پارێزگارێکی نوێ لە بانکی ناوەندی تورکیا دەست بەکاربوو

20-04-2016
رەسەن رەمزی
.....
.....
نیشانەکردن بانکی ناوەندی تورکیا
A+ A-

رووداو - ئیستەنبوڵ

دوای پێنج ساڵ ئەردەم باشچی، پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا، پۆستەکەی خۆی رادەستی جێگرەکەی کرد و ، دوای گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیاش، ئەو بانکە بڕیاریدا رێژەی سووی بانکی لە 10.5%ـەوە داببەزێنێت بۆ 10%، چاوەڕوانیش دەکرێت بە کەمکردنەوەی رێژەی سوو ئابووری تورکیا و بازاڕەکانی ئەو وڵاتە بوژانەوەیەکی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن.

قۆناخێکی تازە لە بانکی ناوەندی تورکیا دەستیپێکرد. ئەردەم باشچی دوای پێنج ساڵ لە سەرۆکایەتی کردنی بانکی ناوەندی تورکیا، پۆستەکەی رادەستی مورات چەتینی جێگرەکەی کرد.

موراد چەتین لە پۆستێکی گرنگدا دەکەوێتە ململانێی نێوان رەوشی بازاڕ و پاڵەپەستۆ دەرەکییەکانی بانکی ناوەندی تورکیا بۆ دابەزاندنی رێژەی سووی بانک لەو وڵاتە.

ئارام ئەکین دوران، ئابووریناس لە ئیستەنبوڵ پێوایە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی تورکیا لەلاین موراد چەتین مانای کردنەوەی دەرگایەکە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانک لە تورکیا.

یەکێک لەو هەوڵانەی کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی تازەی بانکی ناوەندی تورکیا بیدات هەنگاوانە بۆ زیادکردنەوەی دراوی یەدەگ لە خەزێنەی وڵات. لەکاتێکدا کە دراوی یەدەگ لەماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو لە بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە کەمی کردووە.

شەرەف ئۆگۆز، ئابووریناس دەڵێت "لەماوەی رابردوودا بانکی ناوەندی تورکیا بەهۆی هەڵبەزین و دابەزێن لە نرخی دراوی بیانی لە تورکیا تووشی لەدەستدانی رێژەیەکی زۆر لە دراوی یەدەگ بوو و هەوڵیشیدا بەبێ زەرەر ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە بۆیە هەنگاوی باشی نا. بەڵام هەر وەک چۆن سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت دەبێت یەدەگی دراو لە بانکی ناوەندی تورکیا لە سەرووی 100 تاوەكو 130 ملیار دۆلار بێت ئەو کاتە تورکیا دەتوانێت بگاتە ئەو ئامانجەی کە بۆ گەشەکردنی ئابووری وڵاتەکەی دایڕشتووە".

لەماوەی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەهۆی بەرزکردنەوەی رێژەی سووی بانک و سیاسەتی دراو رەخنەیەکی زۆری ئاراستەی بانکی ناوەندی تورکیا کرد، چاوەڕوانیش دەکرێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی تازە لە بانکی ناوەندی، گۆڕانکاری لە رێژەی سووی بانک و سیاسەتی دراو بکرێت لە تورکیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە