له‌ هه‌رێمی كوردستان خواست له‌سه‌ر هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی كلاسیکی زیادبووه‌

12-03-2021
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ئۆتۆمبێلی کلاسیکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دیزاینە ناوازەکانیان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بیره‌‌وه‌ر‌ییه‌كانی رابردوو، خواستی له‌سه‌ر كڕینی ئۆتۆمبێله‌ کلاسیکییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان زیادكردووه‌، به‌م هۆیه‌‌وه‌ له ‌چه‌ند ساڵی رابردوو به‌ سه‌تان ئۆتۆمبێلی خوار مۆدیل حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له  ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا هاورده‌ كراون.
 
ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی هاورده‌كراون، به‌شێكیان له‌ گه‌راجی ماڵ‌ و باخەکانی راگیراون، خاوه‌نه‌كانیان جاربه‌جار وه‌ك یادگاری  یان نمایش  پیاسه‌یه‌كی ناو بازاڕ و شه‌قامه‌كانی پێده‌كه‌ن و به‌شێکیشیان لە پێشەنگاکان  بۆ جوانی و فرۆشتن نمایش كراون.   
 
ڤه‌هێل محه‌ممه‌د، بەڕێوەبەری فرۆشتن له‌ كۆمپانیای محه‌ممه‌د عومه‌ر، بۆ بازرگانیی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل، چوار مانگە ئۆتۆمبێلێكی جۆری فۆرد مێركۆری مۆنۆراجی مۆدێل 1954 له ‌كه‌نەدا هاورده ‌كردووه‌، ده‌ڵێت: "له‌ منداڵییه‌وه‌ حه‌زم لە ئۆتۆمبێلی كلاسیكە، ئاواتم ئه‌وه‌ بوو رۆژێك ببمه‌ خاوه‌نی ئۆتۆمبێلێكی كلاسیك‌، ‌‌خۆشبه‌ختانه‌ ئاواته‌کەم هاتەدی‌".
 
‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ڤه‌هێل بەرهەمی کۆمپانیای فۆردی ئەمریکییە، 8 پستۆنه ‌و گێڕ ئۆتۆماتیكه.‌ له‌‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێله‌‌ له ‌ئه‌مریكا و كه‌نەدا بە دەگمەن ماون. ڤەهێل لە رێگەی هاوڕێیەکییەوە لە کەنەدا ئۆتۆمبێلەکەی دۆزیوەتەوە و کڕیویەتی.
 
ڤه‌هێل نزیکەی 20 هەزار دۆلاری بە ئۆتۆمبێلەکە داوە، نزیکەی 10 هەزار دۆلاریشی لە گومرگ و کرێی گواستنەوە و تابلۆکردن، خەرجکردووە. هەرچەندە 4  هەزار دۆلار قازانجیان داوەتێ، بەڵام ڤەهێڵ ئامادە نییە ئۆتۆمبێلەکە بفرۆشێت و دەڵێت: "بۆ حەزی خۆم كڕیومه‌ و نایفرۆشم".‌
 
‌به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناو‌خۆ ئه‌و جۆرە ئۆتۆمبێلانه‌ دوای هاوردەکردنیان، تاوەکو 5 ساڵ نابێت كڕین و فرۆشتنیان پێبكرێت‌، به‌ڵام له ‌هه‌ندێک پێشانگا بۆ فرۆشتن نمایش كراون و هەندێکیان به ‌پاره‌ی خه‌یاڵی ده‌فرۆشرێن.
 
‌ڤه‌هیل محه‌ممه‌د، ده‌ڵێت: "ئاگادارم ئۆتۆمبێلێكی كلاسیكی مۆدێل 1970 له‌ جۆری لینكۆڵن كه ‌زۆر پاك بوو به 55 هه‌زار دۆلار فرۆشرا".
 
به‌پێی رێنماییه‌كانی وەزارەتی ناوخۆ هه‌موو كۆمپانیایه‌كی بازرگانیی ئۆتۆمبێل، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی وه‌زیری ناو‌خۆ، بۆی‌ هه‌یه‌ ساڵانه‌ ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل کۆن هاورده‌ بكات.
 
ماركه‌ و جۆری ئۆتۆمبێله‌ كلاسیكییه‌كان زۆرن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئۆتۆمبێله ‌ئه‌وروپییه‌كان زیاتر خواست له‌سه‌ر مارسێدسه.‌‌ له ‌ئه‌مریكییه‌كانیش زیاتر خواست له‌سه‌ر هاورده‌كردنی لینكۆڵن و كادیلاك و شیفرولێت و فۆرده‌.
 
كۆمپانیا له‌نده‌ن ئۆتۆ، یه‌كێك له‌و كۆمپانیایانه‌یە گرنگی به ‌فرۆشتنی ئه‌م جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌دات. له‌ دوو ساڵی رابردوودا 3 ئۆتۆمبێلی كلاسیكی له‌ ئه‌مه‌ریكا هاورده‌كردووه‌، شیفرولێتێكی مۆدێل 1928 و كاديلاکێکی مۆدێل 1977 و كلایزه‌رێكی مۆدێل 1975.
 
حوسێن حه‌سه‌ن، خاوه‌نی كۆمپانیا و پێشه‌نگای له‌نده‌ن ئۆتۆ، ده‌ڵێت: "ئه‌م ئۆتۆمبێلانه‌ له ‌شوێنی خۆیان گرانن و لێره‌ش كاتی خۆی دوو قات گومرگیان لێوه‌ردەگرتین، بۆیه‌ نرخیان گرانه‌".
 
له ‌كۆمپانیاكه‌ی حوسێن، ئۆتۆمبێلێكی كادیلاكی مۆدێل 1970 هه‌یه‌ به ‌50 هه‌زار دۆلار بۆ فرۆشتن نمایشکراوە‌. حوسێن حه‌سه‌ن ده‌ڵێت: "ئەو ئۆتۆمبێله‌ كلاسیكیانه‌‌ كڕیاری تایبه‌تییان هه‌یه‌، هه‌ندێ كه‌س بۆ حەزی خۆی ده‌یكڕێت، هەشە  بۆ نمایشكردن له ‌به‌رده‌م هۆتێل یان رێستوڕانت یان پێشانگاکەی". 
 
یه‌كێك له ‌مه‌رجه‌كانی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی كلاسیكی ئه‌و‌ه‌یه‌ ده‌بێت مۆڵه‌تی وه‌زیری ناو‌خۆی بۆ وه‌ربگیرێت، ئه‌م مۆڵه‌ته‌ش نادرێته‌ هه‌موو كه‌س، بۆیه‌ هاورده‌كردنیان سنورداره‌.
 
حوسێن حه‌سه‌ن، ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئەو مەرجە نەمێنێت، ژماره‌یه‌كی زۆر لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانه هاوردە دەکرێن، چونكه‌ خواست له‌سه‌ر كڕینیان هه‌یه و ‌خه‌ڵكێكی زۆریش حه‌ز به‌ هاورده‌كردن و كڕین و فرۆشتنیان ده‌كات".
 
ئه‌و ئۆتۆمبێلە كلاسیكیانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، دوو جۆرن جۆرێكیان له‌ ئەوروپا و ئەمریکا هاورده‌ كراون، هەندێکیشیان له شارەکانی عێراق هاورده‌ ده‌كرێن.‌
 
سه‌ركه‌وت تاهیر، هه‌وادارێكی ئۆتۆمبێلی كلاسیكه‌ له ‌شاری هه‌ولێر، 5 ئۆتۆمبێلی كلاسیكی هه‌یه‌، ده‌ڵێت: "له ‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر خواست له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی كلاسیكی دروستكراوی ئه‌ڵمانی و ئه‌مه‌ریكییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌رمایه‌دارن و ده‌توانن ره‌زامه‌ندیی وه‌زیری ناو‌خۆ وه‌ربگرن، هاوردهی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ باری پارەیان زۆر نییە له‌ شاره‌كانی عێڕاق ئۆتۆمبێلی كلاسیك ده‌كڕنه‌وه‌ و لێره نۆژه‌نی ده‌كه‌نه‌وه‌".‌
 
بە گوتەی سەرکەوت له‌ ئۆتۆمبێله‌ ئه‌وروپییه‌كان زیاتر خواست له‌سه‌ر هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی مێرسیدسه‌، ئێستا له‌ هه‌ولێر مێرسیدسی مۆدیل 1930 ، 1938 ، 1946، 1955 تاوه‌كو 1974 هه‌یه.‌ له ‌‌ئه‌مریكییه‌كانیش زیاتر خواست له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی شیفرولیت له‌ جۆری بیله‌ری 1955 تاوه‌كو1970 هه‌یه‌، هه‌روه‌ها خواستێكی باش له‌سه‌ر شیفرولیتی كاپریس هه‌یه‌ له‌م جۆرانه‌ش زیاتر خواست له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی سپۆرتی یه‌ك ده‌رگای ئۆتۆماتیكی سه‌ركراوه‌ هه‌یه‌.
 
سەبارەت بە نرخی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە، سەركه‌وت تاهیر، ده‌ڵێت "نرخیان به‌پێی کۆنی و پاكی ئۆتۆمبێله‌كه‌‌ له‌ 6 هه‌زار دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاوەکو ده‌گاته‌ 30 هه‌زار دۆلار".
 
بە گوتەی سەرکەوت کڕیاری ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە زیاتر کەسانی دەوڵەمەندن و دەڵێت: "ماوه‌ی چه‌ند ساڵیكه‌ لای ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شاری هه‌ولێر ئۆتۆمبێلێكی كلاسیك بووەته‌ ‌باو زۆربه‌یان حه‌ز ده‌كه‌ن ئۆتۆمبێلێك یان دوو ئۆتۆمبێلی كلاسیكیی ده‌گمه‌نیان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش هۆكارێك بووه‌ بۆ زیادبوونی خواست له‌سه‌ر هاورده‌كردن و كڕینی ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ كلاسیكانه‌".
 
له ‌زۆربه‌ی وڵاتان ساڵانه‌ پێشه‌نگای تایبه‌ت بۆ نمایشی  ئۆتۆمبێله‌ كلاسیكه‌كان ده‌كرێته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران گه‌شتیار بۆ بینیان رووی تێدەکەن.
 
سه‌ركه‌وت تاهیر، ده‌ڵێت: "ئێستا ژماره‌یه‌كی باشی ئۆتۆمبێلی كلاسیكی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و ئیداره‌ی پارێزگان ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی به‌هار یان وه‌رزه‌كانی دیكه‌ پیشه‌نگایه‌ك بۆ نمایشیان بكاته‌وە، رۆڵی گه‌وره‌یان ده‌بێت بۆ راكیشانی گه‌شتیار".
 
به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناو‌خۆ و دارایی و ئابووری ، بۆ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی كلاسیكی جگە لە رەزامەندی وەزیری ناوخۆ، نابێت ته‌مه‌نی ئۆتۆمبێله‌كه‌ له ‌40  ساڵ كه‌متر بێت، ده‌بێت به‌ڵگه‌ی ره‌سمی ئه‌و وڵاته‌ی له‌گه‌ڵ بێت و ژماره‌ی لاشه‌كه‌ی ره‌سه‌ن بێت.
 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتووچۆی هه‌رێمی كوردستان، خاوه‌نی هیچ داتایه‌ك نییه‌ بۆ ژماره‌ی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ هه‌ندێ وڵات ژماره‌ی تایبه‌ت به‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌درێت.
 
به‌پێی رێنماییه‌كانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هه‌ر ئۆتۆمبێلێكی خوار مۆدێلی رێگەپێدراو هاوردە بکرێت، ده‌بێت دوو قات ره‌سمی گومرگی بدات.
 
ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتیی گومرگی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت: پێشتر‌ به‌پێی رێنماییه‌كان ‌هه‌ر جۆره‌ ئۆتۆمبێلێكی خوار مۆدیلی رێگەپێدراو هاورده ‌بكرابا‌ ‌ دوو قات ره‌سمی گومرگیمان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام وه‌ك هاندانێك بۆ هاورده‌كرنیان  كه‌ شتێكی جوان و ئه‌نتیكه‌ن،   ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی كه ‌40 ساڵ به‌سه‌ر مۆدێله‌كه‌ی تێپه‌ربووه‌ خه‌ڵك بۆ جوانی و نمایشكردنی له‌پێشه‌نگاكان هاوردەیان دەکات ته‌نیا یه‌ك ره‌سمی گومرگی وه‌رده‌گرین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.