کێشەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە چارەسەر کرا و 67 ملیار دیناری جووتیاران خەرج دەکرێت

23-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی کێشە بۆ بەشەپارەی نێردراو بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە دروستبوو، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سنوورەکە دەڵێت، کێشەکە چارەسەر کراوە.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەی خەرجنەکردنی پارەکە چارەسەر کرا و لە سبەیەوە جووتیاران دەتوانن سەردانمان بکەن".
 
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە گوتی، "ئەو جووتیارانەی کە گەنمیان رادەست بە سایلۆی سلێمانی کردووە، سبەی لە بەڵگەنامەی (مستندی) ژمارە 411 بۆ 545 سەردانی هۆبەی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەن لە ناحیەی پیرەمەگروون بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان".
 
بە پاساوی نەخوێندنەوەی سیستم، بانکی رافیدەین چەکی پارەی گەنمی سنووری سلێمانی و هەڵەبجەی تاوەکو ئەمڕۆ خەرج نەکردووە.
 
9ـی ئەیلوول، بڕیاری خەرجکردنی پارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە درا. ئەو بڕە پارەیەی چەکی خەرجکردنی دراوە، بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە: پارێزگای هەولێر 47 ملیار و 373 ملیۆن دینار؛ سلێمانی و هەڵەبجە 67 ملیار و 841 ملیۆن و دهۆک 35 ملیار و 541 ملیار دینار.
 
هەفتەی رابردوو چەکی بەشەپارەی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک خەرجکرا و زۆرینەی پارەکەش دابەشی سەر جووتیاران کراوە.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە تەنیا 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردبوو.
 
ئەو پارەیەی تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە نێردرابوو 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆن دیناریشی بۆ جووتیارانی دهۆک بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە