رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 2736 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕە.
هەرچەندە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەهۆی ئەگەری سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپەوە بووە، بەڵام لە کورتخایەن و درێژخایەندا بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی کاپیتاڵ لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ناڕوونی لە سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە: "زێڕ بەشێکە لە سیاسەتی بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ و کورتهێنانی بودجە و ئەو خەرجییانەی کە بەنیازە بیکات دواجار دەبنە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی زێڕ."
بازرگانانی زێڕ هەروەها چاوەڕوانیی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن کە بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەڕێژەیەک کە زیاتر بێت لە ئاستی چاوەڕوانیی بازاڕەکان، دەبێتە هۆکار بۆ پاشەکشەی بەهای دۆلار و نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ