ساڵی رابردوو هاورده‌کردنی ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێمی كوردستان بە رێژەی 34٪ کەمی کردووە

19-02-2021
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ئۆتۆمبێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بارزگان و كۆمپانیاكانی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل ده‌ڵێن ساڵی رابردوو بەهۆی كۆرۆنا، كه‌ره‌نتین و دواكه‌وتن و لێبرینی مووچه،‌ فرۆشی ئۆتۆمبێلی له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر کەمی کردووە و هاوردەکردنیش بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 34٪ کەمی کردووە.
 
ده‌ریا وریا، به‌ڕێوه‌به‌ری فرۆشتنی كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانی ئۆتۆمبێل، ده‌ڵێت: به‌هۆی كاریگه‌ریی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه‌ره‌نتین، قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ و دواكه‌وتن و لێبرینی مووچه‌، فرۆشی كۆمپانیاكه‌یان له‌ ساڵی رابردوو به ‌رێژه‌ی 50% دابه‌زی" .
 
كۆمپانیاكه‌ی ده‌ریا ماوه‌ی 11 ساڵه‌ بریكاری سه‌ره‌كی كۆمپانیای كیا ماتۆرزی كۆرییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا كۆرییه‌كه‌ واژۆیان كردووه‌ ده‌بێت ساڵانه‌ لانیکەم 2,550 ئۆتۆمبێلی تازه‌ هاورده‌ بكه‌ن.
 
کۆمپانیاکە ساڵی 2019 زیاتر له 3,880 ئۆتۆمبێلی هاورده‌كرد، پلانیان هه‌بووه‌ له ‌ساڵی 2020 هاوردە به ‌رێژه‌ی 15% زیاد بكه‌ن، به‌ڵام دواجار ته‌نیا توانیان نزیكه‌ی 2,700 ئۆتۆمبێل هاورده‌ بكه‌ن.
 
زۆربەی ئه‌و كۆمپانیایانەی‌ كه ‌بریكاری كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلن، بۆ كێبڕكێی كۆمپانیا بچووكه‌كان و بازرگانان، كه ‌ئۆتۆمبێلی تازه‌ و به‌كارهاتوو هاورده‌ ده‌كه‌ن، بە گەرەنتی سێ ساڵ یان 60 هه‌زار كیلۆمه‌تر لێخوڕین دوای فرۆشتن، ئۆتۆمبێله‌كانیان ده‌فرۆشن.
 
ده‌ریا وریا، ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زیاتر كڕیاران به‌لای خۆمان رابكێشین و كێبڕكێی بازاڕ بكه‌ین ساڵی رابردوو قازانجمان له ‌3% بۆ 1% دابه‌زاند، به‌ڵام سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ش هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020مان له‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌‌، كه ‌ده‌بووایه‌ تاوەکو مانگی ئه‌یلول كه ‌مۆدێلی تازه‌ ده‌ردەچێت فرۆشرابان، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وانیش به ‌زه‌ره‌ر بفرۆشین".
 
بارودۆخی كۆمپانیای جیهان مۆتۆرزیش، کە بریکاری کۆمپانیای توتۆتای ژاپۆنییە، زۆر لە کۆمپانیاکانی دیکە باشتر نییە.
هونه‌ر عه‌بدولـله‌تیف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز بۆ بازرگانی ئۆتۆمبێل، ده‌ڵێت: "كۆرۆنا كاریگەری زۆر خراپی له‌سه‌ر فرۆشی كۆمپانیاكه‌مان هه‌بوو، به ‌جۆرێك فرۆشی ساڵی رابردوومان ‌به‌راورد به ‌ساڵی پێشتر به‌ رێژه‌ی 40% دابه‌زی، بەوهۆیەوە قازانجمان 70٪ کەمیکرد".
 
كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمه‌تر ده‌فرۆشێت، نرخی ئۆتۆمبێله‌كانیش به ‌گوێره‌ی جۆر و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان له‌ نێوان 17 تاوه‌كو 90 هه‌زار دۆلار دایه‌.
 
هونه‌ر ده‌ڵێت: ساڵی رابردوو له ‌هه‌موو جۆره‌ ئۆتۆمبێله‌كان فرۆشیان هه‌بووه‌، به‌ڵام زیاتر خواست له‌سه‌ر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیان هەبووە، كه ‌نرخه‌كانیان له‌ نێوان 17 تاوه‌كو 30 هه‌زار دۆلار دایه‌.
 
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی كۆمپانیای جیهان ماتۆرز پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئەمساڵ نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له 50 دۆلار دانه‌به‌زێت و هەولێر و بەغدا رێکبکەون، ئه‌وا كاریگەری زیانەکانی ساڵی رابردوو و دابه‌زینی نرخی دینار به‌رامبه‌ر به ‌دۆلار له‌سه‌ر فرۆشی ئۆتۆمبێل زۆر نابێت، به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ فرۆشی ئۆتۆمبێل له‌ ساڵی 2021 باشتر نابێت له‌ ساڵی رابردوو. دەشڵێت ئەگەر بەغدا و هەولێر رێکنەکەون رەنگە ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیاكان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیان ناچاربن په‌نا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ و ژماره‌ی كارمه‌نده‌كان ببه‌ن، ئه‌مه‌ش بێكاری زیاتری به‌دوادادێت.
 
سەبارەت بە کاریگەری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، هونەر دەڵێت: "به‌هۆی دابه‌زاندنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به ‌دۆلار ئه‌مساڵ به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌خۆ 20%ی فرۆشی ئۆتۆمبێل داده‌به‌زێت".
 
به‌شێك له‌و چالاكییه‌ گه‌رمه‌ی له ‌ساڵانی رابردوو له‌‌بواری بازرگانیی ئۆتۆمبێل له‌‌ هه‌رێمی كورستان هه‌بوو‌ بۆ جیاوازی نرخ و خواست له‌سه‌ر تابلۆی هه‌ولێر له ‌‌شاره‌كانی عێراق دەگەڕایەوە، بۆیه‌ وه‌ك كۆمپانیا بازرگانییه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆی نێوان شاره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ساڵی رابردوو كاردانه‌وه‌ی زۆر خراپی له‌سه‌ر ئه‌م جوڵه‌ بازرگانییه‌ هه‌بووه‌.
 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل، ده‌ڵێت: "له‌دوای هه‌ڵگرتنی كه‌ره‌نتین بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك بازاڕی ئۆتۆمبێل كه‌مێك جوڵە‌ی تێكه‌و‌ت، به‌ڵام به‌هۆی دابه‌زاندنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به ‌دۆلار جارێكی دیكه‌ فرۆش دابه‌زی، به‌م هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020مان له‌سه‌ر مایه‌وه‌‌، كه‌ ده‌بێت به ‌زه‌ره‌ر بیانفرۆشین". 
 
قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆی نێوان شاره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ چه‌ند مانگێك وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری كۆرۆنا، زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر فرۆشی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ هەبووە‌، كه ‌كڕیاری سه‌ره‌كییان عه‌ره‌ب و بازرگانەکانانی شاره‌كانی عێراق بووه‌، به ‌تایبه‌ت ئۆتۆمبێلی به‌كارهاتووی ئه‌مه‌ریكی و كه‌نه‌دی.
 
ره‌شید سلێمان، خاوه‌نی كۆمپانیای بۆڵزانۆ بۆ بازرگانی و كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ئه‌مه‌ریكی، ده‌ڵێت: "‌ساڵی رابردوو 54 ئۆتۆمبێلمان له ‌ئه‌مه‌ریكا هاورده‌ كرد، به‌هۆی بێ بازاڕی تائێستا 19 ئۆتۆمبێلمان نه‌فرۆشراون، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ‌ساڵی رابردوو بەهۆی کۆرۆناوە بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك رێگه‌یان نه‌دا بازرگان و كڕیارانی عه‌ره‌ب بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان".
 
‌وه‌ستا ره‌شید، گله‌یی ئه‌وه‌ی له‌ حكومه‌ت هه‌یه‌، كه ‌سه‌ره‌ڕای بێ بازاڕی ئاماده‌ نه‌بووه‌ له ‌هیچ باج و ره‌سمێكی خۆی خۆش بێت و ده‌ڵێت: "بۆ كرێی هه‌ڵواسینی تابلۆ 650 هه‌زار و بۆ پاره‌ی چوار مانگی كاره‌با ملیۆنیك و 650 هه‌زار دینارم داوه، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ باج، پارەی نوێكردنه‌و‌ەی مۆڵەت و كرێی باڵه‌خانه‌، بۆیه‌ بڕیارمداوه‌ دوای فرۆشتنی ئۆتۆمبێله‌كانم چیدی ئۆتۆمبێل هاورده‌ نه‌كه‌م و كۆمپانیا و پێشه‌نگاكه‌شم دابخه‌م".
 
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، كه‌ لایه‌نی سه‌ره‌كی رێگه‌پێدراوه‌ بۆ مۆڵه‌تی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل، ساڵی رابردوو بازرگان و كۆمپانیاكان له ‌رێگه‌ی 991 مۆڵه‌تەوە 104,431 ئوتۆمبێلی تازه‌ و به‌كارهاتوویان هاورده‌ كردووه.
 
ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌راورد به‌ ساڵی 2019 به‌ رێژه‌ی 34% کەمی کردووە، لە ساڵی 2019دا 158 هەزار و 242 ئۆتۆمبێل هاوردەکرابوون.
 
له‌داتاكانی وه‌زاره‌تی بازرگانی زۆر به‌ روونی كاردانه‌وه‌ی كه‌ره‌نتین و قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆی نێوان شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌رده‌كه‌وێت، به‌جۆرێك له‌ هه‌ر دوو مانگی كانوونی دووه‌م و شوباتدا 19,276 ئۆتۆمبێل هاورده‌كراون‌، به‌ڵام مانگه‌كانی ئادار و نیسان و ئایار و حوزه‌یران ته‌نیا 13,892 ئۆتۆمبێل هاورده‌كراون.
 
هه‌روه‌ها كۆی ژماره‌ی ئۆتۆمبێلی هاورده‌كراو له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌مدا ته‌نیا 33,168‌ ئۆتۆمبێل بووه‌، به‌ڵام له ‌شه‌ش مانگی دووه‌مدا 71,263 ئۆتۆمبێل بووه، واته‌ هاورده‌ی ئۆتۆمبێل له ‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌مدا به‌راورد به‌ شه‌ش مانگی دووه‌م به‌ رێژه‌ی 53.5% كه‌متربووه‌.
 
فه‌تحی محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، به‌ رووداوی گوت: "رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا كاردانه‌وه‌ی زۆر خراپی له‌سه‌ر بازرگانیی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل هەبووە، ئه‌مه‌ش زیانی به‌ ئابووریی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه‌، چونكه‌ به‌شێكی زۆر له‌و ئۆتۆمبێلانەی بازرگانان هاورده‌ی ده‌كه‌ن، جارێکی دیكه‌ هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌كرێت".‌ 
 
به‌ مەزەندەی فه‌تحی محه‌ممه‌د ساڵی رابردوو بایی زیاتر له ‌3 ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل و پارچه‌ی یه‌ده‌گی ئۆتۆمبێل هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.
 
‌فه‌تحی محه‌ممه‌د ده‌ڵێت: "‌ساڵی رابردوو بازرگانان زیاتر له ‌100 هه‌زار ئۆتۆمبێلیان هاورده‌كردووه‌، ئەگەر نرخی هه‌ر ئۆتۆمبێلێك به تێكڕا بە ‌2 هه‌زار دۆلار هه‌ژمار بكه‌ین ده‌كاته‌ 2 ملیار دۆلار، بێگومان بایی زیاتر له‌ ملیارێك دۆلاریش پارچه‌ی یه‌ده‌گ و ئۆتۆمبێلی سیكراب هێنراوه‌".‌ 
 
به‌هۆی ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانییه‌ی له‌‌و چه‌ند ساڵەی رابردوو له ‌بواری هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست بوو، هه‌ندێك له ‌سه‌رمایه‌دار و بازرگانان بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی بازاڕێكی ئازادی ئۆتۆمبێلیان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی كردووه‌.
 
فه‌تحی محه‌ممه‌د ده‌ڵێت: "ئامانج له‌ دامه‌زراندنی ئه‌م بازاڕه‌ ئازاده‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ سه‌نته‌رێك بۆ ‌بازرگانی هاورده ‌و هه‌نارده‌ی ئۆتۆمبێل دواجار جێگەی دووبه‌ی بگرێته‌وه‌ و له ‌كوردستانه‌وه‌ ئۆتۆمبێل هه‌نارده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ندێ وڵاتی ئاسیا و ئه‌فه‌ریقیا بكرێت، به‌پشت به‌ستن به‌و بنه‌مایه‌ی به‌راورد بە وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری زیاتر بۆ بازرگانان هه‌یه‌ و ره‌سمی گومرگیش كه‌متر وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ساڵی رابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا نه‌مانتوانی كار له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بكه‌ین".  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.