10 کارگەی دۆستی ژینگە رۆژانە دەیان تۆن کۆنە پلاستیک و نایلۆن بەکاردێنن

24-01-2021
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن سندووقی پلاستیکی جووتیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حاجی سەردار، سێ ساڵ لەمەوبەر گرفتی دەستکەوتنی سندووقی پلاستیکی هەبوو تاوەکو بەرهەمەکەی پێ بگوازێتەوە عەلوە، بۆیە بڕیاری دا كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی سندووقی پلاستیك له ‌هه‌ولێر دابمەزرێنێت. 
 
كارگه‌كه‌ی حاجی سه‌ردار ‌ئێستا جگه ‌له‌ پێویستییه‌كانی خۆی، نزیکەی 60%ی پێویستییه‌كانی جووتیارانی شاری هه‌ولێر دابین ده‌كات، هه‌ندێجاریش به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌كات.
 
سندووقی پلاستیك، یه‌كێكە له‌ پێویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به ‌بازاڕكردنی به‌رهه‌می سەوزە و میوەی خۆماڵی‌. پێشتر جووتیاران له‌ وه‌رزی به‌رهه‌مدا پشتیان به ‌سندووقی هاورده‌كراوی ئێرانی ده‌به‌ست، بەڵام سندووقی ئێرانی جگه‌ له‌ خراپی كواڵێتییه‌كه‌ی، هه‌ندێجاریش دره‌‌نگ ده‌گه‌یشت و جووتیاران بۆ به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان تووشی گرفت ده‌بوون.
 
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ژماره‌یه‌ك كارگەی دروستکردنی سندووقی پلاستیک‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراون، به‌سوود وه‌رگرتن له‌ پلاستیکی بەکارهاتوو، سندووقی پلاستیکی به‌ كواڵێتیه‌كی به‌رز بۆ جووتیاران دروست دەکەن.
 
حاجی سه‌ردارعه‌لی تاهیر، خاوه‌نی كارگه‌ی پلاستیكی جووتیاری چالاك له‌ هه‌ولێر، کە نووسینگه‌ی فرۆشتنی سه‌وزه ‌و میوه‌شی له ‌گومرگی هه‌ولێرهه‌یه‌، ده‌ڵێت: "ژماره‌یه‌ك جووتیار به‌رهه‌مه‌كانیان لای ئێمه‌ به‌ بازاڕ ده‌كرد، ئێمه‌ سندووقه‌كانمان له‌ ئێران و به‌غدا بۆ ده‌هێنان، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌كاتی خۆی نه‌ده‌گه‌یشت و دواده‌كه‌وت بۆیه‌ بڕیاری دامه‌زراندنی كارگه‌کەم دا".‌ 
 
كارگه‌كه‌ی حاجی سه‌ردار له‌ دوو به‌ش پێكدێت، به‌شێكی تایبه‌تە به‌ پاكکردنه‌وە و هاڕینی پاشماوه‌ی پلاستیك و كردنیان به ‌مادده‌ی خاو‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش بریتییه‌ له ‌به‌رهه‌مهێنانی سندووق و كۆگاكردنیان. کارگەکە توانای هەیە رۆژانه‌ نزیكه‌ی 12 هه‌زار سندووق به‌رهه‌م بهێنێت.
 
حاجی سه‌ردارعه‌لی، ده‌ڵێت "به‌پێی خواستی بازاڕ شه‌ش جۆر سندووق به‌ قه‌باره‌ی 10 كیلۆیی، 18 كیلۆیی، 20 كیلۆیی، 26 كیلۆیی، 28 كیلۆیی به‌رهه‌مده‌هێنین سندووقێكیش بۆ گواستنه‌وه‌ی جوجه‌ڵه‌ دروست ده‌كه‌ین، به‌ڵام زیاتر خواست له‌سه‌ر سندووقی قه‌باره 10 و‌ 18 و 20 كیلۆییە".
 
ئه‌م كارگانه‌ به دۆستی ‌ژینگه‌ ناسراون، چونكه‌ سه‌رجه‌میان‌ بۆ دروستكردنی سندووق پشت به‌‌ پلاستیك و نایلۆنی بەکارهێندراو ده‌به‌ستن، ئه‌م پلاستیك و نایلۆنانه‌ خه‌ڵك له‌شار و شاروچكه‌كان كۆده‌كرێنه‌وه‌ و به ‌بازرگان و كارگه‌ی بچووكه‌كان ده‌فرۆشرێن، ئه‌وانیش دوای هاڕین به ‌كارگه‌كانی پلاستیكی ده‌فرۆشن، كارگه‌كانیش دوای پاکكردنه‌وه‌ و له ‌رێگه‌ی تواندنه‌وه‌ دەیكه‌نه‌ مادده‌ی خاو و سندووقی لێدروستدەکەن.
 
حاجی سه‌ردار عه‌لی، ده‌ڵێت: "كارگه‌كه‌مان رۆژانه‌ پێویستی به‌ 6 تاوه‌كو 7 تۆن مادده‌ی خاو هه‌یه‌، بۆ مادده ‌خاوه‌كه‌ش پشت به کۆنە ‌پلاستیك و نایلۆن‌ ده‌به‌ستین، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی پاکكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی شار، له‌هه‌مانكاتیشدا دەر‌فه‌تی كاری بۆ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك ره‌خساندو‌وه‌، ئێمه‌ش سوودمان لێ بینیووه،‌ چونكه‌ به ‌نرخێكی هه‌رزانتر مادده ‌خاوه‌كه‌مان ده‌ستده‌كه‌وێت و ده‌توانین كێبڕكێی سندووقی هاورده‌ی پێبكه‌ین". 
 
هه‌ندێک له ‌كارگه‌كان ته‌نیا له ‌وه‌رزی به‌رهه‌م كارده‌كه‌ن، به‌ڵام كارگه‌كه‌ی حاجی سه‌ردار به‌رده‌وام له‌كاردایه‌، سندووقه‌كان له‌ شوێنی تایبه‌ت هەڵدەگرێت و له ‌وه‌رزی پێگەیشتنی به‌رهه‌مدا دەیانفرۆشێت.
 
حاجی سه‌ردار، ده‌ڵێت: "له ‌وه‌رزی به‌رهه‌م كارگه‌كه‌مان فریای خواستی بازاڕ ناكه‌وێت، چونكه‌ رۆژانه‌ ته‌نیا له ‌هه‌‌ولێر نزیكه‌ی 35 تاوه‌كو 40 هه‌زار سندووق ده‌فرۆشرێت و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش خواسته‌كه‌ ده‌گاته‌ 110 تاوه‌كو 120 هه‌زار سندووق. كارگه‌كان نزیكه‌ی 80%ی ئه‌و خواسته‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌‌‌".
 
له‌ پارێزگای سلێمانی ژماره‌یه‌ك كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سندووقی پلاستیكی هەن، زۆربه‌یان له‌ سنووری قه‌زای پێجوێنن، ئه‌م كارگانه‌  توانیویانه‌ ببنه‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌و سندووقه‌ پلاستیكیانه‌ی پێشتر جووتیاران و بازرگانان له‌ وه‌رزی به‌رهه‌مدا له‌‌ ئێران هاورده‌یان ده‌كرد.
 
كامه‌ران سه‌عدی، جووتیارێكی پێشكه‌وتووی پێنجوینه‌، له‌ وه‌رزی به‌رهه‌مدا ساڵانه‌ نزیکەی 250 هه‌زار سندووق به‌كارده‌هێنێت، ده‌ڵێت "پێشتر سندووقمان له ‌ئێران ده‌هێنا، كوالێتییه‌كه‌ی زۆر باش نه‌بوو، نزیكه‌ی 7%ی له‌ كاتی باركردن و گواستنه‌وه‌دا ده‌شكا، به‌ڵام ماوه‌ی دوو ساڵه‌ ژماره‌یه‌ك كارگه‌ له ‌پێنجوێن و سلێمانی دامه‌ز‌راون و كواڵێتیی سندووقه‌كانیان له‌ ئێرانییه‌كه‌ باشتره‌، بۆیه‌ ئێستا‌ پشت به‌ سندووقی خۆماڵی ده‌به‌ستین".
 
نرخی سندووقی كارگه‌كانی پێنجوێن له‌ کارگەکانی هه‌ولێر گرانتره‌، به‌پێی خواستی بازاڕ نرخه‌كانیان لە 900 دیناره‌وه‌ بۆ 1100 دینار به‌رزده‌بێته‌وه‌.
 
كامه‌ران سه‌عدی، ده‌ڵێت: "كارگه‌كان سندووقی شكاو به‌كارده‌هێنن، بۆیه‌ تێچوویان زۆر نییه‌، پێویستە بۆ راكێشانی سه‌رنجی جووتیاران و هاوکاریکردنیان سندووقه‌كان كه‌متر له‌و نرخه‌ بفرۆشن، چونكه‌ زۆرجار نرخی سەوزە و میوە زۆر داده‌به‌زێت، جووتیاران ناتوانن بەو نرخە سندووق بکڕن".
 
به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی هەرێمی کوردستان ‌10 كارگه‌ی بچووك و مامناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی سندووقی پلاستیكی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، هه‌ندێكیان ‌به‌رده‌وامیكار دەکەن و هه‌ندێكیشیان ته‌نیا له‌ وه‌رزی به‌رهه‌مدا. به‌هۆی زۆری خواستیش به‌رده‌وام ژماره‌یان له ‌زیادبووندایه‌. تازه‌ترین كارگەش، كارگه‌ی سندووقی شاره‌زووره‌ كه‌ له ‌ئه‌یلولی ساڵی رابردوو له ‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دامه‌زراوە.
 
سه‌یفه‌دین عه‌لی ئه‌حمه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری كارگه‌كه‌ به‌ رووداوی گوت: "كارگه‌كه‌مان رۆژانه‌ توانای هه‌یه‌ سێ هه‌زار سندووق به‌رهه‌م بهێنێت، ساڵی رابردوو له ‌کاتی پێگەیشتنی هه‌ناردا هه‌ندێكمان فرۆشت،‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندیی جووتیاران بوو".
 
ئه‌م كارگه‌یه‌ پشت به‌ كۆنه‌ ‌پلاستیك و نایلۆنی كۆكراوه‌ی كارگه‌كانی تانجه‌رۆ ده‌به‌ستێت، ته‌نیا وه‌رزی به‌رهه‌م كارده‌كات. سه‌یفه‌دین عه‌لی، ده‌ڵێت "له‌ وەر‌زی پێگه‌یشتنی ته‌ماته‌ ده‌ستبه‌كار ده‌كه‌ین، ‌ئێستا كارگه‌كه‌مان داخستووه‌ و خه‌ریكی هێنانی قاڵبی سندووقی 15 كیلۆیین له‌ ئێران بۆ ته‌ماته‌ی شاره‌زوو". 
 
كێشی سندووقه‌كان به‌گوێره‌ی قه‌باره‌یان ده‌گۆڕێت، بەڵام بە تێکڕا هەر سندووقێک پێویستی بە 700 تاوه‌كو 750 گرام مادده‌ی خاوی پلاستیک هەیە. ئه‌گه‌ر له ‌وه‌رزی به‌رهه‌مدا 120 هه‌زار سندووق به‌كاربهێنرێت، كه‌واته‌ ئه‌م كارگانه‌ له‌ وه‌رزی به‌رهه‌مدا رۆژانه‌ 84 تۆن‌ پلاستیك به‌كارده‌هینن، به‌ واتایه‌كی دیكه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ رۆژانه‌ 84 تۆن کۆنە پلاستیك هەڵدەگیرێتەوە.    
 
ئه‌ندازیار مسته‌فا زوبێر، به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری و سه‌رپه‌رشتیاری كارگه‌كان له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی، ده‌ڵێت: "ئێمه‌ پالپشتی دامه‌زراندنی ئه‌م جۆره‌ كارگانه‌ ده‌كەین، چونكه‌ دۆستی ژینگه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بنه‌ هۆی ره‌خساندنی هه‌لی كار. رێگریش له ‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ دەکەن".
 
سه‌ره‌ڕای بوونی به‌رهه‌مێكی زۆری سه‌وزه‌ و میوه‌ له ‌پارێزگای دهۆك، به‌ڵام هیچ كارگه‌یه‌كی مۆڵه‌تپێداری دروستكردنی سندووقی پلاستیك له‌م پارێزگایه‌دا نییه.‌
 
ئه‌ندازیارمسته‌فا زوبێر، ده‌ڵێت: "خواست له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ئه‌م جۆره‌ كارگانە‌ هه‌یه‌ و به‌رهه‌می كارگه‌ دامه‌زراوه‌كانیش هێشتا نه‌یانتوانیوه له‌ وه‌رزی به‌رهه‌مدا‌ 100% پێویستی جووتیاران پڕبكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ گوێره‌ی خواستی پارێزگاكان ئاسانكاری بۆ هه‌ر وه‌به‌رهێنەرێک ده‌كه‌ین كه‌ كارگه‌ی له‌م شێوهیە‌ دابمه‌زرێنێت".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.