بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆپ 29 بۆ رووداو: ئامانجمان دۆزینەوەی سەرچاوەی داراییە

11-11-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ئیلنوور سوڵتانۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆپ 29
ئیلنوور سوڵتانۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆپ 29
نیشانەکردن کۆپ29
A+ A-
رووداو - باکوو

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا (کۆپ 29) دەڵێت، ئامانجیان لەم کۆنفرانسە دۆزینەوەی سەرچاوەیە، بەتایبەتی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو رێچکەیەی بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێ دەکرێت، راست بکرێتەوە. 
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-11-2024) ئیلنوور سوڵتانۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆپ 29 کە هاوکات جێگری وەزیری وزەی ئازەربایجانە، وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
 
سوڵتانۆڤ گوتی، ''گەورەترین شت قەیرانی کەشوهەوایە کە رووبەڕووی دەبینەوە. کۆپ 28 دەریخست ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بڕوات، بە 1.5 پلەی سیلیزی ناگەین (کە دانراوە).''
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆپ 29 گوتی، هەربۆیە ئامانجیان لە کۆپ 29، دۆزینەوەی سەرچاوەیە، بەتایبەتی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی رێچکەکەیان راستبکەنەوە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا کە ئایا ئەگەری هیچ رێککەوتنێک لەبارەی یارمەتیدانی وڵاتانی تازەگەشەسەندووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن دەوڵەمەندانەوە هەیە، سوڵتانۆڤ گوتی، ''نەخێر. وەکو خۆتان دەزانن، بەشە گرنگەکەی پارەی کەشوهەوا پێویستە لە وڵاتانی گەشەسەندووەوە بچێت بۆ وڵاتانی تازە گەشەسەندوو،  بەڵام تەرخانکردنی پارە بۆ کەشوهەوا بابەتێکی زۆر فراوانترە.''
 
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) ئەمڕۆ لە باکوو دەستیپێکرد و تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. کۆپ29، بە کۆبوونەوەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ پارەدارکردنی وڵاتانی هەژار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

دەقی پرسیار و وەڵامەکان: 

رووداو: تۆ وەک نوێنەرێکی ئازەربایجان، دەتانەوێت لەم لووتکەیەدا چی بەدەستبێنن؟
 
ئیلنوور سوڵتانۆڤ: وەکو خۆتان دەزانن، گەورەترین شت قەیرانی کەشوهەوایە کە رووبەڕووی دەبینەوە. کۆپ28 دەریخست ئەگەر وا بڕوات، بە 1.5 پلەی سیلیزی ناگەین. 1.5 بۆ ئێمە رێگەی شەڕکردنە بۆ رزگارکردنی جیهان. بۆیە ئامانج لە کۆپ29 دۆزینەوەی سەرچاوەیە، بەتایبەتی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی رێچکەکەمان راستبکەینەوە، لەوانەش لە رووی پلانی نێوخۆی وڵاتانەوە بۆ ئەوەی بە 1.5 پلە بگەین. ئەمە ئامانجی هەرە سەرەکیمانە لە کۆپ 29.
 
رووداو: یەکێک لە ئامانجەکانی کۆپ29 ئەوەیە وڵاتانی دەوڵەمەند یارمەتیی وڵاتانی هەژار بدەن، ئەوانەی وەک وڵاتەکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە لەم لووتکەیەدا رێککەوتنێک لەو بارەیەوە بکرێت؟
 
ئیلنوور سوڵتانۆڤ: نەخێر. وەکو خۆتان دەزانن، بەشە گرنگەکەی پارەی کەشوهەوا پێویستە لە وڵاتانی گەشەسەندووەوە بچێت بۆ وڵاتانی تازە گەشەسەندوو، قسەکەت زۆر راستە. بەڵام تەرخانکردنی پارە بۆ کەشوهەوا بابەتێکی زۆر فراوانترە. پێمانوایە پێویستە ئەو پارەیە ببێتە هاندەرێک، هەروەها پێویستە بەشێوەیەکی ستراتیجی بۆ کەرتی تایبەتیش بەکاربهێنرێ. بەڵام پێویستە ئەم کارە بەگوێرەی سێ رێککەوتنەکە بکرێت، بەتایبەتی رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی کەشوهەوا و رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس، کە کڕۆکی ئەو رێککەوتنانە داوای پشتیوانیی وڵاتانی گەشەسەندوو بۆ وڵاتانی تازە گەشەسەندوو دەکات.  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە