رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ ساڵ توێژینه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دەڵێت سه‌ركه‌وتوو بوون له چاندنی رووه‌كی ستیڤیا، كه ده‌تواندرێت له پێكهاته‌كه‌یدا شه‌كرێكی سروشتی به‌رهه‌م بهێندرێت 300 جار له شه‌كری ئاسایی شیرینتره و له‌جیهاندا به جێگره‌وەی شەکری ئاسایی ناسراوە.
ستیڤیا (Stevia) رووه‌كێکی یه‌ك وه‌رزه‌ی ده‌وه‌نییه، ناوه زانستییه‌كه‌ی (stevia rebaudiana)ە و له خێزانی (Lamiaceae)ە كه رووه‌كه‌كانی وه‌ك جاتره، ریحان و نه‌عنا‌ع و پونگ و لاڤنده‌ر دەگرێتەەوە و پتر به رووه‌كی پزیشكی ناسراون.
نیشتمانی ره‌سه‌نی ئه‌م رووه‌كه به‌رازیل و په‌را‌گواییه، به‌ڵام به‌هۆی سووده ته‌ندروستی و ئابوورییه‌كانی، ئێستا له زۆر وڵات دەچێندرێت.
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه زانستییه‌كان سه‌لمێنراوه له گه‌ڵای رووه‌كی ستیڤیا ده‌تواندرێت جۆرە شه‌كرێکی سرووشتی به‌رهه‌م بهێندرێت، كه 300 جار له شه‌كری پیشه‌سازیی ئاسایی شیرینتره.
شه‌كری ستیڤیا له جۆری سرووشتییە و ژماره‌ی یه‌كه‌ی گەر‌مۆكه‌یی کەمترە لە شەکری ئاسایی، بۆیه به‌كارهێنانی بۆ ته‌ندروستیی مرۆڤ به‌تایبه‌تی ئەوانەی شه‌كرەیان هەیە به‌سووده.
شێرزاد سڵاح، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی دارستان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر، ده‌ڵێت: "ئامانجمان له توێژینه‌وه‌کە ئه‌وه بوو جووتیارانی كوردستانیش روو له چاندنی ئه‌م رووه‌كه بكه‌ن، چونكه له پێكهاته‌ی گه‌ڵاكه‌یدا ده‌تواندرێت شه‌كرێكی سروشتی به‌رهه‌مبهێندرێت، كه زۆر سەلامەتترە لە شەکری پیشەسازی و له جیهاندا وه‌ك جێگره‌وه‌ی شه‌كری ئاسایی له سه‌ده‌ی 21 تۆماركراوه".
ئه‌م رووه‌كه له هه‌موو خاكێك ده‌ڕوێت، به‌ڵام كه‌مێك حه‌زی به خاكی لمی و كه‌شوهه‌وای گه‌رمه، به مه‌رجێك پله‌ی گه‌رمییه‌كه‌ی له 45 پله زیاتر نه‌بێت و نه‌گاته پله‌ی به‌ستنیش.
سووری ژیانی رووەکەکە نزیكه‌ی چوار مانگه له‌م ماوه‌یه‌دا باڵای نزیكه‌ی 50 تاوه‌كو 60 سه‌نتیمه‌تر به‌رز ده‌بێته‌وه له باشترین باردا ده‌گاته 80 سه‌نتیمه‌تر.
شێرزاد سڵاح، كه لە بەریتانیا ماسته‌ری له رووه‌كناسی وەرگرتووە، سه‌رپه‌رشتی توێژینه‌وه‌كەی كردووه، ده‌ڵێت: "له ئه‌نجامی توێژینه‌وەکەدا بۆمان ده‌ركه‌وتووه خاك و كه‌شوهه‌وای زۆربەی ناوچه‌کانی هه‌رێمی كوردستان زۆر گونجاوه بۆ چاندنی ئه‌م رووه‌كه، ده‌تواندرێت به‌شێوه‌ی تۆ به رووبه‌ری فراوان بچێندرێت".
به‌پێی توێژینه‌وه‌كه ده‌ركه‌وتووه باشترین كات بۆ چاندنی ئه‌م رووه‌كه له هه‌رێمی كوردستان له نێوان مانگی شوبات و ئادار دایه، جگه له رێگه‌ی توخمه‌زیادبوون له‌كاتی پێویست ده‌تواندرێت به ره‌گ و سه‌وزه زۆربوونیش زیادبكرێت.
شێرزاد سڵاح، ده‌ڵێت: "بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ توێژینه‌وه و تاقیكردنه‌وه‌ی ته‌واومان له‌سه‌ر ئه‌م رووه‌كه كردووه، چاندنی له هه‌رێمی كوردستان زۆر سه‌ركه‌وتوو و بێ گرفته، به‌ڵام ئه‌و هۆكارەی وایكردووه تائێستا ئه‌م رووەكه نه‌خه‌ینه به‌رده‌ستی جووتیار بۆ چاندن، ئه‌وه‌یه كه تۆوی به‌رده‌ستمان كه‌مه و به‌رهه‌می ئه‌م رووه‌كه‌ش له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كورستان هێشتا زۆر ناسراو نییه، زیاتر بۆ مه‌به‌ستی پزیشكی به‌كاردێت".
لایه‌نی هه‌ره باشی ئه‌م رووه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه به‌رگرییه‌كی باشی بۆ نه‌خۆشییه‌كان هه‌یه ، چاندنی پێویستی به خزمه‌تی زۆر نییه، كرداره كشتوكاڵییه‌كانیشی زۆر ئاسانه.
شێرزاد سڵاح، ده‌ڵێت: "كاتی چاندن و كرداره كشتوكاڵییه‌كان رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه بۆ كواڵێتی شه‌كری ستیڤیا بۆ نمونه ئه‌گه‌ر له‌كاتی خۆی دره‌نگتر بیچێنیت و سه‌رمای به‌سه‌ر‌دابێت كوالێتیی شه‌كره‌كه‌ی دادەبەزێت".
بەکارهێنانی شەکری ستیڤیا وەک جێگرەوەی شەکری ئاسایی سوودی زۆری هەیە ئەگەر لە خواردنیدا زێدەڕۆیی نەکرێت، یەکێک لە سوودە بنەڕەتییەکانیشی دابەزاندنی کێشی جەستەیە.
بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی 2019 کۆتاییهاتووە دەرکەوتووە ماددەیەکی نێو رووەکی ستیڤیا کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبووە بەسەر پرۆسەی لەنێوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان، ئەویش بە داخستنی چەند رێگەیەکی مایتۆکۆندریایی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان.
شێرزاد سڵاح، ده‌ڵێت: "له هه‌رێمی كوردستان دوو كۆمپانیای دروستكردنی ده‌رمان هه‌ن، ده‌توانن زۆر به‌ئاسانی بۆ بواری پزیشكی و دروستكردنی شه‌كری ستیڤیا و سوود له گه‌ڵای ئه‌م رووه‌كه ببینن". گوتیشی: "به‌نیازین سه‌ردانیان بكه‌ین و لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵ بکەین".
به‌هۆی سووده ته‌ندروستییه‌كانی، رێكخراوی سه‌لامه‌تی خۆراكی ئه‌وروپی، له ساڵی 2011 به‌شێوه‌ی فه‌رمی رێگه‌ی به وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا داوه، كه شه‌كری ستیڤیا وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ شه‌كری ئاسایی له پیشه‌سازیی خۆراك به تایبه‌ت دروستكردنی شیرنه‌مه‌نییه‌كان و خواردنه‌وه گازییه‌كان به‌كاربهێنن. ئه‌م بڕیاره‌ش هانی وڵاتانی ئه‌وروپای دا زیاتر گرنگی به چاندنی رووه‌كی ستیڤیا بده‌ن.
به‌ڵام سه‌ره‌رای سووده ته‌ندروستییه‌كانی، زانایان هۆشداری له زێده‌ڕۆیی لە خواردنی راسته‌وخۆی گه‌ڵای رووه‌كی ستیڤیا به‌شێوه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌ده‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته هۆی دابه‌زاندنی پاڵه‌په‌ستۆی خوێن و دواجار مردنی لێ بكه‌وێته‌وه. به‌م هۆیه‌شه‌وه وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئاگاداری جووتیارانی چاندنی ستیڤیایان كردووه‌تەوە، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رهه‌می ئه‌م رووه‌كه به‌شێوه‌ی راسته‌خۆ به خه‌ڵك نه‌فرۆشن.
هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له رێكخراوی سه‌لامه‌تی خۆراكی ئه‌وروپی EFDA و ده‌زگای خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مه‌ریكی FDA جه‌ختیان له‌وەه كردووه‌ته‌وه، كه نابێت زێده‌ڕۆیی له به‌كارهێنانی شه‌كری ستیڤیای ئاماده‌كراویش بكرێت، به‌جۆرێك له ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا نابێت زیاتر له 4 مللیگرام بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك كێش به‌كاربهێندرێت، واته ئه‌گه‌ر كه‌سێك كێشی 70 كیلۆ بێت، بۆی هه‌یه رۆژانه ته‌نیا 280 مللیگرام له‌و شه‌كره به‌كاربهێنێت.
بۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نه‌خۆشیی دڵ و شه‌كره و به‌رزه‌په‌ستانی خوێنیان هه‌یه ده‌بێت له‌ژێر رێنمایی پزیشك ئه‌م شه‌كره به‌كاربهێنن، چونكه له‌وانه‌یه كارلێک له‌گه‌ڵ ده‌رمانه‌كان دروستبكات و زیان بە نەخۆشەکە بگەیێنێت.
كیلۆیه‌ك شه‌كری ستیڤیا له‌كوردستان به 100 هه‌زار دیناره
له بازاڕه‌كانی كوردستان شه‌كری ستیڤیا به‌شێوازی ئاماده‌كراو و پاو‌ده‌ر هه‌یه، به‌شێك له خه‌ڵك له‌ژێر رێنماییی پزیشكان بۆ مه‌به‌ستی ته‌ندروستی به‌كاری ده‌هێنێت، به‌ڵام هێشتا له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م جۆره شه‌كره بۆ خواردن زۆر ناسراو نییه و نرخیشی به‌رزه، بۆیه ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م له خه‌ڵك وه‌ك جێگره‌وه‌ی شه‌كری ئاسایی به‌كارده‌هێنن.
موشیر ئیسماعیل، خاوه‌نی پێشه‌نگای گوڵه‌هه‌نگ بۆ فرۆشتنی ده‌رمانی گیایی، ده‌ڵێت "له‌هه‌رێمی كوردستان كیلۆیەک شەکری ستیڤیا بە 100 هه‌زار دینارە، به‌شێوه‌ی پاو‌ده‌ریش هه‌یه كیلۆی به 80 هه‌زار دیناره، بەڵام زۆرتر بۆ مه‌به‌ستی پزیشكی به‌كاردێت".
چوار ساڵ به‌ر له‌ئێستا تۆوی رووه‌كی ستیڤیا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی رووه‌كناسانی كوردستان له چینه‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر هێنراوه، به‌و ئامانجه‌ی توێژینه‌وەی له‌سه‌ر بکرێت و ئەگەر سەرکەوتوو بوو، لێرە بچێندرێت.
موشیر ئیسماعیل، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی رووه‌كناسانی كوردستان، كه خاوه‌نی بیرۆكه‌ی هێنانی تۆی رووه‌كی ستیڤیایه بۆ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت: "به‌هۆی زیانه ته‌ندروستییه‌كانی ماوه‌ی 10 ساڵه وازم له خواردنی شه‌كری ئاسایی هێناوه، بۆیه هه‌میشه به‌دوای جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ شه‌كر ده‌گه‌ڕام".
موشیر ئیسماعیل کاتێک شه‌كری ستیڤیای ده‌ستكه‌وت، بڕیاردەدات تۆوی شەکرەکە لە چینەوە بۆ کوردستان بهێنێت، بەبێ به‌رامبه‌ر دەیداتە توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر.
ستیڤیا.. شەکرێکی ئابووری و کەم زیان
له جیهاندا دوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی به‌ده‌ستهێنانی شه‌كر هه‌ن، ئه‌وانیش قامیشی شه‌كر و چه‌وه‌نده‌ری شه‌كرن، به‌ڵام شه‌كری ئه‌م رووه‌كانه وه‌ك شه‌كری ستیڤیا سوودمه‌ند نین.
پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. رابه‌ر فه‌تاح، مامۆستا له به‌شی به‌روبوومی كێڵگه‌یی كۆلێژی زانسته کشتوكاڵییەکانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، ده‌ڵێت: "گرنگی شه‌كری سرووشتیی ستیڤیا له‌وه‌دایه شه‌كره‌كه له جۆری فره‌كتۆزه و سوودی بۆ جەستەی مرۆڤ هه‌یه، له‌هه‌مانكاتیشدا شه‌كرێكی زۆر ئابوورییه، چونكه رێژه‌ی شیرینیه‌كه‌ی 200 جار له شه‌كری ئاسایی شیرینتره، كه‌واته به به‌كارهێنانی برێكی زۆر كه‌م ده‌تواندرێت هه‌مان سوودی شه‌كری ئاسایی هه‌بێت".
شه‌كری ستیڤیا رێژەیەکی زۆر كه‌م كالۆری تێدایە ئه‌وه‌ش واده‌كات به‌كارهێنه‌ران كێشیان زیاد نه‌كات و له‌شولارێكی رێكیان هه‌بێت.
دكتۆر رابه‌ر فه‌تاح، ده‌ڵێت: "زۆر گرنگه له هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م رووه‌كه بچێندرێت، به‌تایبه‌تیش وه‌ك له توێژینه‌وه‌كان سه‌لمێنراوه كه‌شوهه‌وای كوردستان گونجاوه بۆ چاندن و به‌رهه‌مهینانی ئه‌م جۆره رووه‌كه ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ