رووداو - دهۆک
حکومەتى تورکیا "بەشێوەیەکى کاتى" دەروازەی سنووری سەرزێری لە سنوورى قەزاى ئامێدى لەنێوان باشوور و باکوورى کوردستان داخست.
سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەرى شارۆچکەی کانى ماسێ-ی سەر بە قەزای ئامێدى هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، دەروازەکە ئێستا داخراوە، بەڵام هەوڵ بۆ کردنەوەی لەئارادایە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دەروازە سنوورییەکە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەهۆى چالاکى پەکەکە لە سنوورى کانى ماسێ، ئەمڕۆ 22-1-2019 تورکیا بەشێوەیەکى کاتی دەروازەکەی داخستووە".
بەگوتەی ئەو سەرچاوە، داخستنەکە کاتییە، پەیوەندى لەنێوان والى جۆلەمێرگ و بەرپرسانى سنوورى قەزای ئامێدى هەبووە و "پێدەچێ لە نزیک کاتدا بکرێتەوە".
دەروازەی سنووری سەرزێر نزیکەى چوار ساڵە لەنێوان باشوور و باکوورى کوردستاندا کراوەتەوە، رۆژانە لە کاژێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 05:00ی ئێوارە کراوەیە. رۆژانە لەنێوان 200 بۆ 750 کەس هاتووچۆ لەڕێگەی دەروازەکەوە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ