وەزارەتی دارایی عێراق 100 ملیار دینار بۆ حەشدی شەعبی خەرج دەکات

19-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن حەشدی شەعبی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی 100 ملیار دیناری بۆ هێزەکانی حشدی شەعبی دەرکرد کە تایبەتە بە خەرجکردنی جیاوازییەکانی مووچەی ئەندامانی ئەو هێزە.
 
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نووسرای ژمارە 114219 کە ئەمڕۆ واژۆیکردووە، بڕیاری خەرجکردنی بڕی 100 ملیار دیناری بۆ دەستەی حەشدی شەعبی دا بۆ ئەوەی جیاوازیی مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی پێ پڕبکرێتەوە و ئەو پارەیان پێ بدرێتەوە. 
 
محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 19-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو جیاوازیی مووچەیەی هەیە، بۆ رێکخستنەوەی مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبییە، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی پێشوودا مووچەیان کەمبووە و مووچەیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی جیاوازە".
 
محەممەد نووری گوتی، "پێشتر پێشنیازکرابوو ساڵانە بڕی 250 ملیار دینار بۆ قەرزی جیاوازیی مووچەکانیان بە ئەندامانی حەشدی شەعبی بدرێتەوە، بەڵام دواتر لە پەرلەمان کرا بە 100 ملیار دینار"؛ روونیشیکردەوە، "بڕی پارەکە زۆرە و بە چەند ساڵێک دەبێت بدرێتەوە".
 
مادەی 19ـی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، وەزارەتی دارایی پابەند دەکات ئەمساڵ بڕی 100 ملیار دینار بۆ پێدانی جیاوازیی مووچەی ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی بدات، هەروەها ساڵانی 2024 و 2025ـیش دەبێت ئەو پارەیە بدات.
 
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023، زۆرترین فەرمانبەر لە وەزارەتى پەروەردەی عێراقن کە 963 هەزار و 949 فەرمانبەرن؛ دواتر وەزارەتى ناوخۆ دێت کە 704 هەزار و 446 فەرمانبەرى هەیە؛ وەزارەتى بەرگرى لە پلەى سێیەمدایە بە 453 هەزار و 951 فەرمانبەر؛ وەزارەتى تەندروستى لە پلەى چوارەمدایە بە 488 هەزار و 550 فەرمانبەر؛ دەستەى حەشدی شەعبیش کە 238 هەزار و 75 کارمەندى هەیە لە پلەی پێنجەم دێت. حەشدی شەعبی لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـدا بڕی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 914 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە