رووداو دیجیتاڵ
بەشەخۆراکی هەشتەمی ئەم ساڵ گەیشتووە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، چاوەڕوانی فەرمانن بۆ دابەشکردن. لە هەولێریش داوا دەکرێت بریکارەکان بۆ وەرگرتنی خۆراک ئامادەبن.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە رۆنی شل، مادەکانی دیکەی بەشە خۆراک ئامادەن و چاوەڕێین لە بەغداوە فەرمانی دابەشکردن بدرێت و دەست بە دابەشکردن بکەین".
هەر ئەمڕۆ دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بریکارەکانی دابەشکاری خۆراکیان ئاگادارکردووەتەوە کە لەم هەفتەیدا پارە ببەنە بەڕێوەبەرایەتییەکە، چونکە هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی خۆراک دەستپێدەکات.
ئەوەی ئەم مانگە دابەش دەکرێت بۆ هەر کەسێک جگە لە نۆ کیلۆ ئارد ئەمانەیە: یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج، یەک لیتر رۆنی شل و یەک کیلۆ نیسک.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی، "ئەم مانگە دۆشاوی تەماتە دابەش ناکرێت، چونکە لەگەڵ بەشی پێشوودا دابەشکرا. هەروەها مانگی پێشوو چوار جۆر پاقلەمەنی دابەشکرا و هەریەکەی 250 گرام بوو، بەڵام بۆ ئەم مانگە یەک جۆرە و یەک کیلۆ نیسکە".
دلێر عەبدولواحید گوتی، "دەبێت بریکارەکان لە رێگەی ڤیزە کارتەوە ئەم هەفتەیە پارە رادەست بکەن، بەپێچەوانەوە بەشەخۆراکی هەشتەمی ئەم ساڵیان بۆ نانێردرێت".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ