لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی رادەستی حکومەتی عێراق کرا؛ مووچەیان دەبێتە چەند؟

21-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی و بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، رادەستی حکومەتی عێراق کرا.
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کەمترین مووچەی خانەنشینی دەبێتە 600 هەزار دینار و زۆرترینیش دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار. 
 
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا کە لیستی خانەنشینان دراوەتە بەغدا، لیژنەیەکی هاوبەشی هەولێر و بەغدا هەیە وردبینیی تێدا دەکات و دەبێت لە دوو مانگدا کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت و ئیدی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینان بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت."
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان گوتی، "ئێستا کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە. یاساکە جێبەجێ بکرێت، کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە." 
 
بە گوتەی سادق عوسمان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە و لەبارەی گۆڕانکاری لە مووچەی ئەوانەش ئەو مووچەیە وەردەگرن، گوتی، "بەگوێرەی بڕوانامە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مووچەیان لانیکەم دەبێتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان گوتی، "2 مانگ کات بۆ جێبەجێکردنی یاساکە هەیە، بەڵام چەند بڕگەیەکی هەیە. دەکرێت بۆ ئەم مانگە بڕگەی مووچەکە پەسند بکرێت و مووچەی مانگی حەوت بە هاوتاکراوی بێت یانیش مانگی هەشت، زیادەی مووچەی مانگی حەوت بدرێت." 
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، "ئەمڕۆ 21-07-2024، لیستی مووچەی مانگی تەمموز رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا. لیستی مووچەی مانگی تەممووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. لیستی مووچەی خانەنشینانیش بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانە کرا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە