملیۆن و 21 هەزار دۆلار.
- ساڵی 2022، حەوت هەزار و 841 ئۆتۆمبێل بە بەهای 298 ملیۆن و 78 هەزار دۆلار.
رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە لە عێراق راگەیاند، بەپێی ئامارەکە، لە کۆتایی ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2021دا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، واتە بەڕێژەی 6٪ زیادیکردووە.
بەپێی وەزارەتەکە، بۆ هەر هەزار کەس، 128 ئۆتۆمبێل هەیە و هەر کیلۆمەترێک رێگەی قیرکراویش 127 ئۆتۆمبێل، 345 هەزار ئۆتۆمبێلیش ژمارە کاتیین کە رێژەی 5٪ـی کۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل دەکات و ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەمیشەییان هەیە رێژەی 56٪ـی کۆی ئۆتۆمبێلەکان دەبێت، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەشی تابلۆی نوێیان هەیە رێژەی 39٪ـی ئۆتۆمبێل پێکدەهێنن، ئەمە جگە لەو تابلۆیەی کە لە ساڵی 2022ـەوە دەدرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا دوو ملیۆن و 71 هەزار و 626 ئۆتۆمبێل هەبوون کە بەمشێوەیە دابەش دەبێت:
- تایبەت: یەک ملیۆن و 251 هەزار و 484
- کرێ: 97 هەزار و 461
- بارهەڵگر: 448 هەزار و 504
- ئامێری کشتوکاڵی: 41 هەزار و 66
- ئامێری بیناسازی: 30 هەزار و 520
- فەحس و کارتی زانیاری: 152 هەزار 164
- ئۆتۆمبێلی میری: 30 هەزار و 676
- ماتۆرسکیل: 19 هەزار و 751
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ