رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، پێویستە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا سەرنج بخەنە سەر ئەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی کەمبکەنەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی پۆڵیتیکۆ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە سەرکردەکانی ئەوروپا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا نەرم بکەنەوە و سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت خۆیان لە ناکۆکیی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا و چین بەهۆی تایوانەوە بەدووربگرن.
گوتەکانی ماکرۆن دوای سەردانێکی سێ رۆژەی هات بۆ چین و کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینگ پین، سەرۆکی چین.
ماکرۆن دەشڵێت: "کاتێک دێتە سەر باسی پشتبەستنی جیهان بە دۆلار، دەبێت ئەوروپا پشتبەستنی لەڕادەبەدەری بە دۆلاری ئەمریکی کەمبکاتەوە."
سەرۆککۆماری فەرەنسا باس لەوەش دەکات: "ئەگەر گرژییەکان لەنێوان ئەو دوو زلهێزە [ئەمریکا و چین] هەڵبکشێن، ئەوا نە کات و نە سەرچاوەی پێویستمان دەبێت تاوەکو پشتیوانی دارایی ئۆتۆنۆمییە ستراتیژییەکەمان بکەین."
دەیان ساڵە دراوی دۆلار رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە بازرگانی و سیستمی نەختینەیی جیهان و تاکە دراوی یەدەگی جیهانە زۆرترین بەکارهێنانی لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، بەڵام لەمدواییانەدا کۆمەڵێک جووڵە و هەنگاو بە ئاراستەی کۆتاییهێنانی هەژموونی دۆلار دروستبوون.
بەپێی راپۆرتەکان، گرووپی وڵاتانی بریکس لە هەوڵدایە دراوێکی جێگرەوە دروستبکات کە بەکارهێنانی دۆلار لە جیهاندا سنوورداربکات و رەنگە نرخی کانزا و کاڵاکانی دیکەی پێ دیاری بکرێت.
گرووپی بریکس هاوپەیمانێتییەکی ئابوورییە و ناوەکەی کورتکراوەی وڵاتانی بەشداری گرووپەکەیە؛ بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور.
هاوکات باس لەوەش دەکرێت، ژمارەیەک وڵاتی دیکە، لەوانە سعودیە، ئێران، تورکیا و میسریش ئارەزووی خۆیان لە بوون بە ئەندامی بریکس دەربڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ