رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نرخی مریشک 300 دینار لە پەلەوەرخانەکان بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی هاتنی وەرزی سەرما و کەمیی خستنەڕووە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2024) فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە پەلەوەرخانەکان نرخی مریشک 300 دینار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە دوو هەزار و 700 دینار."
فیراس سدیق باسی هۆکاری بەرزبوونەوەکەی کرد و گوتی "لە وەرزی زستان، بەخێوکردنی جوجەڵە پێویستی بە سووتەمەنی و تێچوویەکی زیاترە، خاوەن پەلەوەرخانەکان مریشکی کەمتر دەخە بازاڕەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی خستنەڕوو و زیادبوونی خواست، بۆیە نرخەکەی بەرزدەبێتەوە."
سەبارەت بە نرخی ئێستای مریشک، بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، گوتی "ئێستا نرخی یەک کیلۆ مرشکی قەبارە گەورە (زیاترە لە 3 کیلۆ) لە پەلەوەرخانەکان 2 هەزار و 650 بۆ 700 دینارە، پێشتر نرخەکەی 2 هەزار و 300 بۆ 400 دینار بوو، بەراورد بە پێشوو، 300 دینار زیادیکردووە و لە بازاڕەکاندا نرخەکەی دەگاتە 3 هەزار."
لە هەرێمی کوردستان، هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ساڵانە لە نێوخۆ زیاتر لە 265 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان لە یەک ساڵدا پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە، ئەوەی زیاد بێت هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ