بانکی بازرگانیی عێراق ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات

13-05-2024
ئارێز خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی بازرگانیی عێراق دەڵێت، تەنیا لە رێگەی ''هەژماری من''ـەوە هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە. گوتیشی هەرچەند فەرمانبەرێک بیانەوێت، دەتوانن لای ئەوان هەژماری بانکی بکەنەوە، ژمارەکە سنووردار نییە.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە لقی هەولێری بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بە رووداوی راگەیاند: ''کردنەوەی هەژماری بانکیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لای ئێمە، لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە دەبێت.''
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: ''تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو مووچەخۆرانەی لە رێگەی پڕۆژەکەوە هەژماری بانکییان بۆ دەکەینەوە، هەمان خزمەتگوزارییان پێشکێش دەکرێت کە پێشکێشی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراقی دەکەین یان نا.''
 
لە 27ی ئاداری ئەم ساڵ، بانکی تی بی ئای بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە، کە دەیانەوێت بەشداری لە پرۆسەی بەجێکردنی مووچە بکەن. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش لە 28ی مانگی چوار، لە رێگەی نووسراوێکەوە رایگەیاند، رەزامەندن بانکی بازرگانیی عێراق بەشداری لە پرۆژەی ''هەژماری من'' بکات.
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە تیمی ''هەژماری من'' بە رووداویان داوە، لەماوەی یەک هەفتەدا 181 مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە بانکی تی بی ئای هەژماریان کردووەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەی یەک ساڵ و دوو مانگدا نزیکەی 400 هەزار مووچەخۆر ناویان لە پڕۆژەی ''هەژماری من'' تۆمار کردووە و 220 هەزار کارتی بانکیش بە خاوەنەکانیان دراوەتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو لە لقی هەولێری بانکی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کردنەوەی هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە تی بی ئای سنووردار نییە و هەرچەند فەرمانبەرێک بیانەوێت، دەتوانن لە بانکەکە هەژمار بکەنەوە. گوتیشی، ''لە پلانماندایە ئامێری ئەی تی ئێمی [راکێشانی پارە] زیاتر لە هەرێمی کوردستان بەردەست بکەین.''
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوێنێ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران رایگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە ئەم هەوڵەمان داوە. نزیکەی 400 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناونووس کراون بە رێگەی بانکی بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی خۆیان وەربگرن. ئەوەی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە، دروستکردنی توانای ئابووری بۆ هاووڵاتییانە، پێدانی هێزی ئابوورییە بە هاووڵاتییان.''

 

 
یەکێک لە گرفتەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بابەتی بەجێکردنی مووچەکانیانە، کە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە بڕیاری لێدراوە.
 
پێشتر بۆ دابەشکردنی مووچە (بەجێکردن) لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ناکۆکی هەبوو، هەرێمی کوردستان دەیویست مووچە لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـەوە بدرێت، بەغداش دەیگوت لە رێگەی سێ بانکی حکومیی رافیدەین، رەشید و تی بی ئای-یەوە بێت. بەڵام ئێستا بەشداریکردنی بانکی بازرگانیی عێراق لە پڕۆژەکەدا، بەشێک لە کێشەکانی چارەسەر کردووە.
 
هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، لە قۆناخی یەکەمدا نووسراوی فەرمی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کراوە، تێیدا ئاماژە بە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

فرۆشتنى دۆلار بە نرخى فەرمى بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد

فرۆشتنى دۆلار بە نرخى فەرمى لە هەردوو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی سلێمانى و هەولێر دەستیپێکرد و هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەتوانن بۆ گەشتەکانیان بۆ دەرەوەى وڵات وەری بگرن. گەشتیاران دەتوانن بڕى 3000 دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕن، کە زیاتر لە 500 هەزار دینارى لە نرخى دۆلار لە بازاڕ کەمترە