رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی مووچەی مانگی ئاب، بەشێکی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەی کەمتریان لە شایستەی خۆیان وەرگرت. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، کێشەکە مانگی داهاتوو چارەسەر دەکرێت.
وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە، دوێنێ هەینی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرگرت.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەمییەی لە مووچەی مانگی 8ی بەشێکی خانەنشینان دروست بوو ئەم مانگەش چارەسەر نەکرا و بەشێکی خانەنشینان کەمتر لە شایستەی خۆیان وەرگرت."
لێبڕینەکە بەگوێرەی مووچەکە جیاوازە. سادق شێخ عوسمان گوتی، خانەنشین هەیە 180 هەزار دیناری لێبڕاوە؛ هەیە کەمتر و هەیە زیاتر. ئاماژەی بەوەش کرد، "کێشەکە لەکاتی هاوتاکردنی مووچە دروستبووە و بڕیارە لە مووچەی مانگی داهاتوودا چارەسەر بکرێت."
مانگی پێشوو بەشێکی خانەنشیان زیاتر لە شایستەی خۆیان پارەی مووچەی مانگی ئابیان وەرگرت. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان گوتی، "ئەوانەی مانگی پێشوو پارەی زیادیان وەرگرتووە، ئەم مانگە چاککراوە و شایستەی خۆیان بێ کەم و زیاد وەرگرتووە."
مانگی تەممووز بۆ یەکەمجار خانەنشینانی شارستانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی وەکو خانەنشینانی عێراق مووچەیان وەرگرت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینانی سەربازی هاوتا نەکراوە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەمموزی ئەم ساڵ جێبەجێ نەکرا.
پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو. بەگوێرەی یاساکە، کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
بەگوێرەی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینار بوو، دوای هاوتاکردن لانیکەم بووە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان بووە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ