رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی بازاڕەکانی دراوی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاگادار دەکاتەوە، کەمتر لە یەک هەفتەیان لەبەردەم ماوە بۆئەوەی لە چوارچێوەی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی جۆرەکانی (A-B) یەکبگرن. گوتەبێژی بازاڕەکەش دەڵێت، "بەو پێیە ئەو 350 کۆمپانیایەی لە سلێمانی هەن دەبنە 70 کۆمپانیا."
رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی لەبارەی رێوشوێنەکانی یەکگرتنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بە رووداوی گوت، "بەپێی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بۆئەوەی کۆمپانیاکان سوودمەندبن لە وەرگرتنی دۆلار، دەبێت ژمارەیەک کۆمپانیا یەکبگرن، چونکە ژمارەیان زۆرە."
بە گوتەی گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئێستا بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لە چوارچێوەی جۆرەکانی (A-B) یەکبگرن، "دەبێت هەر پێنج کۆمپانیا یان 10 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو تاوەکو رۆژی 1ی ئاداری 2023 داواکاری بۆ یەکگرتن پێشکێش بکەن، رێوشوێنەکانی دواتریش کاتی زیاتریان دەوێت."
روونیشیکردەوە، "لەدوای ئەو رۆژەوە، بەپێی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستانیش، ئەو کۆمپانیایانە هیچ بەهایەکیان نامێنێت، واتە وەکو ئەوە وایە هیچ شتێک بەناوی کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوەوە نەبێت."
جەبار گۆران باسی لەوەش کرد، ئەو رێوشوێنانەی بازاڕەکە لە هەولێریش هەمان شتە و دەبێت لای ئەوانیش ئەو داواکارییانە تاوەکو 1ی ئادار بکرێت.
رۆژی 29ی کانوونى دووەمى 2023 بانکى ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، فەرمانى داوە بە هەریەک لە بانکەکانى بازرگانیى عێراقى (TBI) رافیدەین و رەشید بە زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى نەختینەیی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر و سلێمانى.
دابەشکردنی کۆمپانیاکان بەپێی جۆرەکانی (A-B-C-D) بەپێی سەرمایەکانیان دەبێت، بانکی ناوەندی دەیەوێت لە رێگەی ئەو رێوشوێنانەوە ژمارەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کەم بکاتەوە.
ماوەیەکە عێراق لە رێگەی ژمارەیەک رێوشوێنەوە دەیەوێت ئەو بڕە دۆلارەی کە رۆژانە بانکی ناوەندیی عێراق دەیفرۆشێت، رێگە لە چوونە دەرەوەی بگرێت کە بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە هۆشداری بە عێراق دراوە و مەرجەکانی پێدانی دۆلار بەم وڵاتە تووندتر بوون و مەرجەکانی فرۆشتنیشی لێ قورس کردووە، چونکە ئەمریکا پاساوی هەیە بۆ ئەو کارەی و پێیوایە دۆلارەکەی دەگاتە دەستی نەیارەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ