رووداو دیجیتاڵ
تورکیا رایگەیاند هێشتا عێراق ئاگاداری نەکردوونەتەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025) ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "هێشتا هیچ ئاگادارینامەیەک بۆ تورکیا نەنێردراوە، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - جەیهان."
ئەم لێدوانە نوێیەی وەزیری وزەی تورکیا لەدوی لێدوانەکەی رۆژی سێشەممەی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراقی دێت کە رایگەیاندبوو، "شاندێک لە وەزارەتی نەوت بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، بەشی یاسایی و ئابووری و کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) سەردانی هەولێر دەکات بۆ دانوستاندن لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوتی هەرێم."
ئەمە جگە لەوەی لە رۆژی دووشەممە (17ـی شوبات) کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان بەوەکالەت، لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لابراون و مانگی داهاتوو هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، 23 مانگە هەر مانگێک کەمتر لە ملیارێک دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە. گوتیشی، "عێراقیش گەیشتە ئەو بڕوایەی زیانی گەورەی لە خۆی و هەرێمی کوردستانیش داوە، بۆیە هەموارکردنی بودجە پەسند کرا."
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو بە رووداوی راگەیاندبوو، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە "23 تاوەکو 24 ملیار دۆلار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ