وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا 'دەستبەجێ' نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە بەشە سووتەمەنی هەرێمی کوردستان کرد و بڕیاریاندا، "دەستبەجێ" نەوتی سپی بنێرن و تاوتوێی ناردنی بەنزینیش بکەن. 
 
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەید فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی، موحسین تەها، راوێژکار لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاندەکەی هەرێمی کوردستان بوون و لەگەڵ عەلی معارج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن کۆبوونەوە.
 
بەرپرسێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بڕیاردرا دەستبەجێ بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، کە بڕەکەی 50 ملیۆن لیترە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەبارەی هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان، بریکارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتوویەتی، داوای شاندەکەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن و لە داهاتوودا وەڵامیان دەدەنەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە