FIB: لە دوو مانگدا دەتوانین ملیۆنێک هەژمار بۆ مووچەخۆران بکەینەوە

11-03-2024
رێناس ساڵح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی FIB وەک یەکەمین بانکی دیجیتاڵی ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ کردنەوەی هەژماری ئەلیکترۆنی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری بەشی هەژمارە بازرگانییەکان لە بانکەکە دەڵێت، "هەموو ئامادەییەکمان تێدایە بۆ کردنەوەی هەژمارەکان و بە دوو مانگ دەتوانین یەک ملیۆن هەژمار بکەینەوە."
 
دیاکۆ حەمەتاهیر، بەڕێوەبەری بەشی هەژمارە بازرگانییەکان لە FIB بە رووداوی راگەیاند، 500 هەزار هەژماریان لە کوردستان هەیە، ئەگەر داوایان لێبکرێت ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ کردنەوەی هەژماری ئەلیکترۆنی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو بەرپرسە لە FIB گوتیشی، کردنەوەی هەژمار لای ئەوان تەنیا ماوەی پێنج خولەکی پێویستە، پێویست ناکات مووچەخۆر سەردانی بانک بکات، دواتر حکومەت دەتوانێت دوای کردنەوەی هەژمارەکان زانیاریی فەرمانبەرەکان زیاد بکات.
 
محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ دیاکۆ حەمەتاهیر، لە لقی سلێمانی بانکی FIB گفتوگۆیان کرد لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانن هەژمار بۆ مووچەخۆران بکەنەوە و مووچەخۆر چۆن دواتر ئەگەر ویستی مووچەکەی بکاتەوە بە پارەی کاش.
 
 
دیاکۆ حەمەتاهیر باسی لەوە کرد، "لە هەرێمی کوردستان 385 بنکەمان هەیە پارە دەکەنەوە بە کاش، مووچەخۆر پاش ئەوەی بڕی مووچەکەی دێتە سەر هەژمارەکەی، دەتوانێت لە کاش پۆینتەکانمان مووچەکەی بکاتەوە بە کاش و بۆ راکێشانی 500 هەزار دینار تەنیا 1000 دیناری لێدەبڕێت."
 
 
جگە لەوەی مووچەخۆر دەتوانێت پارەکەی بکاتەوە بە کاش، دەشتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە کاڵا و شتومەکی پێبکڕێت کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 8000 شوێن هەیە کە بتوانیت بە ئەپڵیکەیشنی FIB کاڵا بکڕیت.
 
محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵ دیاکۆ حەمەتاهیر، بەدەم رێگەوە بۆ چوون بۆ مارکێتێک تاوەکو پێشانی بدەن بە بەکارهێنانی FIB چۆن پارەی وردەت بۆ دەگەڕێتەوە پێویستیان بە بەنزین بوو، بەنزینیان کڕی و لە رێگەی مۆبایلەوە بە ئەپلیکەیشنی FIB پارەکەیان دا، نزیکەی 225 دینار قازانجیان کرد، چونکە بڕی ئەو بەنزینەی کڕییان 1650 دیناری کرد، ئەگەر بە کاش پارەکەیان بدایە دەبوو 1750 دینار بدەن بەڵام بە FIB پارەکە وەکو خۆی دەدەن، هیچ عمولەیەک وەرناگیرێت، ئۆفەرێکی FIBیش هەیە تایبەت بە کڕینی بەنزین 25 دینار داشکاندی بۆ دەکرێت.
 
 
لە مارکێت و بازاڕەکان، زۆرجار لە کاتی کڕینی پێداویستییەکان، دەبینرێت کاڵایەک لەسەری نوسراوە 1100 دینار، بەڵام بە کاش بەهۆی نەبوونی پارەی وردەوە ناچار کڕیار 1250 دینار دەدات، بەوەش 150 دینار زەرەر دەکات و رۆژانە بەردەوام ئەمە روودەدات.
 
کاتێک گەیشتن بە مارکێتەکە، دیاکۆ حەمەتاهیر لەسەر رەفەی مارکێتەکە نرخەکانی باسکرد کە چۆن لەسەر ماجییەک نووسراوە بە 63 دینار، بەڵام ئەمە بە کاش چەند دانەش ببەی رێکنابێتەوە، بەڵام FIB وادەکات کەسەکە قازانج بکات، چونکە کەمتر دەکڕێت و ناچار نابێت بۆ رێککردنەوەی پارەکە زۆرتر بکڕێت و پارەی زیاتر بدات.
 
لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح چەند ماجییەک و یەک کێکیان هەڵگرت، تاوەکو پێشانی بدەن چۆن ئەگەر بە FIB پارەکەی بدەن قازانج دەکەن.
 
دیاکۆ حەمەتاهیر، بە هەژماری FIBـەکەی 311 دیناری دا بۆ ماجییەکان، محەممەد شێخ فاتیح ویستی پارەی کێکەکە بە کاش بدات کە لەسەری نووسرابوو 167 دینار، دەبوو 250 دینار بدات، بەڵام بە FIB تەنیا 167 دینارەکە دەدەیت.
 
FIB پرۆژەیەکی تایبەت بە خوێندکاران هەیە کە کارتێکی نێودەوڵەتییە و لە هەموو وڵاتانی جیهان داشکاندنیان بۆ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا FIB هەشت هەزار pos هەیە بۆئەوەی بەکارهێنەرانی بتوانن کاڵاکانیان بکڕن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە یان کارتی بانکی، خاوەن هەژمارەکان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی FIB دەتوانن لەسەر نەخشە شوێنەکان ببین و ژمارەکەش بەردەوام لە زیاد بوونە بە تەنیا لە سلێمانی سەرووی 3800 شوێن هەیە کە کار بە pos دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە