رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت، پێشبینیی ناکەن بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بگاتە دەوروبەری 170 بۆ 175 هەزار دینار و دەشڵێت: "ئەم 10 رۆژە بەهای دۆلار بەمشێوەیەی ئێستا جێگیر دەبێت و رەنگە دوای 10ـی شوبات بەهای دۆلار دابەزێت."
رۆژی شەممە، 21-1-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 165 هەزار و 700 دینار، بەڵام ئێستا کاژێر (5:00ی ئێوارە) بە 164 هەزار و 700 دینارە."
حاجی سابیر باواجی گوتیشی: "پێشبینیی دەکەین بەهای دۆلاری ئەمریکی لەم 10 رۆژە هەر بەمشێوەی ئێستا جێگیر بێت و دەوروبەری 165 و 164 بێت و دوای 10ـی شوبات (دوای جێبەجێکردنی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق) بەهای دۆلار دادەبەزێت و بەهای دینار بەرزدەبێتەوە."
لەبارەی تمەنی ئێرانیش حاجی سابیر باواجی گوتی: "بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لەسەر ئێرانە، ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە چوار ملیۆن و 400 هەزار تمەن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر گوتیشی: "تائێستا بازاڕ بەهۆی ئەو ناجێگیرییەی بەهای دینار بەخۆیەوە بینیویەتی، شڵەژاوە."
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەم مانگە؛ ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت: "بازاڕ ناجێگیرە و هەموو کەسێک شڵەژاوە. خەڵکێکی زۆر زەرەریان کردووە، من کە کاری خۆمە لە کڕین و فرۆشتن، نزیکەی 46 ملیۆن دینار زەرەرم کردووە. خەڵک هەیە زیاتر لە 120 ملیۆن دینار زەرەری کردووە. ئەوەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین، کارەساتە."
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ