یەکێتیی وەبەرهێنەران: پێدانەوەی مۆڵەت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون مایەپووچبوونی کۆمپانیاکانی لێدەکەوێتەوە

17-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی ساڵێکە پێدانی مۆڵەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون راگیراوە. گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، دەستپێکردنەوەی پێدانی مۆڵەت مەترسیی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکانی لێدەکەوێتەوە. بەرپرسێکی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران پێدانی مۆڵەت راگیراوە و بە فەرمانی ئەویش دەستپێدەکاتەوە.
 
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گرنگە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان بەردەوامی بە راگرتنی مۆڵەت بدات، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی کەرتی نیشتەجێبوون."
 
بە گوتەی مەلا یاسین، پێنەدانی مۆڵەت وەکو خۆی نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و لە "هەندێک لە شارە گەورەکان تاک و تەرا مۆڵەت دەدرێت." گوتیشی، "پێدانی مۆڵەت بە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان و فرۆشتن بە قیستی درێژخایەن گرنگە و پشتیوانیی دەکەین، بەڵام نابێت مۆڵەت بدرێتە پڕۆژە بەها بەرزەکان."
 
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان داوای کرد، تاوەکو پێنج ساڵی دیکەش مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، کە نرخیان بەرزە، نەدرێت. گوتیشی، "مۆڵەتدان بکرێتەوە، زیانی گەورە بەر وەبەرهێنەران دەکەوێت، بەتایبەت ئەوانەی پڕۆژەکانیان تازە تەواو بوون یان کاری تێدا دەکەن، ئەو کاتە پێدەچێت دەیان کۆمپانیای گەورە مایەپووچ ببن."
 
مەلا یاسین مەحموود کە خۆی یەکێکە لە وەبەرهێنەرە دیارەکانی کوردستان دەڵێت، "ئێستا کڕیار لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە. عەرەب دەگەڕێنەوە و زۆرینەیان یەکە نیشتەجێبووکانیان داناوە بۆ فرۆشتن و کڕیاریش نییە، بۆیە پێدانەوەی مۆڵەت بە دروستکردنی پڕۆژەی بەها بەرز زیانی گەورە و مەترسیداری بۆ وەبەهێنەران، حکومەت و کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان لێ دەکەوێتەوە."
 
هاوکات بەرپرسێک لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راگیرانی پێدانی مۆڵەت بە دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و بۆ رێکخستنەوەی ئەو کەرتە دەرکراوە و لە داهاتووشدا دوای رێکخستنەوەی کەرتەکە بە فەرمانی ئەو دەکرێتەوە، بەڵام دیار نییە کەی و چۆن دەبێت."
 
لە هەرێمی کوردستان 220 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە و زۆرینەیان تەواو کراون؛ لەو ژمارەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 37 مۆڵەتیان دراون.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و زیاتر لە نیوەیان لە هەولێر بوون؛ لە هەمان ماوەدا زۆرترین ڤێلا لە هەولێر دروستکراون کە 10 هەزار و 751 ڤێلا بوون؛ لە سلێمانی سێ هەزار و 599 ڤێلا و لە دهۆک 595 ڤێلا دروستکراون؛ لە هەڵەبجەش هیچ ڤێلایەک دروستنەکراوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 111 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر دروستکراون، لە سلێمانی زیاتر لە 53 هەزار، لە دهۆک زیاتر لە 26 هەزار، لە هەڵەبجە 336 یەکەی نیشتەجێبوون، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 9 هەزار یەکە؛ ئیدارەی سۆران زیاتر لە هەزار یەکە، ئیدارەی زاخۆ زیاتر لە 7 هەزار و لە ئیدارەی راپەڕینیش زیاتر لە دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە