رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، کۆمپانیاکانی کۆمەڵەکەیان ئامادەن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بکەنەوە، بەڵام بەمەرجێک، رێککەوتنێک بکرێت، کە گرێبەستی کارکردنی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت.
رۆژی یەکشەممە (23ـی شوباتی 2025) کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە ئەندامانی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەن و وەبەرهێنان لە بواری نەوتی گازی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، رایگەیاند "هەروەکو هەمیشە دووپاتمانکردووەتەوە، ئەندامانمان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا، لەدوای گەیشتنە رێککەوتنێک کە مەرجەکانی ئابووری و بازرگانی و گرێبەستی کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەمان لەبەرچاو بگرێت."
لەو پەیامەیدا، ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات ئەوان "بەدوای رێککەوتنێکی نووسراوی تایبەت بە فرۆشتندا دەگەڕێین، لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە شەفاف بێت و گەرەنتی پارەدان بکات، بەبێ دەستوەردانی سیاسی."
دوێنێ، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون، داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو بڕە بەرهەمەی کێڵگە کاراکان بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بنێرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.
لە بەشێکی پەیامەکەی ئەپیکوردا هاتووە "کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەی ئەپیکور، سەرنجیان لەسەر کارکردنە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتنە چارەسەرێکی سوودبەخش و هاوبەش، ئێمە کۆکین لەگەڵ دوایین لێدوانی سەرۆکوەزیران سوودانی لە 22ـی شوبات، کاتێک رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئابووری عێراق بەهێزتر دەکات و تەواوی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانیشی دابین دەکات."
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدرالیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
لەسەرەتای ئەم ساڵ، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی ئەپیکور بە رووداوی راگەیاندبوو، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە 23 بۆ 24 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ