وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەڵبوەشێننەوە

20-01-2018
بیلال سەعید
نیشانەکردن ئاشتی هەوارمی سامانە سرووشتییەکان نەوتی کوردستان
A+ A-

یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان (ژمارە 22ی ساڵی 2007) یەكێك لە یاسا گرنگە پەسەندكراوەكانی پەرلەمانی كوردستانە كە بەشێوەیەكی ورد و لەلایەن تیمێكی ناوخۆیی و بیانی بۆ بارودۆخی كوردستان ئامادەكراوە، بۆیە ئەگەر تۆكمەیی ئەم یاساییە بەشێكی بۆ كەسایەتی د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بگەڕێتەوە، بەهەمان شێوە خراپ مامەڵەكردن و جێبەجێنەكردنی ناوەڕۆكی ئەم یاسایە و خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنیشی بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و دەركردنی یاسای نەوت و گاز تەنیا دوو ساڵ نێوانیانە، چونكە دروستكردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەگەڕێتەوە بۆ كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005 كە بە كابینەی یەكگرتووی حكومەت ناسراوە، لەو ماوەیەدا كە دەكاتە چوار كابینە و 13 ساڵ، تا ئێستا یەك وەزیر سەرپەرشتی دۆسیەی نەوت و گازی كوردستانی كردووە، بۆیە دەكرێت بڵێین ئەگەر سەركەوتنێك هەبێت، ئەم وەزیرە بەشداری سەرەكییە و ئەگەر هەڵە و فەشەلێك هەبێت، بەهەمانشێوە بەڕێزیان پشكی شێری بەردەكەوێ.

یاسای نەوت و گاز بە بناغەی بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گازی كوردستان دادەنرێت. ناوەڕۆكی یاساكە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ‌ بكرێ‌، پێویستی بەچەندین یاسای دیكەی پاڵپشت هەیە، بەڵام لەماوەی 11 ساڵی رابردوودا تەنیا دوو یاسا دەركراون، ئەوانیش یاسای شایستە داراییەكان (یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2013)، هەروەها  یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان (یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2015).

ئەوەی پەیوەستە بە یاسای شایستە داراییەكان، زیاتر بۆ شەرعیەتدان بوو بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، هەروەها یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان كە خواستێكی هەمەلایەنەی پەرلەمانتارانی لەسەر بوو، ئومێدێكی گەورەی لەسەر هەڵچنرابوو، بەڵام تاوەكو ئێستا دانەمەزراوە و ستافی بەڕێوەبردنی نییە.

یاسای نەوت و گازی كوردستان لە 17 بەش و 61 ماددە پێكهاتووە. ئەگەر وردبینەوە لە دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت، دەكرێت بڵێین لە نێوان وەزیر و ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گاز و كۆمپانیا نیشتمانییەكاندا دابەشكراوە، بەڵام كاتێك سەیری مامەڵەی 13 ساڵی رابردووی دۆسیەی نەوت لە كوردستان دەكەین، دەگەینە ئەو راستییە كە وەزیری سامانە سروشتییەكان بەمەبەست رێگر بووە لە دروستبوونی كۆمپانیا نیشتمانییەكان و دانەمەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان و دەسەڵاتەكانی ئەوانیشی بەكارهێناوە! جگە لەوەی لە ئەنجامی بێدەنگی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز دەسەڵاتەكانی ئەوانیشی بەكارهێناوە كە لەبەشی سێیەم لە ماددەی چوارەمدا ئاماژەی بە پێكهاتەی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كردووە:

1- سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران- سەرۆكی ئەنجوومەن.
2- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ـ جێگر
3- وەزیری سامانە سروشتییەكان - ئەندام
4- وەزیری دارایی - ئەندام
5- وەزیری پلاندانان – ئەندام

هەروەها ماددەی پێنجەمی یاساكە باسی ئەركەكانی ئەنجوومەن دەكات كە بریتین لە:

1- دانانی پرنسیپە گشتییەكان بۆ سیاسەتەكانی نەوت و پلانی بەدواداگەڕان و پەرەپێدانی كێڵگەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەمواركردنەكانیان.
2- پێدانی رەزامەندی بۆ گرێبەستەكانی تایبەت بە پرۆسەكانی نەوت.
3- دیاریكردنی ئاستی بەرهەمهێنان، بەشێوەیەك لەگەڵ بڕگەی دووەمی ماددەی 112ی دەستووری فیدراڵی بگونجێت.


جگە لە بەشی پێنجەمی یاساكە كە كرۆكی یاساكەیە و تایبەتە بە دامەزراندنی كۆمپانیا نیشتمانییەكان و كار و دەسەڵاتەكانی كە پێكدێت لە:

1- كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت.
2- كۆمپانیای كوردستانی نیشتمانی نەوت
3- كۆمپانیای كوردستان بۆ بەبازاڕكردن.
4- كۆمپانیای كوردستان بۆ پرۆسەكانی پاڵاوتنی نەوت و پاشكۆكانی.

لەبەرئەوە تاكلایەنە بڕیاردان لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز و رێگرییەكان لە دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینی، هەروەها وەڵامنەدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران و میدیاكارانی كوردستان و ناڕوونی لە رێككەوتن و فرۆشتن و هەناردە و بەبازاڕكردنی نەوتی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوودا، رۆژ بەڕۆژ ناو و پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لەكەدار كرد كە بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ خراپ مامەڵەكردنی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و بەكارهێنانی یاسای نەوت و گاز لەپێناوی ئەو بەرنامە و پلانەی كە خۆی باوەڕی پێیەتی، بەبێ گوێگرتن لە پسپۆڕانی ناوخۆیی و پەرلەمان.

بۆیە ئێستا كە خواستی بەشێك لە پەرلەمانتاران بۆ لێپێچینەوە لە وەزیری سامانە سرووشتییەكان هەیە، ئەگەر بەشێكیشی پەیوەست بێت بە ناكۆكی نێوان هێزە سیاسیەكان و نزیكبوونەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پرسیار لەم دۆسیەدا بەبێ وەڵام ماونەتەوە كە لە وتاری پێشترم لە رۆژنامەی رووداو 21 پرسیارم ئاراستەی وەزیری سامانە سرووشتییەكان كردبوو..
بۆیە لەو قۆناغەدا چەند هەنگاوێك بە گرنگ دەزانم بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی نەوت و گازی كوردستان:

1- هەمواركردنەوەی یاسای نەوت و گازی كوردستان و دەركردنی یاسای تایبەت بە كۆمپانیا نیشتمانییەكانی كەرتی نەوت و گازی كوردستان.

2- وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەڵبوەشێنرێتەوە و كار بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز رابگیرێت، لەجیاتی ئەوە پێشنیاری دروستكردنی دەستەی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی كوردستان دەكەم كە لە ژێر چاودێریی پەرلەماندا بێت.

3- دەكرێت پێكهاتەی دەستەكە لە بەڕێوەبەرانی كۆمپانیا نیشتمانییەكان و سندوقی داهاتی نەوت و گازی كوردستان و پسپۆڕانی تایبەتمەندی پێویست بێت.

بە دروستبوونی ئەم دەستەیە، دەكرێت قۆناغێكی نوێ لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز لە كوردستان بێتەكایەوە و كۆی دەسەڵاتەكان لە یەك كەس و لە یەك هێزی سیاسیدا كۆنەبێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی هێنانە پێشەوەی خەڵكانی پسپۆڕ و تەكنۆكرات و دابەشبوونی دەسەڵاتەكان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە