رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق 315 ملیار و 255 ملیۆن دیناری گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە؛ 45 ملیاری دیکەی کراوە بە چەک و 174 ملیار و 507 ملیۆن دیناریش نەدراوە.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو 45 ملیار دینارەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە، کرا بە چەک و ئەمڕۆ (یەکشەممە، 13-10-2024) بۆ رێکارە کارگێڕییەکان، چەکەکە دەبەنە بانک.
ئەو گوژمەیەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە، 20 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت؛ 15 ملیاری بۆ پارێزگای هەولێر و 10 ملیارەکەی دیکەی بۆ دهۆک دەبێت. نەسرین ئەحمەد گوتی، "ئەگەر کێشە دروست نەبێت، بۆ وەرگرتنی پارەکە 3 رۆژ پێویستە."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق تۆنی گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە 700 هەزار دینار کڕی. ئەو بڕەی لە هەرێمی کوردستان وەریگرت 699 هەزار و 660 تۆن بوو.
گەنمی وەرگیراو لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بوو: 282 هەزار و 600 تۆنی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 228 هەزار تۆنی هەولێر و 189 هەزار تۆنی دهۆک.
کۆی پارەی گەنمی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق 489 ملیار و 762 ملیۆن دینار بوو. تاوەکو ئەمڕۆ زۆرینەی خەرجکراوە (یان بڕیاری خەرجکردنی دراوە) کە 315 ملیار و 255 ملیۆن دینار بووە.
پارەی خەرجکراوی گەنم بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە: سلێمانی و هەڵەبجە 143 ملیار و 841 ملیۆن دینار، هەولێر 96 ملیار و 373 ملیۆن دینار و دهۆکیش 75 ملیار و 41 ملیار دینار.
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ـی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ـی تەممووز بوو.
پار، 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ