رووداو دیجیتاڵ
وێڕای زیادکردنی ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو و بە 750 دینار دەفرۆشن، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بەردەوامە و ئەمڕۆ لیتری دەبێتە 925 دینار.
جەنگی مەجید، بازرگانی فرۆشتنی بەنزین ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینی نۆرماڵ زیاتر بەرزبووە و بە کۆ، لیترێک بەنزین بە 905 دینارە، لە بەنزیخانەکانیش لیتری زیاتر لە 20 دیناری دەخرێتەسەر".
بەگوێرەی بەرزبوونەوەی نرخەکە، ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکان لیترێک بەنزین دەبێتە 925 بۆ 935 دینار.
18ـی ئەم مانگە، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بە کۆ، 805 دینار و لە بەنزینخانەکان 820 دینار بوو، رۆژی دواتر بووە 875 دینار.
لە سلێمانی نرخی بەنزینی نۆرماڵ تاوەکو 14ـی ئاب 850 دینار بوو، لە 15ـی ئابەوە لیتری 25 دینار بەرزبووەوە و گەیشتە 875 دینار و تاوەکو ئەمڕۆ بەرزتر نەبووەتەوە.
لە هەولێر بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ژمارەی ئەو بەنزینخانانە زیادکران کە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو و بە 750 دینار دەفرۆشن. بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ژمارەی بەنزینخانەکان لە 16 بەنزینخانەوە کراون بە 29 بەنزینخانە کە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دەفرۆشن.
سەرەتای مانگی چواری ئەم ساڵ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان 775 دینار بوو.
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەیە کە لیتری لە نێوان 950 بۆ 1500 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ