رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا دابەزی.
لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە و ئەوەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە دابەزی بۆ 2656 دۆلار.
هەفتەی رابردوو نرخی کانزای زەرد بۆ 2790 دۆلار بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژوودا. لەو کاتەوە نرخی زێڕ 130 دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستداوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕێژەی 0.5٪ دابەزی بۆ 2663 دۆلار.
گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، گومانی دروستکردووە ئایا بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بەردەوام دەبێت لە دابەزاندنی سوودی بانکی یان پاشگەزدەبێتەوە.
کێلڤین وانگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواند) لەو بارەیەوە رایگەیاند، هاتنەوەی ترەمپ بە مانای سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان دێت کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی دابنێت.
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، سیاسەتە ئابوورییەکانی ترەمپ وا لە بانکی ناوەندی دەکات سوودی بانکی بە رێژەی کەمتر کەم بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ