رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی سویسرا دەڵێت، دەبێت پڕۆسەی کڕینی بانکی کرێدیت سوێس لە لایەن بانکی UBSـەوە بەبێ بەربەستی سیاسی تێپەڕێت، سبەینێش پەرلەمانی سویسراش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی رەوشی بانکی سویسرا رێکدەخات.
کارین کێڵەر، وەزیری دارایی سویسرا بە رۆژنامەیەکی وڵاتەکەی راگەیاندووە، "رێککەوتنی یەکگرتن لە نێوان هەردوو بانکی کرێدیت سوێس و UBS کراوە." دەشڵێت، لە لایەن خۆیەوە، حکومەتی سویسرا پابەندە بە دابینکردنی سەرمایە بۆ بانکی کرێدیت سوێس و زامنکردنی سەقامگیری نەختینەیی بانکەکە.
بانکی کرێدێت سویس کە 167 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، بەهۆی ناجێگیری بازاڕە داراییەکان لە ساڵی 2022دا 7 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار زیانی کرد. ئەوەش بانکەکەی نزیک کردەوە لە مایەپووچبوون. بانکی (UBS) کە بانکێکی گەورەتری سویسرییە، بۆ رزگارکردنی کرێدێت سویس، بانکەکەی بە بڕی 2.25 ملیار دۆلار کڕی.
تاوەکو ئێستا، نزیکەی 206 ملیار فرانکی سویسری، کە دەکاتە 287 ملیار دۆلار وەکو هاوکاری دراوەتە بانکی کرێدیت سوێس بۆ پشتیوانیکردن لە کڕینەوەی بانکەکە لە لایەن UBS و پاراستن لە مایەپووچبوونی کرێدیت سوێس.
بەهۆی ئەو پێشهاتەوە، بڕیاری سبەی سێشەممە پەرلەمانی سویسرا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێکبخات. دانیشتنەکەی پەرلەمانی سویسرا بۆ ماوەی سێ کاژێرە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی بانکیی سویسرا و جیهان و کڕینی کرێدیت سوێس لە لایەن بانکی UBSـەوە دەکات.
پەرلەمانی سویسرا هەروەها تاوتوێی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستیش دەکات بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە.
وەزیری دارایی سویسرا لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە دەڵێت، کۆبوونەوەی تایبەتی پەرلەمان گرنگە و پێشوازی لە هەر دەرفەتێکیش دەکات بۆ گەیشتن بە راستیی نزیکبوونەوەی کرێدیت سوێس لە مایەپووچبوون.
کێڵەر دەڵێت، "ئێستا پەرلەمان تەنیا دەتوانێت راوێژ بدات لەبارەی پابەندییەکانی قەرزی کرێدیت سوێس، بەڵام دەرفەتی ئەوەشی هەیە سەرنجی خۆی لەسەر کەیسەکە بخاتەڕوو و رۆڵێکی کارا لەم پڕۆسەیەدا بگێڕێت". دەشڵێت، "ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کە سیاسییەکان نایانەوێت رێککەوتنی کڕینی کرێدیت سوێس بخەنە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ